بەپێی ڕاپۆرتەکان، شەوی هەینی ٧ی ڕەزبەر، محەممەد خالیدی، کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی «چی چوران» سەر بە شارۆچکەی نەنۆڕی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم گیانی لەدەستدا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم کۆڵبەرە لە نزیکی سنووری سەیرانبەندی شاری بانە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراوە. تەرمی ئەم کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەدینی ئەیووبی شاری بانە گواستراوەتەوە و تاوەکوو ئێستا تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە. هەروەها ئێوارەی هەمان ڕۆژ، ئەرسەلان سەفییاری، تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی “گەزگەسەک”ی سەر بە شاری پیرانشار، لە نزیک سنووری “حاجی عومران” و لە چیای زینوێ، بەهۆی تەقینەوەی مینی چێنراو قاچی بە سەختی بریندار بوو. شایانی باسە، ناوبراو بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەرەیی پزیشکی، بە ئەمبوڵانس بۆ نەخۆشخانەی شاری چۆمان و لەوێشەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری هەولێر گواستراوەتەوە.