بەڕێوەبەرێکی حەوزەی عیلمیە لە زەنجان کوژرا
چوارشەممە ۲۹-۰۶-۱۴۰۲   |  20-09-2023
ئێران، “حوجەت ئیعتبار”، بەڕێوەبەری حەوزەی عیلمیەی ئیمام سادقی شاری قەیدار، بە هۆی تەقەی کەسێکی چەکدارەوە لە یەکێک لە شارەکانی پارێزگای زەنجان کوژراوە.
هەوالەکان باس لەوە دەکەن کە هێرشبەرەکە چووەتەوە نێو مزگەوتەکەوە و بە چەکی کۆڵتەوە تەقەی کردووە. لە ئەنجامدا پێنج فیشەکی بە بەڕێوەبەری حەوزەکانی عیلمیەی قەیدارەوە ناوە کە ۲ فیشەک بەر سەر و ۳ فیشەکی دیکە لە جەستەی دراوە. هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتیە سەراسەریەکان لە مانگەکانی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە ڕۆحانییە حکوومەتییەکان بە هۆی تەقە کردن و هێرش بە چەکی ساردەوە کوژراون. جگە لەمەش کۆمەڵێک وێنە لە پەڕاندنی عەمامە لە شارە جیاوازەکانی ئێران بڵاو کراوەتەوە کە ئەمەش چالاکیەکی ناڕەزایەتی هاوتەریب لەگەڵ ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئەم دواییە لە ئێران بوو.