یازدەی سێپتامبر، لە شاری سانتیاگۆی پایتەختی شیلی لە پەنجاهەمین ساڵیادی کوودەتای ژنڕاڵ پینوشه دژبە دەوڵەتی “سالوادۆر ئالندە”، ژمارەیەکی بەرین لە خەڵک کۆبوونەوە. لە کاتی ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرەکان بەم بۆنەوە، ئاوازەکانی هونەرمەندی شۆڕشگێڕی شیلی “ڤیکتۆر خارا” کە چوار ڕۆژ دوای کوودەتاکە کوژرا، بەردەوام دەبیسترا. لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیش کۆبوونەوە و وتار بە نیشانەی هاوپشتی لە خەڵکی شیلی و بۆ وەبیرهێنانەوەی هۆکارەکانی شکستی ئالندە و سەرکەوتنی کوودەتاچییان بەرپاکرا. بێگومان بۆ ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لە ئێران، دەرسەکانی ئەم شکستە گرینگ و بەبایەخن.
سالوادۆر ئالندە لە ساڵی ١٩٧٠دا بۆ سەرۆک کۆماری شیلی هەڵبژێردرا. سەرکەوتنی ئەو بە پشتیوانیی بەرەی ئەحزابی چەپ بەناوی “یەکگرتوویی گەل” بەسەرەنجام گەیشت. ئەو دەبوایە تا ساڵی ١٩٧٦ لەم پۆستەدا مابایەوە، بەڵام لە ١١ی سێپتامبری ١٩٧٣دا کۆشکی دەوڵەتیی “لاموندا” لەلایەن فڕۆکە و تانکەکانەوە بوردمان کرا و بەتەواوی وێران بوو. وەک دەوترێ ئەو لە کۆشکی دەوڵەتیدا سەنگەری گرتبوو و بە چەکێک کە هاوڕێکەی فیدل کاستڕۆ پێشتر بەدیاری پێیدا بوو، بەر لەوەیکە کوودەتاچییان دەستیان پێی بگات کۆتایی بە ژیانی هێنا. هێنری کیسینجێر وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە شوێنێک وێڕای ئاماژە بە کوودەتاکەی شیلی وتبووی: „لەوە تێناگەم بۆچی دەبێ دانیشنین و دەست لەسەر دەست دابنێین تا وڵاتێک ببێتە کۆمۆنیستی؟ تەنها بەخاتری نابەرپرسیاربوونی خەڵکەکەی”. بە باوەڕی ئەو بڕیاری خەڵکی شیلی بۆ هەڵبژاردنی ئالندە نیشانەی نابەرپرسبوونیان بووە و جیهانی “پێشکەوتوو”ی ڕۆژئاوا ئیجازە بەخۆی دەدات کە ئەم دەسەڵاتە بە کوودەتایەکی نیزامیی خوێناوی بڕووخێنێت.
بێگومان هەڵوێست و ڕێفۆرمەکانی “ئالندە” بەرانبەر بە نەزمێک بوو کە ئیمپریالیسمی ئەمریکا لە حەیاتی خەڵوەتی خۆیدا، ئەمریکای باشووری دروستکردبوو. ئەو هەر لەو ماوە کورتەدا ئینحساراتی ئەمریکای پووچەڵ کردەوە، زەمینەکانی لە دەستی زەمیندارە گەورەکان دەرهێنا و لە نێوان خەڵکی خۆجێیدا دابەشی کرد. پەروەردەی بەخۆڕایی، خۆراکی ڕۆژانە بۆ منداڵان، بردنەسەری ئاستی حەقدەستی کرێکاران و مووچەی خانەنشینان ئەو ڕێفۆرمانە بوون کە نەزمی بەجێماویان