ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی مانگی خەرمانان، سوپای ئازەربایجان ناوچەی “ناگۆرنۆ قەرەباغ” کە زۆربەی دانیشتووانی بەڕەچەڵەک “ئەرمەنین”، دوای دە مانگ گەمارۆدان داگیرکرد. بەمجۆرە قەراردادی ئاگربەستێک کە لە ساڵی ٢٠٢٠ەوە بە دەخاڵەت و چاوەدێریی سێ هەزار هێزی نیزامیی ڕووسیە لە نێوان دەوڵەتی ئازەربایجان و حکوومەتی خۆجێیی ناگۆرنۆ قەرەباغ بەسترابوو، پێشێلکرا. ئەم هێرشە خێرا و بەرینە سەربازییە لە سەرانسەری ئەم ناوچەیە کە لەلایەن حکوومەتی ئازەربایجانەوە گەمارۆ درابوو، بە هاوپشتی مووشەک و ئاگری تۆپخانە و ئەنواعی چەکی قورس دەستیپێکرد. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان لەلایەن دەوڵەتی ئەرمەنستانەوە ٢٠٠ کەسی مەدەنی کوژراون و زیاتر لە ٤٠٠ کەسیش برینداربوون و زەرەر و زیانێکی زۆریش بەر ماڵی خەڵک کەوتووە. بیانووی دەوڵەتی ئازەربایجان بۆ ئەنجامدانی ئەم هێرشە بە وتەی خۆیان کردەوەیەکی “دژەتیرۆریستی” بووە لە وڵام بە حکوومەتی خۆجێیی ناگۆرنۆ قەرەباغ کە گۆیا بەهۆی چاندنی مین لە بەیانیی هەمان ڕۆژدا شەش کەسی نیزامیی ئازەربایجان کوژرابوون. وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان لەگەڵ دەستپێکی ئەم هێرشە نیزامییە ڕایگەیاندبوو کە “هەتا کاتێک جیاییخوازانی ئەرمەنی تەسلیم نەبن و چەک نەکرێن هێرشەکە درێژەی دەبێت و حکوومەتی بە ڕەچەڵەک ئەرمەنیی قەرەباغ دەبێ هەڵوەشانەوەی خۆی ڕاگەیەنێ”.
بەپێی ڕاگەیەندراوی هێزەکانی بەناو “پارێزەری ئاشتی”ی ڕووسیە ئەم هێرشە نیزامییە لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا بە ڕادەستکردنی بە ئیجباری چەکی شەڕوانانی ئەرمەنی بە ئەرتەشی ئازەربایجان کۆتایی هات. بەدوای ئەم هێرشەدا، دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی ١٢٠ هەزار کەسی بێدیفاعی ناگۆرنۆ قەرەباغ، بەپەلە و نیگەران لە ئەزیەت و ئازار و جێنۆسایدی ئەرتەشی ئازەربایجان، ماڵ و شوێنی ژیانیان ڕەها کردووە و بەرەو ئەرمەنستان ڕۆیشتوون. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی کۆنەپەرستی ئەرمەنستان توانای دابینکردنی ئیمکاناتی ژیانی ئەم ئاوارانەی نییە و ئەگەری قەیرانێکی مرۆیی لەئارادایە. لەم پێوەندەدا کۆبوونەوەی ئاوارەکان لە تێرمیناڵی “خانکەندی” ناوەندی ناگۆرنۆ قەرەباغ بۆ هەڵاتن و کەمبوونی سووتەمەنیی ئۆتۆمبێل و تەقینەوەی گوماناویی ئەنبارێکی سووتەمەنی لە ڕۆژی دووشەممە ٣ی مانگی ڕەزبەر ژمارەیەکی زۆری قوربانی لێکەوتووەتەوە. بەوتەی کاربەدەستانی خۆجێی بەهۆی ئەم تەقینەوەیە بەداخەوە ٢٠ کەسی تر گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ٣٠٠ کەسیش برینداربوون کە دۆخی تەندروستی هێندێکیان مەترسیدار وەسفکراوە. سەرۆکوەزیرانی ئەرمەنستان نیکۆل پاشینیان وێڕای پاکانەکردن بۆ خۆی لەئاست ئەم جەنایاتە ڕایگەیاند کە هیچ ڕۆڵێکی لەم ماجەرایەدا نییە و داوای کرد دەستبەجێ شاندێکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگریکردن لە جینۆسایدێکی نوێ دابمەزرێندرێت. ناوبراو ڕووسیەی بە هۆکاری شکستی ئەرمەنستان زانی و حکوومەتی ئازەربایجانی بە “پاکتاوکردنی نەتەوەیی” تۆمەتبار کرد. ئەم بابەتە بۆ جارێکی تر ئاگری تووڕەیی و نەفرەتی جەماوەری ئەرمەنستانی دژبە پاشینیان داگیرساند. خەڵکی ناڕازی لە بەرامبەر پەرلەماندا لە “ئیراوان” پایتەختی ئەم وڵاتە کۆبوونەوەیان بەڕێوەبرد. ئەویان بە بێ لیاقەت و خەیانەت تۆمەتبار کرد. لەگەڵ هێزەکانی پۆلیس دەرگیربوون و خوازیاری دەست لە کار کێشانەوەی ناوبراو بوون.
