فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ڕاپۆرتی ئاماری: ژن کوشتن لە ئێران لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا
دوشەممە ۰۳-۰۷-۱۴۰۲   |  25-09-2023

هەنگاو لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا لانیکەم ٥٢ حاڵەتی ژنکوژی لە شارەکانی ئێراندا تۆمارکردووە. بەپێی ئەم ئامارە نزیکەی ٢٩ لەسەدی حاڵەتەکان لە پارێزگای تاران تۆمارکراوە و ٢٠ حاڵەتی کۆی ئامارەکە بەرانبەر بە ٣٨ و ٤ دەهۆمی کۆی گشتی کوشتنەکان بەپاساوی شەرەف و نامووس ئەنجامدراوە.
 بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، لانیکەم ٥٢ حاڵەتی ژنکوژی لە سەرتاسەری ئێراندا تۆمارکراوە. لە کۆی ئەم ٥٢ ژنەی کە کوژراون ١١ کەسیان بەرانبەر بە ٢١ لەسەدی کۆی گشتی کچانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ بوون کە هەندێکیان تەمەنیان ١٠، ١٢ و ١٣ ساڵان بوون.
 بەپێی ئەم ئامارە، لانیکەم ٢٠ حاڵەتی ئەم کوشتنانە بە پاساوی “پاراستنی نامووس و شەرەف” ئەنجامدراوە. لە کۆی گشتی ئەو حاڵەتە ناسراوانە پێنج حاڵەتی کوشتن لە ژێر ناوی ناموس لە پارێزگای ورمێ و ٤ حاڵەت لە پارێزگای تاران و ٣ حاڵەت لە پارێزگای ئەلبۆرز تۆمارکراوە. شیاوی ئاماژە پێدانە کە زۆرترین حاڵەتی ژنکوشتن لە پارێزگای تاران تۆمارکراوە.
 پارێزگای تاران بەهەبوونی لانیکەم ١٥ حاڵەتی ژنکوشتن بەرانبەر بە ٢٩ لەسەدی کۆی گشتی زۆرترین حاڵەتی ژنکوشتنی تێدا تۆمارکراوە. دوای تاران، پارێزگای ئەلبۆرز  ٧ حاڵەت، ورمێ ٥ حاڵەت، پارێزگای ئیلام و فارس ٣ حاڵەت، بوشەهر، سنە، کرماشان، گیلان و مازندەران هەر کامیان ٢ حاڵەتیان تێدا تۆمارکراوە. هەروەها لە هەر کام لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان، خوراسانی ڕەزەوی، ئازەربایجان، ئەراک، زەنجان، یەزد، بەندەرعەباس، ئیسفەهان، و قوم یەک حاڵەتی ژنکوشتن تۆمارکراوە. لە کۆی گشتی ٥٢ ژنێک کە لە شەش مانگی ڕابردووەوە کوژراون، لانیکەم ٢٨ حاڵەت لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژراون. ٤ حاڵەت لەلایەن پارتنەر/دەزگیرانەکانیانەوە ئەنجامدراوە. ٣ حاڵەت لەلایەن هاوسەری پێشوەوە، ٨ حاڵەت لەلایەن باوک و ٦ حاڵەتیش لە لایەن براکانیانەوە ئەنجامدراون. لە هەندێک حاڵەتیشدا لەلایەن پیاوانی نزیک لە بنەماڵە وەک مام و ئامۆزاوە ئەنجامدراون.