وەزیرانی ناوخۆی دەوڵەتانی یەکیەتیی ئەورووپا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سێپتامبر، بەرابەر لەگەڵ ٦ی مانگی ڕەزبەر بۆ چەندومین جار کۆبوونەوەی بەپەلەیان بۆ چارەسەرکردنی “قەیرانی پەنابەری” بەڕێوەبرد. لە ڕۆژانی پێشتردا سەرۆکوەزیرانی نیۆفاشیستی ئیتالیا هەڕەشەی لە دەوڵەتانی ئەورووپایی کردبوو کە ئەگەر ڕێگایەک بۆ کۆتایی ئەم قەیرانە نەدرۆزنەوە، ئیتالیا بڕیاری خۆی لەمبارەوە دەدات. هەڵبەت بڕیاری سەرۆکوەزیرانی نیۆفاشیستی ئیتالیا تەنها دەتوانێ قوربانیکردنی ژمارەیەکی زیاتر لە پەنابەران لەناو دەریای مەدیتەرانەدا بێت. ئەوەیکە وەزیرانی ناوخۆ پەسندیان کرد، بەدەر لەو هەوڵانەی کە بۆ ڕازاندنەوەی دەیدەن، لەڕاستیدا لێدانی دوایین بزمارەکان بوو لە تابووتی کۆنوانسیۆنی ژنێڤ بۆ مافەکانی پەنابەران. لەئێستادا بەبیانووی “قەیرانی توند”ەوە ڕێگە بە دەوڵەتەکان دراوە تا یاساکانی کۆنوانسیۆن بە هەر ئەندازەیەک کە پێویستی دەزانن، پێشێل بکەن.
لەڕاستیدا ئەوەیکە پێی دەوترێ قەیرانی پەنابەری ئاکامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتانی سەرمایەدارییە. یەکیەتیی ئەورووپا هەرکات مەسەلەی تاڵانکردنی سەرچاوە سرووشتییەکانی وڵاتانی غەیری ئەورووپایی بێتەوە بەرەوە، بۆ ساتێک دەریغی ناکات و ئامادەیە لەگەڵ گەندەڵترین سەرانی وڵاتانی غەیری ئەورووپایی، گرێبەستی گەورە بۆ تاڵانکردنی سەرچاوە و کانگاکانی ئەم وڵاتانە ببەستێ. بە بردنەسەری ڕێژەی گازە گوڵخانەییەکان ژینگەی خەڵکی وڵاتانی دەرەوەی بازنەی ئەورووپایان لەناوبردووە. لە هەمان حاڵیشدا ئامادەن لەگەڵ سەرانی دەوڵەتانی قارەی ئەفریقا و یان دیکتاتۆری تورکییە گرێبەستی گەڕاندنەوەی پەنابەران ببەستن و یان چارەنووسی پەناخوازان بە شەپۆلە خرۆشانەکانی دەریای مەدیتەرانە بسپێرن. یەک ساڵ لەمەوبەر بە دانی سەد و بیست و حەوت ملیۆن یۆرۆ، هاوکاریی دیکتاتۆری توونێسیان بۆ سنووردارکردنی تێپەڕینی پەناخوازان لە توونێس و گەڕاندنەوەیان بەدەست هێنا. بەڵام ئاکامی ئەم موعامەلە قیزەونە تەنها ئەوە بوو کە پەناخوازان دەبێ هەزینەی زیاتر بۆ پەڕینەوە لە سنوورەکان بدەنە قاچاغچیان و هاوکات ژمارەی قوربانییانی دەریای مەدیتەرانە بەرزتر بووەوە. لە ساڵی ٢٠١٦دا موعامەلەی شەرمەزارکەری شەش هەزار ملیاردی لەگەڵ ئەردۆغان بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران لە یوونانەوە بۆ تورکییە ئەنجام درا. کاتێک کە دەنگی ناڕەزایەتیی دەوڵەتی یوونان بەخاتری هجوومی پەنابەران لە سنووری تورکییەوە بەرەو دوورگەکانی یوونان بەرز بووەتەوە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئەورووپا سەفەرێکی تەبلیغیی بۆ کەمپەکانی یوونان کرد و بەڵێنی دا کە ڕێگاچارەیەکی ئەورووپایی بۆ ئەم قەیرانە دەدۆزێتەوە.