ڕووخاندنی دەسەڵاتی خۆجێیی “ناگۆرنۆ قەرەباغ” و کوشتار و ئاوارەیی خەڵکی ئەوێ، ئاکامی بەشێک لە ڕەقابەتەکانی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و دەسەڵاتەکانی ناوچەکە لەوانە دەوڵەتی تورکییە و ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. ناوچەی ئەرمەن نشینی “قەرەباغی کوێستان” لە ساڵی ١٩٢١دا لەلایەن حکوومەتی سۆڤیەت وەک ناوچەیەکی خودموختار لە ناو کۆماری ئازەربایجانی شووڕەویدا بەڕەسمی ناسرا. بەڵام لەگەڵ ڕووخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات و سەربەخۆیی ئازەربایجان، دەوڵەتی شووڤنیستی تورکییە بە هاندان و پشتیوانی دەوڵەتی ئازەربایجان بەردەوام خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حکوومەتی خۆجێیی ئەم ناوچەیە بووە. لەلایەکی دیکەوە ڕووسیە کە داکۆکیکاری دەوڵەتی ئەرمەنستان بوو و سێ ساڵ لەمەوبەر، دەوڵەتی ئازەربایجانی ناچار بە قەبووڵکردنی ئاگربەست لەژێر چاوەدێریی خۆی لەگەڵ ئەرمەنستان کردبوو، بۆ جارێکی تر بە دەرگیربوون لە شەڕی جەنایەتکارانە و ئیمپریالیستی ئۆکراین و لاوازبوونی توانا و دەسەڵاتی، زەمینەی هێرشی ئازەربایجانی بۆسەر ناگۆرنۆ قەرەباغ و ڕووخاندنی حکوومەتی ئەم ناوچەیەی بۆ “ئیلهام عەلییۆف” فەراهەم کرد. دەوڵەتی پاشینیان لە ئەرمەنستانیش کە هاوپەیمانی ڕووسیە بوو بە وەرچەرخانی بەرەو ڕۆژئاوا و ئەمریکا و ڕەخنەگرتن لە ڕووسیە بەخاتری بایەخ نەدانی بە ناکۆکییەکانی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان، فورسەتی گونجاوی بۆ ئازەربایجان فەراهەم کرد تا ئەم هێرشە بە سەرەنجام بگەیەنێ. لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورکییە بێجگەلە ماهیەتی شوڤنیستی و دوژمنایەتیی مێژوویی لەگەڵ خەڵکی ئەرمەن، بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی ئابووری، لە ئەنجامدانی ئەم هێرشەدا یارمەتیی ئیلهام عەلییۆفی دا. هەڵبەت لە شەڕی پێشووی نێوان ئازەربایجان و ئەرمەنستانیش لە ساڵی ٢٠٢٠، تورکییە بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆ لە ئازەربایجان بەشداریی لەو شەڕەدا کرد. ئەردۆغان ڕۆژی دووشەممە ٣ی مانگی ڕەزبەر لە کردەوەیەکی هاندەرانەی شۆڤنیستیدا بە بیانووی دەستبەکاربوونی پڕۆژی هێڵی گاز و دامەزراوەی نیزامی تەیارکراو لەلایەن تورکییە لەم ناوچەیە، چووە نەخجەوان تا لەم کردەوە جەنایەتکارانەیەی ئیلهام عەلییۆڤ دژبە خەڵکی ئەرمەنی “ناگۆنۆ قەرەباغ” پشتیوانی بکات و خۆشحاڵی دەربڕێ. لەگەڵ داگیرکرانی ئەم ناوچەیە لەلایەن ئازەربایجانەوە ڕێڕەوی ستراتێژیکی “لاچین” یان “زەنگزور” لە کۆنتڕۆڵی ئەرمەنستان دەچێتە دەر و دەکەوێتە ئیختیار ئازەربایجانەوە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی نێوان ئازەربایجان لەگەڵ ناوچەی خودموختاری نەخجەوان و تورکییە بەرقەرار دەبێت. ئەم بابەتە لە بەرامبەردا پەیوەندی سنووریی ئەرمەنستان لەگەڵ ئێران بە یەکجاری دەپچڕێنێ و بە زیانی کۆماری ئیسلامی تەواو دەبێت.
هاوکات لەگەڵ سەفەری ئەردۆغان بۆ نەخجەوان ڕۆژی دووشەممە ٣ی مانگی ڕەزبەر هەیئەتێک کە کاربەدەستانی ئەمریکا لەوانە بەڕێوەبەری “ئاژانسی گەشەی نێونەتەوەیی ئەمریکا” و جێگری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە بۆ کاروباری ئورووپا و ئوراسیا بە ئامانجی جەزبی پاشینیان و دەربڕینی هاوپشتی لەگەڵ دەوڵەتی ئەرمەنیستان چوونە “ئیراوان”. تا لەژێرناوی بەناو “نیگەرانیی مرۆڤدۆستانەی ئەمریکا” بۆ خەڵکی ئەرمەنیی قەرەباغ، هەڵوێستی نوێی پاشینیان بۆ دژایەتی و دووری لە ڕووسیە بەهێز بکەن. هەر بەم ئامانجە یەکیەتیی ئورووپاش ڕۆژی سێشەممە چواری مانگی ڕەزبەر لە برووکسێل کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ هەیئەتێکی پایەبەرزی مەقاماتی ئەرمەنستان و ئازەربایجان بە بەشداری نوێنەرانی دەوڵەتانی ئاڵمان و فەڕانسە بەڕێوەبرد. هەر لەم ڕاستایەدا قەرارە ڕۆژی ١٣ی مانگی ڕەزبەر دیدارێکی هاوبەش لە نێوان ئیلهام عەلییۆف و نیکۆل پاشینیان سەرۆکوەزیرانی ئەرمەنستان لە “گرنادای” سپانیا ئەنجام بدرێت. لە نێوەدا تەنها کاردانەوەی ڕووسیە بڵاوکردنەوەی هەواڵی شەڕی ناگۆرنۆ قەرەباغ بووە لەڕێگەی هەواڵنێریی دەوڵەتیی “تاس”ەوە کە ئەوەش نیشانەی لاوازبوونی توانا و ئەولەویەتەکانی ڕووسیە لە دوای شەڕی ئۆکراینە.
بەمجۆرە خەڵکی ستەمدیدەی ئەرمەنی لە “ناگۆرنۆ قەرەباغ” کە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ خەڵکی ئازەربایجان کێشەیەکیان نەبووە و پێکەوە لە ئاشتی و ئارامیدا دەژیان، بەرەوووڕی قەیرانی قووڵی مرۆیی و ئاوارەیی بوونەوە. ئەم خەڵکە ستەمدیدەیە بوونەتە قوربانیی سات و سەودا و بەرژەوەندی زلهێزە سەرمایەدارەکانی جیهان و دەوڵەتانی ناوچەکە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە