هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارە و دوای ئەوەی کە دەستبەسەریان کردووە، بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. بەرلەنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی خەرمانان، تاریق ڕەحیمپوور، تەمەن ٣٩ ساڵ و هاووڵاتیی خەڵکی گوندی “ئەوێهەنگ”ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە و دانیشتووی خودی شاری سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوازدە کەس لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە شێوەیەکی دڕندانە ئەو هاووڵاتییەیان لە دووکانەکەی خۆی لە شەقامێکی شاری سنە دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە. تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ تاریق ڕەحیمپوور و هەروەها شوێن و بارودۆخی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نییە.