“شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی موعەلیمانی ئێران” لە سیزدەی گەڵاڕێزاندا، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی بانگهێشتێکەوە، داوای لە موعەلمیان و خانەنشینکراوانی ئێران کردووە کە لە ڕۆژی پێنجشەممە بیستی گەڵاڕێزان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە سەراسەری ئێران بەڕێوەبەرن. ئەوان لە بانگهێشتەکەیاندا ڕایانگەیاندووە کە “گەڵاڵەی ڕیزبەندی دە ساڵە لە نێوان دەوڵەتەکان و مەجلیسەکاندا سەرگەردانە و هاوسانسازیی مووچەی خانەنشینکراوان لەژێر کاریگەریی کایە سیاسیەکاندا بە سەرەنجام نەگەیشتووە”. ئەوان بە ئەزموون بینیویانە کە ئەم کایە سیاسیانە بوونەتە بابەتی هەمیشەیی ڕژیم و هەرکات کە لەژێر کاریگەریی خەباتی ناڕەزایەتیدا پاشەکشەی پێکراوە، بە تەرفەندی نوێوە هاتووەتەوە مەیدان. ئەوان ئەزموونی کرێکارانی حەوت تەپە لەپێناو بێدەسەڵات کردنی بەشی خسووسییان بینیوە کە چۆن ئەم خواستە ڕەوایەی کرێکاران چەندین مانگ لە داڵانەکانی مەجلیس، وەزارەتخانە ڕەنگاوڕەنگەکان، سازمانی خسووسی سازی و دەزگای قەزاییدا دەکەوێتە ژێر پەردەیەکی ناڕوونەوە و چۆن هەوڵێکی سەخت لە لایەن باندەکانی ڕژیم و لابیەکانی ئەسەدبەیگیەوە کەوتە گەڕ تا بەشی خسووسی بێدەسەڵات نەکرێت. بێگومان ئەوە تەنیا خۆڕاگری و پایەداریی کرێکاران بوو کە موقاومەتی ڕژیمی تێکشکاند و بەناچار ملکەچی خواستەکانیان بوو. هەربۆیە موعەلیمانیش لە بانگهێشتەکەی خۆیاندا ئاماژەیان بەم بابەتە کردووە و ڕایانگەیاندووە کە: “ئەمڕۆ کە بە پەیگیریی یەکگرتووانەی موعەلیمانی لەسەرکار و خانەنشینکراو، گەڵاڵەی ڕیزبەندیی و هاوسانسازی لە ئاستی بەریندا هاتووەتە گۆڕێ، مەجلیس لە پەسندکردن و دەوڵەت لە بەڕێوەبردنی ئەم گەڵاڵەیە بە پێی خواستی موعەلمیان و “شۆرای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوی پیشەیی موعەلمیانی ئێران” خۆدەبوێرن و لە هەر هاتووچۆیەکی ئەم گەڵاڵەیە لە کۆمیسیۆنی ئامووزشەوە بۆ مەجلیس و بەپێچەوانەکەی بەشێکی بە زیانی موعەلیمان دەگۆڕدرێت”. ئەم بانگهێشتە نەتەنیا تیشکی خستووەتە سەر داخوازیی موعەلمیان بەڵکوو لە هەمان حاڵدا وەک بەشی بەڵێندار بەرامبەربە چارەنووسی خوێندکاران، ڕایدەگەیەنێت کە “لە بەشی پەروەردەشدا فێرکردن و بارهێنانی منداڵان و تازەلاوان لەگەڵ قەیران بەرەوڕوویە. وەزارەتخانەی بێ وەزیر بەرنامەیەکی بۆ بواری پەروەردە نییە و زۆرێک لە خوێندکاران بەخاتری نەبوونی پێداویسیتی، لە فێربوونی مەجازی بێەبشن”. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە چەند ڕۆژ لەمەوبەر سەرپەرستی وەزارەتی ئامووزش و پەروەرش وتی: “لە حاڵی حازردا ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ٢١٠ هەزار خوێندکاری قۆناغی سەرەتایی و نزیکەی ٧٦٠ هەزار خوێندکاری قۆناغی مامناوەند، دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە، کە ئەوەش زیانێکی جیدییە”.
