ڕۆژی چوارشەممە پێنجی مانگی ڕەزبەر، بێدادگای کۆماری ئیسلامی لە ئەهواز بۆ ١٧ کرێکاری ناڕازیی “گرووپی میللیی سەنعەتی فوولادی ئێران”، بەتۆمەتی بێبنەما و بێشەرمانەی “تێکدانی نەزمی گشتی لەڕێگەی دروستکردنی ئاژاوە” لە جەرەیانی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردووی گرووپی میللی فوولاد، حوکمی دژەئینسانیی شەلاق و جەریمەی نەغدیی دەرکرد. هەر کام لەم چالاکە کرێکارییانە کە لە ساڵی ١٤٠١دا بۆ وەدیهاتنی مافەکانیان لەوانە دژبە بەڕێوەنەچوونی گەڵاڵەی ڕیزبەندی پیشە و وەزعیەتی نالەباری بەڕێوەبردنی شیرکەت کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبردبوو، لەڕێگەی ئەم پەروەندە ساختانەوە بە ٧٤ زەربە شەلاق و ٢ و نیو ملیۆن تمەن جەزای نەغدی مەحکووم کراوان. لەو جێگەوە کە لە دادگاکانی نیزامی دژەکرێکاری کۆماری ئیسلامیدا حوکمەکان بە فەرمانی ناوەندە ئەمنییەکان دەردەکرێن، تەنانەت باس کردن و لێکۆڵینەوەشیان تاوان بەحیساب دێت. هەڵبەت لە دەقی حوکمەکەشدا دان بەو ڕاستیە داندراوە کە ئەم حوکمە بەپێی “ڕاپۆرتی ناوەندی ئینتزامی و سکاڵای شیرکەتی سەنعەتی و بازرگانیی شەفەق راهیان ئۆکسین و ڕاپۆرتی حەراسەتی گرووپی میللیی فوولادی ئێران دەرکراوە”. دەرکردنی وەها حوکم گەلێک لە دادگاکانی کۆماری ئیسلامی دژبە بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کە تەنانەت بەپێی یاسای کەزایی خودی ڕژیمیش نابێ دەربکرێ، بابەتێکی تازە نییە و پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە. چەندین ساڵ لەمەوبەر ئێژەیی جەلاد سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕژیم لەم پێوەندەدا دانی بەوە دانابوو کە: ”دەرکردنی حوکمی شەلاق بۆ کرێکاران سەلیقەییە و هێندێک کەس لەگەڵی موافق نین”.
بەپێی ڕاپۆرتی “ئیلنا” هەواڵنێریی کاری کۆماری ئیسلامی، ساڵی ڕابردوو دادگای پێداچوونەوە خاتمەی ئەم پەروەندەیەی ڕاگەیاندبوو و قەراری مەنعی تەعقیبی بۆ دەرکردبوو. کەوابوو کردنەوەی دووبارەی وەها پەروەندەیەک لە بارودۆخی ئێستادا بە تاوانی ساختەی “تێکدانی نەزمی گشتی لەڕێگەی دروستکردنی ئاژاوە”، نەک حوکمێکی یاسایی و قەزایی بەڵکوو کردەوەیەکی ئەمنیەتی و سیاسییە کە ڕژیمی ئیسلامی بە ڕواڵەت بەبیانووی “سکاڵای دووبارە”ی شیرکەت بەڵام ڕاستیدا لە ترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری و ڕێگریکردن لێی ئەنجامی دەدات. ئەم بابەتە لە جیاتی ئەوەیکە لەناو کرێکاراندا ترس و وەحشەت پێکبێنێت، خۆی نیشانەی خۆف و ترسی ڕژیمە لە سەرهەڵدانەوەی مانگرتن و ناڕەزایەتییە کرێکارییەکان. پێویستە بوترێت لە بارودۆخێکدا کە ڕژیم هەر کام لە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی بەشێوەی ڕانتی و خسووسی خستووەتە ئیختیار یەک یان چەند کەس لە دەست وپێوەند و نزیکانی کاربەدەستانی باڵای ڕژیم، فەرمانی مەقاماتی ئەمنیەتی بە قازییەکان لەپێناو بەرژەوەند و قازانجی خاوەنکاران و دژبە کرێکارانە.
هەڵبەت ئەمە نە یەکەمین ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی سەنعەتی فوولاد دژبە ڕژیم و خاوەنکاری سەرمایەدارە و نە یەکەمین هەڵسووکەوتی دڕندانە و وەحشیانەی حکوومەتی ئیسلامییە دژبە کرێکارانی ئەم بەشە سەنعەتییە. ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لەلایەن خاوەنکاران و دەسەڵاتەکەیانەوە لەجیات جێبەجێکردنی خواستەکانیان بەردەوام بە سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجە وڵام دراوەتەوە و بە قەولی خودی کرێکاران: ”بەرپرسانی ڕژیم،هێزی ئەمنیەتی و ئینتزامییان لە گیانی کرێکاران بەرداوە و لەجیات قۆڵبەست کردنی دز و گەندەڵ کە تێکدەرانی ڕاستەقینەی نەزم و بەرهەمهێنانی کۆمەڵگان، زەحمەتکێشترین توێژی کۆمەڵگا و کەسانێک کە خوازیاری مافی کرێکار و بەردەوامبوونی بەرهەمهێنانن، قۆڵبەست دەکەن”.