هێشتا زیاتر لە چەند حەفتە لە سەفەری سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئەورووپا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نیۆفاشیستی ئیتالیا بۆ دوورگەی “لامپێدۆسا” تێنەپەڕیبوو کە سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا بەڵێنی یارمەتیی یەک ملیارد یۆرۆیی بە ئیتالیا دا. بەڵام بۆ سەرۆکوەزیرانی نیۆفاشیستی ئیتالیا مەسەلەکە دەرکردنی پەنابەران لە ئیتالیا و ڕێگری لە چوونی پەنابەرانی نوێ لەڕێگەی ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ ئاوەکانی مەدیتەرانە و گەڕاندنەوەی بەلەمی پەنابەران بەرەو توونێس و لیبییە. باس لەوە دەکرێت کە پەناخوازان تا هەژدە مانگ لە گرتووخانەکاندا ڕابگیرێن تا وڵاتانێک کە ئەم پەنابەرانە لەوێوە هاتوون، حازر بێت وەریان بگرێتەوە. لەڕاستیدا جیهانی سەرمایەداری ڕێگاچارەیەکی بۆ ئەم قەیران و تراژێدیا قووڵە ئینسانییە نییە. چونکە لەجیات بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هۆکاری قەیرانی پەنابەری، بەشوێن ڕێگایەکەوەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەنابەران. بێگومان دەتوانین بڵێن کە گرێبەستی “شێنگێن” کە بابەتە سەرەکییەکەی کۆنتڕۆڵ نەکردنی سنوورەکانی نێوان وڵاتانی یەکیەتیی ئەروووپا بوو، لە دنیای واقعدا مەوزووعیەتی خۆی لەدەست داوە. کەشتییە جەنگییەکان لە سنووری یوونان لە دەریای “ئێژە” بەربە پەنابەران دەگرن و دەیانگەڕێننەوە تورکییە و هەڵبەت دەوڵەتی تورکییەش لە ناردنەوەی ڕاستەوخۆ بۆ وڵاتی یەکەمیان دەریغ ناکات. لەهستان سنووری خۆی لەگەڵ “سلۆواکی” داخستووە. ئاڵمان خاڵی پشکنینی هەمیشەیی لەسەر سنوورەکانی لەگەڵ “ئۆتریش، لەهستان و چیک” داناوە. لە هەمان کاتدا ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە پێیان دەوترێت “ئەمن” و پەناخوازان دەنێرنەوە بۆیان، زیاتر دەبێت. کاتێک کە پەناخوازان دوای بۆمبارانی لیبی لەلایەن ئەرتەشی ناتۆ و ڕووخانی قەزافی، خۆیان گەیاندنە دوورگەی “لامپێدۆسا” لە ئیتالیا، جیهان دەیزانی کە ئەم پەناخوازانە بەهۆی شەڕی ناتۆ لە لیبی هاتبوونە ئەوێ. ئەم پەناخوازانە لە سوودان، لە سوومالی، لە لیبی، لە عێراق، لە ئەفغانستانەوە خۆیان گەیاندبووەتە قەڵای ئەورووپا. خەڵکی هەموو ئەم وڵاتانە قوربانیی هێرش و داگیرکارییەکانی هەر ئەم دەوڵەتە ئیمپریالیستانە و قوربانیی هەژاریی بێسنوور و لەناچوونی ژینگەن.
لەئێستادا چەندین مانگ و حەفتەیە کە لە میدیاکانی وڵاتانی ئەورووپاییدا باس لە دیاریکردنی باڵاترین ئاستی وەرگرتنی پەناخوازان، بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاغچیان و بە مانای ڕاستەقینەی وشە بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەناخوازان، باس لە کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و باس لە ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ دەریای مەدیتەرانە دەکەن. بەڵام هەر ئەوەندە بەسە تا بڕوانینە گرینگترین وڵاتی ئەورووپایی تا ڕوخساری دژەمرۆیی ڕاسیسم ببینین. لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیک بە دووسەد و چوار هەزار کەس لە ئاڵمان داوای پەنابەرییان کردووە. ئەم ژمارەیە تەنانەت یەک لەسەر پێنجی ئەو پەناخوازانە نین کە بەهۆی شەڕی نیابەتی لە ئۆکراین چوونەتە ئاڵمان. بەڵام لەمبارەوە نە باسی باڵاترین ئاستی وەرگرتن و نە باسی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ قاچاغچیان و نە باسێک لە کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان کرا. چونکە لەم ڕێگەوە دەیانتوانی ئەندازیاری بیروڕای گشتی خەڵکی وڵاتەکانیان بکەن بۆ بەرگریکردن لەم شەڕە ئیمپریالیستییە. بەدەر لە هەموو بڕیارەکانی سەرانی یەکیەتیی ئەورووپا و بەدەر لە بۆنی گەنیوی ڕاسیسم کە هەموو شوێنێکی داگرتووە، ئەوەیکە ئاگاهانە دەشاردرێتەوە هۆکاری بنەڕەتیی چوونەسەری ملیۆنیی ژمارەی مرۆڤی پەناخوازە کە بە هەزاران ئاواتەوە دەریا و دارستان و کێوەکان دەپێوێ تا بەڵکوو شانس بێنێت و شوێنێکی ئەمنی بۆ ژیان وەگیر کەوێت. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە چارەنووسی زۆربەیان شتێک نییە بێجگەلە بوون بە هێزی کاری هەرزان بۆ بەرهەمهێنانی زێدەبایی لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداری. ئەمەیە جەوهەری ڕاستەقینەی سیستەمی سەرمایەداری کە تێیدا ژیانی مرۆڤەکان تەنها کاتێک بایەخی هەیە کە لە خزمەت قازانجپەرستیی بێسنووری سەرمایەدا بێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە