چەند ڕۆژ بەر لە لێدرانی زەنگی دەستپێکی دەرس و مەدرەسە، زەنگی هۆشداری بەرینایی بێونەی هەژاری و گرانی، زیاتر لە هەمیشە دەنگ دەداتەوە. لە سەروبەندی کرانەوەی مەدرەسەکاندا میدیا حکوومەتییەکان باس لە بەرزبوونەوەی ٦٠ تا ١٠٠ لەسەدیی نرخی کەرەستەی نووسین، چوونەسەری ٥٠ لەسەدیی نرخی جلوبەرگی خوێندکاران، بەرزبوونەوەی ٤٥ لەسەدیی خەرجی سرویسی هاتووچۆ و سێ بەرابەربوونی کرێی مەدرەسەکان دەکەن. خانەوادەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندکارێکی قۆناغی سەرەتایی بێجگەلە پەرداختی شەهریە بە بیانووی جۆراوجۆر و ٥ ملیۆن تمەن هەزینەی هاتووچۆ پێویستە نزیک بە دوو ملیۆن تمەن تەنها بۆ لەوازمی تەحریر خەرج بکەن. لە بارودۆخێکدا کە خەڵک ئاهێکیان لە بەساتدا نییە تا ڕەونەق بە بازاڕی لەوازمی تەحریر بدەن، تەبلیغ لە تۆڕی ئینستاگرم بۆ کڕینی لوازمی تەحریر و کەرەستەی نووسین بە قیستی چوار مانگە، گۆشەیەک لە بەرینایی ئەم کارەساتەمان پێ نیشان دەدات. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بنەماڵەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی کۆمەڵگا بەهۆی پەرەسەندنی بێکاری و گرانیی بەرین بۆ دابینکردنی لانیکەمەکانی ژیان لە مەزیقە دان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندنی منداڵەکانیان بووەتە موعزەلێکی واقعی. لە وەها بارودۆخێکدا بەوتەی بەڕێوەبەرانی وەزارەتی پەروەردەی ڕژیمی ئیسلامی ٢٧ لەسەدی کلاس ئەوەڵەکان تا کۆتایی مۆڵەتی دیاریکراو ناونووسییان نەکردووە و لە دەرس و مەدرەسە دوا دەکەون. هاوکات لەگەڵ کالایی بوونی پەروەردە، لە حاڵێکدا کە ئاغازادەکان و منداڵی سەران و فەرماندەکان و کارگێڕانی ڕژیم لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لە باشترین ئیمکاناتی پەروەردە بەهرەمەندن، ملیۆنان منداڵ و تازەلاو بەتایبەت منداڵانی پەنابەری ئەفغانستانی بەهۆی سیاسەتی دژە پەنابەریی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە چەرخەی دەرس و مەردەسە دەخرێنە دەر و بە ناچار لە کارگە، کورەخانە و مەزراکان دەچەوسێنەوە یان بە لەشکری منداڵانی شەقام پەیوەست دەبن.