بەڵام بێگومان لەگەڵ درێژەی قەیرانی ئابووری و لەم بارودۆخە فەلاکەتبارەی کە کۆماری ئیسلامی بەسەر جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشیدا سەپاندوویە، نەتەنیا کرێکارانی فوولادی ئەهواز بەڵکوو کرێکارانی ناوەندەکانی دیکەی بەرهەمهێنانیش دەنگی ناڕەزایەتییان بەرزتر دەکەنەوە و بە مانگرتن و ناڕەزایەتیی یەکگرتووی خۆیان ڕژیم ناچار بە وڵامدانەوە بە خواستەکانیان دەکەن. بۆ نموونە مانگی ڕابردوو کارخانەی فوولادی خەزەر لە شارەکی سەنعەتیی ڕەشت کە بەرهەمهێنەری ئەنواعی شمشی فوولادە و خاوەنکاری ئەو شیرکەتە لە یەک مانگ پێشترەوە بەرهەمهێنانی ئەم کارخانەیەی بەبیانووی کێشەی ماڵییەوە ڕاگرتبوو، ٤٠٠ کرێکاری ئەم ناوەندە گرینگەی بەرهەمهێنان، لە ناڕەزایەتی بە بیلاتەکلیفی وەزعیەتی پیشەیی و بە خواستی پێدانی حەقدەستی دواخراو ڕۆژی پێنجی مانگی خەرمانان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ئەم کرێکارانە کە چەندین ساڵ پێشینەی کار لەم کارخانەیان هەیە، ئاشکرایان کرد کە خاوەنکاری ئەم کارخانەیە بە بیانووی کێشەی ماڵییەوە بەنیازە ئەم ناوەندە بفرۆشێت. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەم کارخانەیە هەروا قازانجدەرە.
دەرکردنی حوکمی شەلاق بۆ کرێکارانی ناڕازیی گرووپی میللیی سەنعەتی فوولادی ئێران بەبیانووی بێبنەمای وەک “تێکدانی نەزمی گشتی لەڕێگەی دروستکردنی ئاژاوە” لەلایەن حکوومەتی ئیسلامییەوە نیشانەی ترس و وەحشەتی ڕژیم لە هاتنە مەیدانی کرێکارانە. بێگومان بزووتنەوەی کرێکاریی ئێران کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە مانگرتنی شکۆمەندی خۆی گشت فەزای کۆمەڵگای خستووەتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، توانا و زەرفیەتی ئەوەی هەیە کە بە درێژەدانی ناڕەزایەتی و مانگرتنی خۆی خەباتی کارخانە بە خەباتی جەماوەری خەڵک گرێ بدات و بەرەوپێشچوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا لەپێناو ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی ئەم دەسەڵاتە دژەکرێکارە زەمانەت بکات.
دەرکردنی حوکمی شەلاق بۆ کرێکارانی ناڕازیی گرووپی میللیی سەنعەتی فوولاد لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بەو مانایەیە کە ڕژیمی پشتیوانی سەرمایەداران هیچ مافێک بۆ کرێکاران لەبەرچاو ناگرێت و تەنانەت گەڵاڵەکردنی داخوازییەکانی کرێکاران و خەبات بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان بە شەلاق وڵام دەداتەوە. دەرکردنی ئەم ئەحکامە دژەئینسانی و کۆنەپەرستانەیە، بۆ چینی کرێکاری ئێران هەڵگری ئەو پەیامەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا هیچکات لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری ناسازێ، بەڵکوو تەنانەت ناشیهەوێ خواستە سەرەتاییەکانیشیان بگرێتە ئەستۆ. لەلایەکی ترەوە خۆڕاگری و بوێریی کرێکاران لەپێناو دیفاع لە خواستە ڕەواکانیان بەرانبەر بە خوێنڕێژانی سەرمایە هەڵگری ئەو پەیامەیە کە چینی کرێکاری ئێران بەسەر هەستی لاوازبوون و دەرماندەییدا زاڵ بووە و تەسلیم نابێت و خەبات تا وەدیهاتنی “نان، کار، ئازادی” درێژە دەدات. کەوابوو پێویستە ڕیزەکانمان پتەوتر، مانگرتن و ناڕەزایەتییەکانمان یەکپارچەتر و سەرانسەریتر بکەینەوە. بێگومان شۆڕش لە ئاسۆدایە.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە