ئاواتی و ئارمانی هەمیشەی ئەنجومەن ئەوە بووە کە مەدرەسەکان پڕ بن لە خۆشی و داهێنان و سڵامەتیی ڕووح و ڕەوان بۆ خوێندکاران و مامۆستایان. هەموو هەوڵ و خەباتیشی هەر لەپێناو وەدێهێنانی ئەم ئامانجە پیرۆزە بووە. بەڵام “لە ئەولەویەتدا نەبوون و بایەخ نەدانی دەسەڵات بە پەروەردە و بارهێنان”، “زاڵبوونی ڕووحی مادیگەرایی و دامەزراوەی کۆنکووڕی و پووڵساز بەسەر بەرنامە و بڕیاری بەرپرسانی “وەزارەتی پەروەردە” و “بێ تەدبیرییەکانی بەرپرسانی سیستەمی پەروەردەی ئێران لەئاستی شار و پارێزگا و وڵات” بەجۆرێک فێرکاری و پەروەردەی وێران کردووە کە بەهاری گەشە و پشکووتن و فێربوونی کردووەتە خەزانێکی خەمبار.
– خەرجی ئیدارەی مەدرەسەکان لە سفرەی بەتاڵی خانەوادەکانەوە دابین دەکرێت و ئەسڵی ٣٠ی یاسای بنەڕەتی و پەروەردەی بەخۆڕایی لەلایەن کاربەدەستانی فەرمییەوە گاڵتەی پێدەکرێ. وەزیری ئامووزش و پەروەرش، پەروەردە وەک کاڵا پێناسە دەکات و ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە “هەرکەس خوێندنی پاشتری دەوێ دەبێ پارەی زیاتریش بدات”.
– بەرپرسانی ئامووزش و پەرورەش، لەجیات دامەزراندنی کەس بۆ جوبرانی کەمبوونی ٢٠٠ هەزار مامۆستا، بە بردنەسەری ژمارەی خوێندکارانی کلاسەکان و بە بەکارهێنانی کەسانی نامەربووت یان چەوساندنەوەی خانەنشینان، مودیران و موعاونان جوبرانی دەکەنەوە کە ئەمەش ئاکامێکی نییە بێجگەلە “لەناوبردنی کوالیتیی پەروەردە و خوێندن”.
– بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس ٩٦٠ هەزار منداڵ و تازەلاو لە خوێندن بەجێماون یان وازیان لە خوێندن هێناوە. کە زۆربەیان کچان و منداڵانی ناوچە مەحرووم و بێبەشکراوەکانن.
– بۆشایی چینایەتی و بێعەداڵەتی لەئاستی کۆمەڵگا لە بواری پەرورەدەشدا ڕەنگی داوەتەوە و لە هەزار پلەی بانی کۆنکووڕ لەسەدا ٥٠یان سەربە بنەماڵە دەوڵەمەندەکانن. لە کۆنکووڕی ساڵی ڕابردووشدا لە هەر ٤٠ کەسی ڕوتبەی باڵای کۆنکووڕ ١ کەس لە مەدرەسە دەوڵەتییەکاندا دەرسی خوێندبوو.
– وەزیری ئامووزش و پەرورەرش لەجیات هەموو پێوەرەکانی هەڵبژاردنی مامۆستا لە هەمووان زیاتر لەسەر “وەفاداربوون بە نیزام” تەئکید دەکات. جێگری کلتووریی حەوزەکانی عیلییەش ڕاگەیاندووە کە لە ماوەی ٣ ساڵدا تا مانگی ڕەزبەری ١٤٠١ شەش هەزار تەڵەبە چوونەتە مەدرەسەکان کە ئەمەش نیشانەی بڕیاری دەسەڵات بۆ هەرچی زیاتر ئیدئۆلۆژی کردنی سیستەمی پەروەردە و بارهێنانی کەسانی گوێڕایەڵ و موتیعە.
