ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی ڕەزبەر، سیرووس عەباسی، چالاکی مەدەنی و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی دامەزراوەی زانستی کوردستان، لە زیندانی قوروە ئازاد بوو.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕۆژی شەممە ١٨ی خەرمانان، سیرووس عەباسی لە چالاکانی مەدەنیی دێهگولان، پاش بانگهێشت کران بۆ دادگای ئەم شارە دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێ بوونی حوکمی زیندانەکەی ڕەوانەی زیندانی قوروە کرا. ئەمە لە حەڵێکدایە کە ڕۆژی شەممە ١١ی خەرمانان، سیرووس عەباسی، ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی دامەزراوەی زانستی کوردستان، باسی لە هەڵوەشانەوەی مۆڵەتی چالاکیی ئەم دامەزراوەیە لەلایەن وەزارەتی پەورەردەوە کردبوو. وەزارەتی پەروەردە، مۆڵەتی چالاکیی ئەم دامەزراوەی بە هۆی “بەفەرمیکردنی زمانی کوردی لەم فێرگەیە”، “پشتیوانی لە مامۆستایانی دەستبەسەرکراو” و “پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی”، هەڵوەشاندووەتەوە. جێگای ئاماژەیە، ساڵی ڕابردوو، سیرووس عەباسی، لە لایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی ئەم شارەوە بە ٦ ساڵ و ٤ مانگ زیندان، مەحکووم کرابوو. بەپێی حوکمی دادگای سەرەتایی، سیرووس عەباسی بە تۆمەتەکانی “پڕوپاگەندە دژی نیزام”، بە ١٠ مانگ زیندان، “تێکدانی نەزمی گشتی” بە ١٨ مانگ زیندان و “کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی” بە ٤٨ مانگ زیندان، مەحکووم کرابوو.