ئەرسەلان پوریا، لاوی خەڵکی سنە و محەممەد محەممەدی خەڵکی شاری دێولان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کراون و چارەنووسیان نادیارە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا محەممەد محەممەدی، لاوی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی شارۆچکەی بڵواناوا سەر بە شاری دێولان لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەرکراوە.
هەروەها، ئەرسەلان پوریا، خەڵکی گوندی قار سەر بە بەشی ناوەندی سنە، ڕۆژی هەینی ١٠ی خەرمانان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە بێ هیچ هۆکارێک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەرسەلان پوریا و دەستبەسەریان کردووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەو دوو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.