ڕافایل گروسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ جارێکی دیکە نیگەرانی خۆی لە بۆچوونی کۆماری ئیسلامی لە دانوستان لەگەڵ ئاژانس دەربڕی و وتی: هێشتا پرسە گرنگەکانی چاودێری و پاراستن بۆ رژیمی ئیسلامی بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، گروسی لە ڕۆژی یەکەمی کۆ بوونەوەی ئاسایی سێ مانگەی ئەم ئاژانسە وتی: لە جێبەجێ کردنی ئەو ڕێکەوتنانەی لە دوایین ڕاگەیەندراوی هاوبەشی ئاژانس و کۆماری ئیسلامیدا لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو دیاری کرابوو پێشوەچوونی چاوەڕوانکراوەکەی بەدی نەهاتووە.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەتۆمی لە درێژەدا جەختی کردەوە تەنیا “هاوکاری تەواو و ئەنجامی کۆنکرێتە” ئاژانس بە ئەنجام دەگەیێنن کە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئاشتیخوازانەیە.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕوون کردنەوانە محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەوی ئەتۆمی ڕژیم کە لە ویەن بە سەری دەبرد، باسی ئەوەی کرد “کۆماری ئیسلامی، وەک ئەوەی تا ئێستا نیشانی داوە، لەسەر ئەرکەکانی خۆی بەپێی بەڵێننامەی چاودێری هەمە لایەنە پابەندە”.
ئەو بانگەشەی کرد کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە “ئاژانس بتوانێت بە ئاسانی درێژە بە چالاکییەکانی خۆی بۆ ڕاستی دەرخستن بدات.”
هەروەها لە درێژەدا بانگەشەی کرد “سەرجەم مەواد و چالاکییە ئەتۆمییەکان بە تەواوی ئاشکرا و لە لایەن ئاژانسەوە پشتڕاست” کراوەتەوە و بەم هۆیەشەوە، کۆماری ئیسلامی “چاوەڕوانیی هەیە” ئاژانس “بێلایەن و بەپێی ڕاستییەکان” مامەڵە بکات.
ئەم ڕوون کردنەوانە لە حاڵێکدا گەڵاڵە دەکرێت کە پێشتر ڕافایل گروسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕایگەیاندبوو کۆماری ئیسلامی مۆڵەتی چالاکی ژمارەیەک لە “پشکنەرە بەئەزموونەکان”ی ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییەی بۆ ڕاستی دەرخستنی بەرنامەی ئەتۆمی هەڵوەشاندۆتەوە.