لەڕاستیدا ئەوەیکە بانگهێشتەکە باسی لێدەکات، تەنیا گۆشەیەکی چکۆلەیە لە باروودۆخی قەیراناوی کۆمەڵگای ئێران. چەندین ساڵە کە فەرهەنگیان بۆ وەدیهاتنی خواستەکانیان گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوەدەبەن. ئەم خواستانەیان سەرەتاییترین پێداویستیی ئەوانە بۆ خاترجەمبوونیان لە فێرکردن و پەروەردەی ملیۆنان خوێندکار. فەرهەنگیان هەم کاتێک کە لەسەر کارن و هەم ئەوکات کە خانەنشین دەبن، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان دەبێ بەشەڕ بێن. کەم نین موعەملیانێک کە مەجبوورن پیشەی دووهەمیان بێت و کەم نین خانەنشینکراوانێک کە دەست دەدەنە کاری نافەرمی و هەرکاتێکیش موعەلیمان و خانەنشینکراوان دەست دەدەنە ناڕەزایەتی دەبێ هەزینەی دەرکران، هەزینەی لێدان و ئەشکەنجە و زیندان بەگیان بکڕن. لەبیرمان نەچووەتەوە کە دوازدەی مانگی گوڵان، ڕۆژی موعەلیم لە جەرەیانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی موعەلمیان کە زیاتر لە ١٥ پارێزگا و دەیان شاری لەخۆگرت، چەندین موعەلیم دەسبەسەر و ڕەوانەی گرتووخانە کران. لەبیرمان نەچووەتەوە کە چۆن محەممەد حەبیبی وتەبێژی ناوەندی پیشەیی موعەلیمانی پارێزگای تاران پاش سێ ساڵ زیندان لەگەڵ حوکمی بازخەرید و دەرکران لە وەزارەتی ئامووزش و پەروەرش بەرەوڕوو بۆوە و خۆی دەڵێت: “ئێستا لە جیات موعەلیمی بۆ دابینکردنی بژێوی خەریکی شۆفیرییە”. مەگەر لەبیرمان چووەتەوە کە هەواڵی خۆکوژیی ژمارەیەک موعەلیم لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا کە توانای دابینکردنی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان نەبوو، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنییەوە. مەگەر لەبیرمان چووەتەوە کە درووست لە دڵی کوشت و کوشتاری کۆرۆنادا، خانەنشینکراوان بە دەیان جار دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. و هەر ئەمانەش لە ئاستی ملیۆنیدا توانای دابینکردنی هەزینەی ژیانیان نییە و بەشێکی بەرین لە تەنگدەستترین توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگایان پێکهێناوە و دەنگیان لەئاست چوونەسەرەوەی هەموو ڕۆژێی قیمەتەکان و خراپتر بوونی باروودۆخی ژیانیان بەرز بووەتەوە. هەربۆیەش بەدەیان جار بانگهێشتیان داوەتەدەر و ڕایانگەیاندووە کە لە بەرامبەر ئەم هێرشە بۆ سەر ژیانیان و لە هەلومەرجێکدا کە “گوێی بەرپرسان کەڕ و چاویان کوێرە” هیچ ڕێگایەکیان بێجگەلە هاتنە سەر شەقامەکان نییە. لەبیرمان نەچووەتەوە کە ڕۆژی شەممە هەشتی مانگی گەڵاڕێزان سەدان کەس لە موعەلمیانی سەراسەری ئێران بە نوێنەرایەتیی دەیان هەزار موعەلیم، لە بەرامبەر مەجلیسی ڕژیم گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ئەوان دەنگیان هەڵبڕی و هاواریان کرد کە “ڕیزبەندی مافی ئێمەیە، ئاکامی ڕەنجی ئێمەیە” و یان “ئەو هەمووە هەرایە، وادە و بەڵێنی بۆ وەدی نایە”. پێشتریش موعەلیمان لە ڕێکەوتی بیست و دووهەمی مانگی ڕەزبەر لە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی سەراسەریدا خوازیاری بەدواداچوونی باروودۆخی پیشەییان بوون. ئەوان ڕایانگەیاند کە لەو جێگەوە کە مووچەیان ژیانێکی شەرافەتمەندانە دابین ناکات، خوازیاری چوونەسەرەوەی مووچە تا ئاستی ٨٠ لەسەدی مووچەی هەیئەتی زانستیی زانکۆ بوون. هەموو ئەمانە لە حاڵێکدایە کە لە بودجەی ڕژیمدا بۆ ئۆرگانە ئەمنییەتی و نیزامییەکان و ناوەندەکانی پەرەپێدانی خورافات ملیاردها تمەن تەرخان کراوە. سەرۆکی ناوەندی خانەنشینکراوانی تەئمینی ئیجتماعی دەڵێت: “بەداخەوە جێگای شەرمە کە بەرپرسان ڕێگە دەدەن خانەنشینکراوان بۆ دابینکردنی پێداویستیی ژیانیان ڕوو بکەنە سواڵکردن”. لەبیرمان نەچووەتەوە کە لە بیست و حەوتەمی مانگی خەرماناندا کارنامە سەوزەکان لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە لە بەرامبەر وەزارەتی ئامووزش و پەروەرش، قۆناغێکی تازەیان لە ناڕەزایەتییەکایان لە ئاست بیلاتەکلیفیی پیشەیی و بەڵێنیە بێناوەرۆکەکانی بەرپرسان، بۆ دووبەرەکایەتی نانەوە لەجیات وڵامدانەوە، دەستیپێکرد. لە ڕۆژانی دواتریشدا موعەلیمانی لەسەرکار و خانەنشینکراو، لە زۆرێک لە پارێزگاکان لە بەرامبەر ئیدارەی گشتیی ئامووزش و پەروەرش لە ناوەندەکانی ئەم پارێزگایەدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد.
لەڕاستیدا موعەلیمانیش وەک بەشێک لە چینی کرێکار بوونەتە ئامانجی هەژاری و فەلاکەتی زاڵ لە کۆمەڵگای ئێران و لە هەمان حاڵیشدا مەجبوورن بڕۆنە شەڕ لەگەڵ ناورۆکی خورافیی کێتبە دەرسییەکان و شەڕ لەگەڵ خسووسی کردنی پەروەردە و بارهێنان. هەموو ئەم تایبەتمەندیانەش بووەتە هۆی ئەوەیکە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی موعەلمیان وەک یەکێک لە بزووتنەوە بەهێز و سەراسەرییەکان دەرکەوێت. ئەوان بە پێکهێنانی ڕێکخراوی سەرتاسەری ئەم توانایان بەدەست هێناوە کە ناڕەزایەتی هاوکات و سەراسەریی خۆیان ڕێکبخەن. ئەمە بێگومان یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی موعەلیمانە. ئەزموونێک کە دەتوانێ بکەوێتە خزمەت ڕێکخستنی سەرتاسەری چینی کرێکار و پێکهێنانی ڕێبەری سەرتاسەریی ناڕەزایەتییەکان. ئەم ئەزموونە نیشانی دەدات کە پێکهێنانی شۆرای هاوئاهەنگیی چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری کە لەگەڵ کرێکاران و ناوەندە داغەکانی خەبات لە پەیوەندی زیندوو و ئۆرگانیگ دان، بابەتێکی مومکین و کردەوەییە.