– بابەتێکی گرینگی دیکە کە لە ساڵی خوێندنی ڕابردوودا کەشوهەوای پەرورەدەی ئاڵۆز و ناخۆش و تەنانەت قیزەون کردبوو، ئەمنیەتی کردنی فەزای مەدرەسەکان بوو. بەدوای دەسپێکی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠١ و بەڕێوەچوونی مانگرتنی مامۆستایان بۆ دیفاع لە حەریمی مەدرەسەکان و خوێندکارانێک کە هەزینە و گوشاریان بەسەردا سەپابوو، ٣٥٠ مامۆستای کوردستان بەرەوڕووی کەسریی حقووق، قەتعی ڕوتبەبەندنی، دەرجی غەیبەت و ناساندن بە هەیئەتی تەخەلوفات بوونەوە. سەدان مەدرەسەی کچان هێرشی کیمیاییان کرایە سەر و هەزاران کچی بێ تاوان تووشی کێشەی هەناسەدان، ئالێرژیی پێست، گرفتی عەسەبی، مەدرەسەهەراسی و … بوونەوە. مەدرەسەکان بوون بە شوێنی هاتوچۆی هێزی نیزامی و حەراسەت. بەجۆرێک کە دەتگوت ئیدارەی بواری پەروردە بە هێزە نیزامی و ئەمنییەکان سپێردراوە. لە درێژەی ئەم هەوڵە دژەزانستییە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دەیان مودیر و موعاونی بەتوانا و شەرافەتمەند سەرەڕای هۆگرایەتی و سەرکەوتنی فراوانیان، تەنها بەتاوانی پشتیوانی لە مەدرەسە و مافی خوێندکاران و مامۆستایان لە بەڕێوەبەرایەتی مەدرەسەکان لابردران. لە کۆبوونەوەی یاسایی ١٦ی ڕەشەممەی ١٤٠١ و ١٩ی گوڵانی ١٤٠٢، نزیکەی ٣٠ مامۆستای ئەم پارێزگایە درانە بەر توندوتیژی یان دەستبەسەر و زیندانی کران.
ئەو خاڵانەی سەرەوە و هۆکارگەلێکی تر کە لێرەدا مەجالی باس کردنیان نییە نیشانی دەدات کە وەها نیزامێکی پەروەردەی فەشەڵ و عەیبدار نەتەنها ناتوانێ دەردەکانی کۆمەڵگا دەرمان بکات بەڵکوو خۆی بەردەوام دەرد و قەیران بەسەر کۆمەڵگادا دەسەپێنێت. هەڵبەت ئامانجی ئەنجومەن لە بەیانی ئەم ئامار و بابەتە تاڵانەی سەرەوە لە دەستپێکی ساڵی خوێندندا، بانگەشەی بێهیوایی و بێتوانایی نییە. بەپێچەوانەوە ئەنجومەن زۆر گەشبین و هیوادارە بەوەیکە خوێندنی بەخۆڕایی، دادپەروەر و بەکوالیتی ببێتە وتاری کۆمەڵگا و بە پێکهاتنی هیمەتێکی گشتی بۆ وەدیهێنانی، داهاتوویەکی باشتر بخوڵقێت. بەڵام بێگومان بەبێ ناسینی ئەم ڕاستییانە، بە بێ دەست بردن بۆ ڕیشە و بە بێ هاوفکریی گشتی بۆ دۆزینەوەی چارەەسەر و بە بێ هەڵوێستی دروست لە کاتی پێویست، بە هیچ شێوەیەک ناکرێ نیزامی پەروەردە لەژێر باری ئەم هەمووە کێشە و قەیرانە دەرباز بکرێت. ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایانی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی ساڵی نوێی خوێندن و کرانەوەی مەدرەسەکان لە هەموو خوێندکارانی بوێر و خوازیاری زانست، مامۆستایانی تێگەیشتوو و دایکان و باوکانی هێژا، داوا لە هەموو ئەم بەڕێزانە و چالاکانی بواری پەروەردە و میدیا سەربەخۆ و خەڵکییەکان دەکات کە بە هیواداربوون بە داهاتوو و بە بەرپرسایەتیی زیاترەوە چاوەدێری بارودۆخی مەدرەسەکان بکەن و لەڕێگەی بەهێزکردنی ڕوانینی ڕەخنەگرانە و داخوازییەکانیان لەپێناو وەدیهێنانی سیستەمێکی پەروەردەی دادپەروەرانە و چالاک و زیندوو یارمەتیدەری ئەنجومەن بن.
ئەنجومەنی سینفیی مامۆستایانی کوردستان
٣١ی خەرمانانی ١٤٠٢