سەرەڕای کاڵایی بوونی پەروەردە و ڕەنگدانەوەی بۆشایی قووڵی چینایەتی لەناو سیستەمی پەروەردە و سەرەڕای خەرجی یەکجار بەرینی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەداران بۆ پەرەپێدانی کۆنەپەرستی و خورافاتی مەزهەبی و دژایەتی لەگەڵ هەرجۆرە پەروەردەیەکی زانستی و پێشڕەو لەڕێگەی دەزگای ئادیۆلۆژیک و ناوەندە ئەمنییەکان و دامەزراندنی هەزاران تەڵەبەی حەوزەی عیلیمیە لە جیات مامۆستایان، بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە پێشەنگایەتیی ژنان لە شەقام و زانکۆ و مەدرەسە ئاسۆیەکی هیوابەخشی خستووەتە بەردەم بزووتنەوەی خوێندکاری و کۆمەڵگا بەگشتی. خوێندکاران لە زانکۆکاندا لە پەنا دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بە وتنەوەی دروشمەکانی وەک “گیای هەرزە تۆی، ژنی ئازادە منم”، “تا ئاخوند نەبێتە کەفەن، وەتەن نابێتە وەتەن”، “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی و بەرابەری” و بە سووتاندنی ڕووسەری و بە ژێرپێنانی یاسای حیجابی ئیسلامی و سیاسەتی هەڵاواردنی ڕەگەزی، دژایەتیی بزووتنەوەی ژینایان لەگەڵ خورافاتی دینی بەئاشکرا نیشاندا و هەڵاواردنی ڕەگەزییان لەناو سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامیدا بردە ژێر پرسیارەوە. شەپۆلی بەردەوامی دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە و زیندان و ئێعدام، دەرکردن لە زانکۆکان، بێبەریکردنی ژنان لە خوێندن لە دەیان خولی زانکۆ و هێرشی کیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان هیچکام نەیتوانی بزووتنەوەی خوێندکاری ناچار بە تەسلیمبوون بکات. ناڕەزایەتیی مامۆستایان دژبەم سەرکوتگەرییەکانە و بۆ دیفاع لە ئەمنیەت و حورمەتی خوێندکاران و خەباتیان لەپێناو بەدواداچوونی داخوازییە ڕەواکانیان کاریگەریی بەرچاوی لەسەر فەزای مەدرەسەکان و فەزای سیاسیی گشت کۆمەڵگا دانا. مامۆستایان بە پێداگری لەسەر خواستی خوێندنی بەخۆڕایی بۆ هەموو منداڵان و نەمانی هەڵاواردن و بردنەسەرەوەی حەقدەست بۆ سەرووی هێڵی هەژاری و خواستی مەنعی کاڵایی بوونی پەروەردە و دەرمان و تەندرووستی، لەڕاستیدا خواستی کرێکاران و بێبەشان و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەشیان گەڵاڵە کردووە. مامۆستایان لە جەریانی خەباتی خۆیاندا ئەزموونی بەنرخیان لە بواری سازماندان و بەرپاکردنی مانگرتن و ناڕەزایەتیی سەرانسەری بەدەست هێناوە. لەم ڕووەوە خوێندکاران پێویستە لە مامۆستایانی خۆیان نەتەنیا زانیاری و زانست، بەڵکوو تاکتیک و شێوازی سازماندان و یەکگرتوویی و خەباتیش فێربن. خوێندکاران دەتوانن بە دەرس وەرگرتن لە ئەزموونی ی بەنرخی بزووتنەوەی خوێندکاری، شۆرا و ناوەند و ئەنجومەنی خوێندکاران پێکبێنن. بزووتنەوەی خوێندکاری و مامۆستایان بە هاوپشتی لەگەڵ یەکتر و بنەماڵەکانیان دەتوانن سیاسەتی ئەمنیەتی و کۆنەپەرستانەی ڕژیمی ئیسلامی ناچار بە پاشەکشە بکەن و وزەیەکی نوێ بە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا ببەخشن.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پیرۆزبایی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، ستایشی خەباتی قارەمانانە و شکۆداری خوێندکاران و مامۆستایانی شۆڕشگێڕ لەماوەی یەکساڵی ڕابردوو دەکات و ڕێز لە هەوڵ و تێکۆشانیان دەگرێت لەپێناو پێکهێنانی هاوپشتی و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان. لە بارودۆخێکدا کە ڕژیمی ئیسلامیی سەرمایەداران بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکەی لە هیچ جەنایەتێک دەریغ ناکات، پێویستە خەبات وشیارانە تر، نەخشەمەندتر، ڕێکخراوتر و بە هێنانەمەیدانی هێزی چەند بەرابەر بەتواناتر لە هێزی دوژمن، درێژەی بێت. بەدڵنیاییەوە سەرکەوتن هی ئێمەیە.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
خەرمانانی ١٤٠٢
سێپتامبری ٢٠٢٣