دەبردە ژێر پرسیارەوە. بێهۆ نییە کە ئیزابێل ئالندە کچی هەشتا و یەک ساڵەی سالوادۆر ئالندە لە وتارەکەی خۆیدا لە کۆبوونەوەیەک لە پایتەختی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند کە ڕێفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، دەوڵەتی کردنی سەرچاوەکان و کانگاکان، لە هۆکارەکانی سازماندانی کوودەتا لەلایەن ئەمریکاوە بوو. دروست لەم ڕوانگەوە ئیمپریالیسمی ئەمریکا هەر لە یەکەمین ساتەکانی هاتنە سەر کاری ئالندەوە هەموو هەوڵی خۆی بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتەکەی خستە کار. بۆ نموونە پشتیوانیی ماڵی لە ئۆپۆزیسیۆنی دەستی ڕاستی، کردەوەی وەک ڕاگرتنی بواری گواستنەوەی کاڵا، ئیحتکاری خۆراک و مانگرتنی گشتیی سازماندراو. تەنها لە ڕاپۆرتێکی “چالاکییەکانی سازمانی سی ئای ئێی لە شیلی”دا هاتووە کە: „سی ئای ئێی بۆ لاوازکردنی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی فەزایەکی موتەشەنیج، یارمەتیی میلیشیا ڕاستە توندڕەوەکانی دەدا”. ڕووخانی “ئالندە” ئاکامێکی بێجگەلە هاتنە سەر کاری دیکتاتۆرییەکی نیزامی خوێنڕێژ بۆ ماوەی حەفدە ساڵ نەبوو. لەماوەی ئەو حەفدە ساڵەدا دەیان هەزار کەس ئێعدام و زیندانی و بێسەروشوێن کران و نەزمێکی بەتەواومانا نیۆلیبرالی بەسەر کۆمەڵگادا سەپێندرا.
جیهانی ڕۆژئاوا هەموو ساڵێک هێرشی تیرۆریستی یازدەی سێپتامبری ٢٠٠١ کە بەهۆیەوە سێ هەزار کەس بوون بە قوربانی وەبیردێنێتەوە. بەڵام هەر ئەم جیهانە بەناو ئازاد و پێشکەوتووە فەرامۆشی دەکات کە بیست و هەشت ساڵ پێشتر هەر لە یازدەی سێپتامبردا بە کوودەتای ئەمریکایی ژنراڵ پینوشه دژبە حکوومەتەکەی ئالندە تەنها لە ستادیۆمی سانتیاگۆی پایتەختی ئەم وڵاتە زیاتر لە سی هەزار کەس لەلایەن کوودەتاچییانەوە کوژران. ئەمریکا بە تۆڵەی هێرشی تیرۆریستیی یازدەی سێپتامبر وڵاتی ئەفغانستانی وێرانکرد بەڵام ئەم مودەعییانەی درۆیینی دیموکراسی و مافی مرۆڤ تەنانەت یەکجاریش لەماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا حازر نەبوون لە خەڵکی شیلی بەخاتری دەورونەخشیان لە کوودەتاکەدا، داوای لێبوردن بکەن.
ئیمپریالیسمی ئەمریکا دەیویست بە هەر شێوەیەک کە بووە ئەو ناوەندە گەورە ئابوورییانەی کە لە جەرەیانی ڕێفۆرمدا دەوڵەتی کرابوون وەربگرێتەوە و ئەو ڕەوتەی کە ئالندە بەناوی سۆسیالیسم ڕایگەیاندبوو ڕابگرێت.
ئالندە بەرنامەیەکی بەرینی ڕێفۆرمی کۆمەڵایەتیی خستبووەتە دەستووری کاری خۆیەوە تا خەڵکی شیلی لە هەژاری و نەهامەتی ڕەزگار بکات. خواردنی بەخۆڕایی لە مەدرەسەکان، بردنەسەری ئاستی حەقدەست، دابینکردنی مافی ژنان و پیاوانی خۆجێیی، ئەو بەرنامانە بوون کە هیوای لەناو دڵی کرێکاران و جووتیاراندا پێکهێنابوو. بەڵام هەر لە سەرەتاوە خۆشباوەڕی و تەوەهومی “تێپەڕینی ئاشتییانە بەرەو سۆسیالیسم” ئەو هەڵە مەرگبارە بوو کە چارەنووسی دەسەڵاتەکەی ڕەقەم لێدا. خەیاڵی گوزاری پارلەمانتاریستی و هێمنانە زۆر خێراتر لەوەی تەسەور دەکرا نیشانی دا کە ئەمە تەنها وەهمێکی مەترسیدار بوو و هیچی تر. لەو نێوەدا زیاتر لە هەمووان، ئەوە حیزبی ڕێویزیۆنیستی شیلی بوو کە هەموو زانیارییەکانی ڕێکخراوە نهێنییەکانی بلۆکی ڕۆژئاوای سەبارەت بە مەترسیی کوودەتا نادیدە دەگرت و بەئاشکرا دژایەتیی خۆی لەگەڵ چەکدارکردنی خەڵک ڕادەگەیاند. بۆ جارێکی تر ئەم ئەزموونە گرینگە لەبەرچاو نەگیرا کە بە بێ تێکشکاندنی ئۆرگان و ماشێنی دەوڵەتی بورژوازی، بە بێ چەکدارکردنی جەماوەری ملیۆنی، بە بێ تێکشکاندنی هێزی نیزامیی دەوڵەتی بورژوازی، ناکرێ دەوڵەتی سۆسیالیستی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دابمەزرێت. بێگومان چینی کرێکار خوازیاری ئەوەیە کە ڕەوتی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی سیاسی و شۆڕشی سۆسیالیستی بە بێ خوێنڕشتن بەرێوەبەرێت. بەڵام ئەزموونەکانی مێژوو سەلماندوویەتی کە چینی دەسەڵاتدار لەپێناو پاراستنی دەوڵەتی چینایەتیی خۆی لە هیچ جۆرە خوێنڕشتن و جەنایەتێک دەست ناپارێزێت. ئەزموونی شیلی نیشانی دا کە چەکداکردنی جەماوەر لە وەها بارودۆخێکدا دڵنیاترین ڕێگایە بۆ سەرکەتنی شۆڕشی سۆسیالیستی.
بیست و یەک مانگ لەمەوبەر بەشێک لە خەڵکی شیلی جێژنی سەرکەوتنی “گابریل بوریچ” سۆسیال دیموکراتی چەپیان گرت و دیسان لەو خۆشباوەڕییەدا بوون کە پڕۆژەی ناتەواوی ئالندە بەسەرەنجام دەگەیەنێت. بەڵام هەر لەم ماوەیەدا دەرکەوت کە سیاسەتەکانی ئەو شتێک نییە بێجگەلە سیاسەتی ڕازاوەی نیۆلیبڕالی. ئەو لە وتارەکەیدا بە بۆنەی پەنجاهەمین ساڵوەگەڕی کوودەتا تەنها بەم ڕستە ڕواڵەتییە ئیکتفای کرد: „لەو شوێنانەی دیموکراسی لەلایەن دەوڵەتە غەیرە دیموکراتیکەکانەوە دەکەوێتە مەترسییەوە، پێویستی خەبات بۆ دیموکراسی گرینگ دەبێت”.
ئەم وتارە ڕواڵەتییە لە زاری هەموو دیکتاتۆرێکیشەوە دەکرێ ببیسترێت. ئەو تەنانەت نەیوێرا وەک سەرۆک کۆمارەکانی بولیوی و مێکزیک باس ئەوە بکات کە ئیمپریالیسمی ئەمریکا لە هەر شوێنێک دەوڵەتی نەیاری لەسەر کار بێت هەوڵ دەدات لەدژی کوودەتا ڕێکبخات.
بێگومان ئەمڕۆ باشترین ڕێگای ڕێزگرتن لە قوربانیانی ئەو کوودەتا خوێناوییە، دەرس وەگررتن لە ئەزموونەکانیەتی. لە هەمووان گرینگتر ئاگاداربوونەوە لەو بابەتە کە ڕووخاندنی نەزمی سەرمایەداری تەنها بە ڕووخاندنی دەسەڵاتی سیاسییەکەی خولاسە نابێتەوە. ناکرێ بە پاشماوەی دەزگای دەوڵەتیی بەجێماو لە نەزمی پێشوو، نیزامێک سازمان بدرێ کە تێیدا دەسەڵات بکەوێتە دەستی شۆراکانی هەڵبژێردراوی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش، تێیدا کرێکاران بەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردندا کۆنتڕۆڵیان بێت و سەرەنجام بایەخ و پەیوەندی و کلتووری نوێ هەموو کۆمەڵگا بگرێتەوە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە