فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتێک لەسەر میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە
شەممە ۲۵-۰۶-۱۴۰۲   |  16-09-2023

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ٢٥ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، هێزەکانی ڕژیم بە تایبەتی هێزەکانی سپای پاسداران بۆ شارەکانی کوردستان گواستراونەتەوە و ئەم هێزانە کەشێکی ترسهێنەر و تۆقاندنیان دروست کردووە. هەروەها لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا زیاتر لە ٩١ هاووڵاتیی لە شارەکانی کوردستان لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی زانیارییەکان، لە بەرەبەری بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا هێزە سەرکوتکارەکانی ڕژیم لە شارەکانی سەقز، بۆکان، مەهاباد، مەریوان، سنە، کرماشان، بیجاڕ، پیرانشار، ئاودانان، سەراوڵە، ئەیوان، کامیاران، ورمێ، پیرانشار، دیواندەرە، سەوڵاوا، و تیکاب جێگیر کراون و ئەم شارانە بە تەواوەتی میلیتاریزە کراون. شایانی باسە، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانان، ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە چەک و چۆڵی قورس و نیزامییەوە بەرەو شاری سەقز گواستراونەتەوە. هەروەها، تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی هێزەکانی سپای پاسداران لە گۆڕستانی ئایچی سەقز و لە نزیک گۆڕی ژینا ئەمینی جێگیرکراون. هەروەها هێزێکی زۆری ڕژیم لەسەر ئاستی شاری سەقز بە تایبەتی لە گۆڕەپانی هەڵۆ، گۆڕەپانی ئازادی، بەردەم گەراج، قەوەخ و گەڕەکی زانکۆ بڵاوەیان پێکراوە. لە شاری مەهاباد، لە ڕێگای پەرژینی ئاسنییەوە دەرگای چوونە ژوورەوەی گۆڕستانی ئەم شارە لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە داخراوە.
هەروەها لە شاری بۆکان ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی ڕژیم جێگیرکراون و پارچەی بتونی لە پێشدا دروستکراو لە پیادەڕۆکانی ئەم شارە کۆکراونەتەوە. هەروەها هەمان دۆخ بەسەر شاری پیرانشاردا سەپێندراوە و ژمارەیەکی زۆری هێزەکانی ڕژیم لەم شارەدا جێگیرکراون. لە شاری سنە هێزەکانی ڕژیم ڕێژەی نیزامییان ئەنجامداوە و بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بەدەستمان گەیشتووە، دەردەکەوێت کە ئەو هێزانە بەشێوەیەکی چڕ لە گەڕەکەکانی فەرەجە، حەسەن ئاوا و گۆڕەپانی ئیقباڵ جێگیر کراون. هەروەها لە ڕۆژی هەینی، دەیان کەس لە هێزەکانی ڕژیم لە گەڕەکەکانی حەسەن ئاوا و فەرەجە دەستیان بە گەشت لێدان کردووە و جەوی ترس و تۆقاندنیان لەم گەڕەکانە بڵاو کردووەتەوە. لە درێژەی ڕەوتی میلیتاریزە کردنی شارەکانی کوردستان، هێزەکانی ڕژیم لەسەر چەند ڕێگایەکی سەرەکی شاری بیجاڕ سەنگەریان بەمەبەستی سەرکوتی خۆپیشاندەران دروست کردووە. هەروەها لە شاری مەریوان، لە ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان ژمارەیەک زۆری هێزەکانی ڕژیم بە چەک و چۆڵی نیزامییەوە لە گۆڕەپانی بێسارانی ئەم شارە جێگیر کراون. شەوی سێشەممە ٢١ی خەرمانان، هێزەکانی ڕژیم لە سەرتاسەری شارەکانی دەوروبەری پارێزگای ئیلامدا جەوی ترس و تۆقاندنیان سەپاندووە. هەروەها ژمارەیەکی زۆری ئەم هێزانە بە دەیان ئۆتۆمبێلەوە هاتوونەتە ناو ئەم شارانە بە تایبەتی ئاودانان و دەستیان بە گەشت لێدان و درووستکردنی خاڵی پشکنین کردووە. ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی خەرمانان، کاروانێکی نیزامی پێکهاتوو لە سێ ئۆتۆمبێلی تایبەتی سەرکوت و مینی بۆسێک لە ناوەندی فەرماندەیی ئینتزامی ئیلامەوە بۆ شاری سەراولە ناوەندی چراودڵ سەر بەم پارێزگایە گواستراوەتەوە لە بینای خەوتنگەی قوتابیانی بەشی فریاگوازارییە خێراکان جێگیر کراون.