سەرەڕای تێپەڕینی یەک ساڵ لە دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا، هەڵسەنگاندنێکی بابەتی لە پێگەی ئەم بزووتنەوەیە هەروەک قابیلی پێشبینی بوو نیشانی دەدات کە ئەم بزووتنەوەیە نەیتوانیوە بە ئامانجە ڕوونەکانی خۆی بگات. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە هەر لە ڕۆژانی سەرەتاوە گەلێک ئامانجی ڕوونی بۆ خۆی دیاریکرد. ئامانجی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، دابینکردنی ئازادی و کۆتاییهێنان بە شێوازە جۆاوجۆرەکانی هەڵاواردن و ستەم لە کۆمەڵگای ئێراندا بوو. دروشمی مەرگ و نەمان بۆ خامنەیی، مەرگ و نەمان بۆ دیکتاتۆر کە بوو بە دروشمی سەرانسەریی ناڕازییان، خواستی ڕووخاندنی ڕژیمی بەڕوونی نیشان دەدا. لەبەر ئەوەیکە خەڵک خامنەیی بە سەمبۆلی دەسەڵات و دیکتاتۆریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی دەناسن. یان دروشمەکانی وەک “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە ڕووسەری نە تووسەری، ئازادی و بەرابەری” و “نان کار ئازادی، ئیدارەی شۆرایی” دەرخەری ناوەرۆکی یەکسانخوازی، ئازادیخوازی و دژایەتی لەگەڵ هەرجۆرە هەڵاواردنێک بوو. بەڵام ئەم بزووتنەوەیە بە ئامانجە ڕوونەکانی خۆی نەگەیشتووە و نەیتوانیوە کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێت. چونکە ئەم ئامانجانەی کە بە ئاشکرا لە دروشمەکاندا ڕەنگدانەوەی بوو، لەگەڵ هێزێک کە هاتبووە مەیدان یەکی نەدەگرتەوە و نەدەگونجا. بۆ وەدیهێنانی ئەم ئامانجە و بۆ ڕووخاندنی ئەم ڕژیمە پێویستە هێزێکی بەرینتر بە ڕێکخستن و ڕێبەریی بەهێزترەوە بێتە مەیدانی نەبەردەوە.
ئەم بزووتنەوەیە هەموو هێزی خۆی نەهێناوەتە مەیدان و پێداویستییەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی فەراهەم نەکردووە. بەڵام ئەگەر بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە نەیتوانیوە ڕژیمی ئیسلامی بڕووخێنێ، ڕژیمییش نەیتوانیوە شکست بە جەماوەری ڕاپەڕیو بێنێ و چاوترسێنیان بکات. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا سەرەڕای دوورکەوتنەوەی لە ناڕەزایەتی و شەڕ و تێکهەڵچوونی ڕۆژانەی سێ مانگی ئەوەڵ لە سەر شەقامەکان، بەشێوەی جۆراوجۆر و بۆ نموونە بەشێوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشینان، بزووتنەوەی موقاومەتی ژنان بەرانبەر بە حیجابی ئیسلامی، درێژەی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە سیستان و بەلوچستان، مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکاری، ناڕەزایەتیی شکۆداری خوێندکاران، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی جۆراوجۆری دیکە درێژەی هەیە. ئەگەر ڕژیم توانیی ناڕەزایەتییەکانی شەقام بەزەبری سەرکوتی خوێناوی دامرکێنێ، ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیەش بە پێشەنگایەتیی ژنان و بەو کردەوە نمادینانەی کە ئەنجامیاندا یەکێک لە پایەکانی نیزامی ئیسلامییان وێرانکرد. ئایدیۆلۆژیی ئیسلامی وەک یەکێک لە بنەما و پایەکانی نیزامی ئیسلامی تێکڕووخا. لەخۆڕا نییە کە مورتەزا جەوادی ئامۆلی ئەندامی شۆرای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی ڕژیمی ئیسلامی وتوویەتی کە: گشت نیزامی ئیسلامی و کۆمەڵگا هاوشێوەی ماڵێکی بوومەلەرزەلێدراوە.
ئەگەر ڕژیم توانیی ناڕەزایەتییەکانی شەقام بەزەبری سەرکوتی خوێناوی دامرکێنێ، جەماوەری ڕاپەڕیویش بە خەبات و خۆڕاگری و بە بوێرییەک کە لەسەر شەقامەکان لەخۆیان نیشانیان دا، بە درێژەی خەبات، بە ناڕەزایەتیی بەردەوام بەتایبەت ژنان بە موقاومەتی بوێرانەیان بەرامبەر بە هێرشی ڕژیم بۆ داسەپاندنی حیجابی ئیسلامی، ناکۆکیی باڵەکانی دەسەڵاتیان پەرەپێدا و یەکڕیزیی هێزە سەرکوتگەرەکانیان تێکدا. کۆبوونەوەی نهێنیی فەرماندەکانی سپای پاسداران و بەسیج لەگەڵ خامنەیی و دانپێدانانیان بە هەڵگەڕانەوە و نافەرمانیی هێزەکانی ڕژیم، سەلمێنەری ئەم حەقیقەتە سادەیەیە. ئەم کۆبوونەوانە و ئەو ڕێکارانەی گرتوویانەتە بەر نیشانی دەدات کە سەرانی حکوومەتی ئیسلامیش لەو ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە دەرسیان وەرگرتووە. بۆیان دەرکەوت کە ناتوانن هاوکات لە چەند بەرەدا شەڕ بکەن. گوشاری ئەم بزووتنەوەیە بە پۆتانسیەلی شۆڕشگێڕانە و بەهێزی، چارەنووسی نیزامی ئیسلامیی بەجۆرێک بەرەوڕووی مەترسیی کردووەتەوە کە کادری ڕێبەریی سپا و خامنەیی بۆ نەجاتدانی نیزام هەموو هێزی خۆیان لە بەرەی شەڕ دژبە ناڕازییان چڕ کردووەتەوە. سیاسەتی لابردنی گرژییەکان و سازانی مەسڵەحەتخوازانە لەگەڵ دەسەڵاتە ڕەقیبەکانی ناوچەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەر لەم ئاخێزە جەماوەرییە لە هەموو ناوەندە قەیراناوییەکانی ناوچەکەدا لەگەڵیان دەرگیری شەڕ بوون، سات و سەودای ئاشکرا و نهێنی لەگەڵ ئەمریکا و باقیی دەسەڵاتەکانی ڕۆژاوا، گۆڕینەوەی زیندانیان و ئازادکردنی پارەی بلۆکەکراو، هەوڵ بۆ پەیوەستبوون بە پەیمانی شانگهای و گرووپی بریکس، هەموو ئەمانە لەڕاستای بەهێزکردنی پێگەی ڕژیم لە نەبەرد بەرانبەربە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستادا قابیلی تەوزیحە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی وەک دژەشۆڕشێک کە لە جەرگەی خەڵتانی خوێنکردنی شۆڕشێکی جەماوەریدا بەدەسەڵات گەیشتووە، هەرگیز لەگەڵ جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا ناسازێ. هەروەک چۆن ئەمڕۆ سازان لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ناوچەکە و جیهانی لەگەڵ پەرەپێدانی سەرکوت لەناوخۆی ئێران ئاوێتە کردووە، سبەینێش هەر جۆرە کرانەوەیەکی بچووک لە ژیانی ئابووریی خەڵک، تەنانەت هاتنە خواری چەند لەسەدیی ڕێژەی تەوەرۆم، بە توندکردنەوە و پەرەپێدانی سەرکوت ئاوێتە دەکات. کەوابوو ئەم ڕژیمە هیچ ڕێگایەکی بۆ پاشەکشەکردنی جەماوەری ڕاپەڕیو نەهێشتووەتەوە. پێویستە خەبات وشیارانەتر، نەخشەمەندتر، ڕێکخراوتر و بە هێنانەمەیدانی هێزێکی چەند بەرابەرەوە درێژەی بێت. بێگومان پشت بەستنی داماوانەی ڕژیم بە تاکتیکی سەرکوت پێگەی خۆی لاوازتر دەکات. بە هاتنە مەیدانی چینی کرێکار بە چەکی مانگرتنی سەرانسەری و بە جەماوەری کردنی ناڕەزایەتییەکانی شەقام دەکرێ ماشێنی سەرکوتی ڕژیم لەکار بخرێت و زەمینگیر بکرێت. پاراستنی پۆتانسیەل و توانای ئەم بزووتنەوەیەش لەو واقعیەتەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە پەرەپێدانی سەرکوت توانیویەتی تا ئاستێک ناڕەزایەتییەکانی شەقام دامرکێنێت و درێژە بە دەسەڵاتەکەی بدات. ئەم بارودۆخە لە حاڵێکدایە کە ترسی جەماوەر ڕژاوە و دەزگای ئایدیۆلۆژیی ڕژیم توانای مەشرووعیەتدان بەم ئەوزاعەی لە دەست داوە. لەم ڕووەوە، ئەگەری هەڵچوونی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵک بەردەوام لەئارادایە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە