تاهیر ئەمانی خەڵکی بۆکان، شاهۆ عەزیزی خەڵکی سەقز و لاوێکی خەڵکی کامێران بە ناوی پێدرام فەیزی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە. ڕۆژی چوارشەممە ۵ی ڕەزبەر تاهیر ئەمانی، هاووڵاتی خەڵکی شاری بۆکان دەستبەسەرکرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تاهیر ئەمانی لە کاسبکارانی شاری بۆکان لە کاتی چوونە دەرەوە لە ماڵ دەستبەسەرکراوە و ماڵەکەشیان پشکنیوە. هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕەزبەر، شاهۆ عەزیزی ٢٢ ساڵ و کرێکاری نانەواخانە دەستبەسەرکرا. لەلایەکی دیکەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا پێدرام فەیزی، خەڵکی گوندی کەڵاتێ و دانیشتووی شاری کامێران دوای دەستبەسەرکران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. لە هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ تاهیر ئەمانی، شاهۆ عەزیزی و پێدرام فەیزی، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.