میلاد محەممەدیاری، هاووڵاتیی خەڵکی بیجاڕ لە یەک مانگ لەمەوپێشەوە دەستبەسەرکراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە. ناوبراو لە کاتێکدا هەوڵی دابوو ژنێک لە دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە کەرەج ڕزگار بکات، دەستبەسەرکراوە. میلاد محەمەدیاری، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی بیجاڕ، دوای ئەوەیکە هێزەکانی ڕژیم لە تێرمیناڵی کەرەج بەشێوەیەکی توندوتیژانە هێرشیان کردبووە سەر ژنێک، کە حیجابی زۆرە ملێی نەپۆشیبوو، لە بەرانبەر ئەم هێزانە وەستاوەتەوە و دوای تێکهەڵچوون لەگەڵیان، بە بەکارهێنانی لێدان و کوتان ناوبراو دەستبەسەرکراوە. بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای ٢٦ ڕۆژ لە دەستبەسەرکرانی ئەم لاوە، هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر ناوبراو بە بنەماڵەکەی نەدراوە و چارەنووسی بە ناڕوونی ماوەتەوە. میلاد محەممەدیاری، ڕۆژی هەینی ٣ی خەرمانان، لە تێرمیناڵی شاری کەرەج دەستبەسەرکراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.