فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

وڵامی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران بە خواستی بردنەسەری حەقدەستی کرێکاران
چوارشەممە ۱۲-۰۷-۱۴۰۲   |  04-10-2023

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی مانگی ڕەزبەر “عەلی ڕەعیەتی فەرد” جێگری وەزارەتی “تەعاون، کار و ڕەفاهی ئیجتماعی” و سەرۆکی شۆرای باڵای کاری ڕژیم، لە وڵام بە داخوازیی کرێکاران بۆ بردنەسەری حەقدەستی چوار قات ژێر هێڵی هەژاری لە نیوەی دووهەمی ئەمساڵ، هەرجۆرە زیادکردنێکی حەقدەستی ڕەت کردەوە و ئەم بابەتەی حەواڵەی ساڵی داهاتوو کرد. ئەم کارگێڕەی حکوومەتی ئیسلامی وتی: ”بابەتی لانیکەمی حەقدەست ساڵی جارێک دێتە ئاراوە و لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت. بێجگەلە ئەوەش بۆ بڕیاری نوێ، پێویستە هاوبەشە کۆمەڵایەتییەکانمان حەتمەن لەمبارەوە یەکدەنگ بن و ناکرێ بەتەنها یەک لایەن داوای زیادکردنی حەقدەست بکات”. هەڵبەت بەر لەویش سەوڵەت مۆرتەزەوی، وەزیری کاریش لەگەڵ بردنەسەری دووبارەی حەقدەستی کرێکاران لەمساڵدا دژایەتیی کردبوو و داوای لە کرێکاران کردبوو کە بۆ زیادکردنی حەقدەست لەگەڵ خاوەنکاری خۆیان وتووێژ بکەن و ئەم بابەتە ساڵی داهاتوو لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت. ئەم وتانەی وەزیری ڕژیم و جێگرەکەی لە حاڵێکدایە کە لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوودا دوای ساغکردنەوەی گەڵاڵەی بوودجەی دەوڵەت، لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی ئەمساڵ لەلایەن شۆرای باڵای کاری ڕژیمەوە بە بردنەسەری ٢٧ لەسەد، نزیک بە پێنج ملیۆن و ٣٠٨ هەزار تمەن دیاریکرا. بەمجۆرە کۆی گشتیی حەقدەستی بنەماڵەیەکی خاوەن منداڵ بەلەبەرچاوگرتنی باقیی خزمەتگوازییەکان، دەبووە نزیک بە ٨ ملیۆن تمەن. ئەم بڕە پارەیە بۆ خانەنشینکراوان کەمتر لەوە بوو و بە بردنەسەری ٢٠ لەسەد، حقووقەکانیان گەیشتە نزیک ٦ ملیۆن تمەن. بێگومان بۆ زۆربەی کرێکاران کە یاسای کار نایانگرێتەوە دۆخی ژیانیان لەوەش خراپترە.

ئەم بڕیارەی شۆرای باڵای کاری ڕژیم هەر ئەوکات لەلایەن کرێکاران و ڕێکخراو و ناوەندە کرێکارییەکان، لەوانە کرێکارانی حەوت تەپە، کۆمەڵێک لە کرێکارانی خانەنشینکراوی حەوت تەپە و شووش، ڕێکخراوەکانی دیکەی خانەنشینان، سەندیکای کرێکارانی شیرکەتی واحیدی ئۆتوبوسڕانی تاران و دەوروبەر، سەندیکای کرێکارانی فلێزکار مکانیک و خانەنشینانی سەربەخۆی یەکگرتووی بابێل، قەزوین و ڕامهۆرمۆز و شوێنەکانی تر درایە بەر ناڕەزایەتیی بەرین. بردنەسەری ئەم ئاستە کەمەی حەقدەست لە حاڵێکدایە کە خەرجی سەبەدی بژێوی بنەماڵەیەکی کرێکاریی خاوەن منداڵ هەر ئەوکات نزیکەی ٢٦ ملیۆن تمەن بەرئاورد کرابوو کە ئەمە تەنانەت لەگەڵ یاسا کەزاییەکانی حکوومەتی دژەکرێکاری کۆماری ئیسلامیش یەکی نەدەگرتەوە. بەپێی دوو تێبینیی مادەی ٤١ی یاسای کاری ڕژیم، “دەبێت زیادکردنی لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی کرێکاران بە پشتبەستن بە زیادبوونی ڕێژەی هەڵاوسان و هەروەها تێچووی سەبەدی بژێوی بنەماڵەیەکی کرێکاری دیاری بکرێت”. لەو کاتەدا بە مەبەستی فریودانی کرێکاران و پێشگرتن لە ناڕەزایەتی و مانگرتن لەو دۆخە مەترسیدارەدا، بەشێک لە بەرپرسە درۆزنەکانی ڕژیمی ئیسلامی بەڵێنیان دا کە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی ژیان، لانیکەمی حەقدەست لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا دووبارە زیاد دەکرێتەوە.عەلی ڕەعیەتی بۆ پاساوکردنی یەکنەگرتنەوەی ئاستی حەقدەست لەگەڵ مادەکانی یاسای کار ڕایگەیاند: “ڕێژەی هەڵاوسان هەمیشە ڕەچاو ناکرێت و شۆرای باڵای کار بەشێوەی سێ قۆڵی لانیکەمی حەقدەست دیاری دەکات”.

ئاشکرایە کە هەر سێ لایەنی شۆرای باڵای کاری ڕژیم نوێنەری سەرمایەدارانن و کرێکاران بۆ دیفاع لە بەرژوەند و قازانجیان و بۆ دیفاع لە زیادکردنی حەقدەستەکانیان، لەم شۆرا دەستسازەی حکوومەتی ئیسلامیدا نوێنەریان نییە. تەنانەت ئەوانەی وا وەک نوێنەری کرێکاران لەم شۆرایەدا دیاریکراون، دژبە بەرژەوەندی کرێکاران و لەدژی بردنەسەری حەقدەست و بە قازانجی دەوڵەت و خاوەنکار دەنگ دەدەن. هێندێک جار دەڵێن کە بردنەسەری حەقدەست دەبێتە هۆی چوونەسەری ئاستی هەڵاوسان و ئێستاش دەڵێن کە خاوەنکاران نیگەرانی کرێکارانن بەڵام لە بواری دابینکردنی حەقدەستدا بەرەوڕووی کێشە بوونەتەوە. یان بۆ دیفاع لە بەرژوەندی خاوەنکار دەڵێن کە خاوەنکاران کێشەی دابینکردنی هێزی کاریان هەیە چونکە کرێکاران وەشوێن پیشەی دیکە دەکەون و یان بۆ وڵاتانی تر کۆچ دەکەن. ئەوەش ئەوپەڕی فریوکاریی ڕێبەران و بەرپرسانی دەسەڵاتی ئیسلامی دەگەیەنێ. چونکە هەموو کەس دەزانێت کە لەو قەیرانە قووڵە ئابوورییەی کە ڕژیم بەرەوڕوویەتی، “پیشەی دیکە” ئەسڵەن بوونی نییە تا کرێکاران ڕووی تێ بکەن. بێجگەلە ئەمە، کرێکاران کە تەنانەت بۆ دابینکردنی خۆراکی ڕۆژانەیان لەگەڵ کێشە بەرەوڕوون بە چ ئیمکاناتێکی ماڵییەوە دەتوانن بۆ وڵاتانی تر کۆچ بکەن.

بارودۆخی ئابووری لە ئێران بۆ کرێکاران هێندە قەیراناوی و فەلاکەتبارە کە تەنانەت بەپێی ئەرقامی ناوەندی ئاماری خودی ڕژیم، تێچووی سەبەدی بژێوی بنەماڵەیەکی کرێکاری بەردەوام دەچێتە سەرێ. بەلەبەرچاوگرتنی ڕێژەی هەڵاوسانی ٥٠ لەسەدی، هەزینەی سەبەدی بژێو و ژیانی بنەماڵەیەک لە شارەکانی ئێران لە مانگدا گەیشتووەتە سەرووی ٣٢ ملیۆن تمەن. دەوڵەتی ڕەئیسی کە هیچ شارەزاییەکی بێجگەلە درۆ و قەتڵ و سەرکوت نییە، توانای کۆنتڕۆڵکردنی تەوەروم و وڵامدانەوە بە داخوازیی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی نییە. کەوابوو کرێکاران و خانەنشینان مافی خۆیانە کە خوازیاری بردنەسەری لانیکەمی حەقدەستی چوار قات ژێر هەژاری بن کە ساڵەهایە حکوومەتی ئیسلامیی لەڕێگەی گوشار و سەرکوت و زیندان و ئەشکەنجەوە بەسەریانیدا سەپاندووە. کۆماری ئیسلامیی دژەکرێکار هەمیشە داخوازیی کرێکاران و ناڕەزایەتییانی بۆ بردنەسەری حەقدەست، بە دەرکردن و دەستبەسەرکردن و زیندان وڵام داوەتەوە. بەڵام بێگومان کرێکاران بۆ گەیشتن بە داخوازییە ڕەواکانیان و بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئینسانی ڕێگایەکیان بێجگەلە ناڕەزایەتی و مانگرتن و ڕێکخستنی ڕیزەکانیان بۆ نەماوەتەوە.

لە بارودۆخی ئێستادا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کرێکاران بۆ بەرێوەبردنی ناڕەزایەتی و وەدیهێنانی داخوازییەکانیان، نەبوونی ڕێکخراوەکانی جەماوەری و چینایەتیی کرێکارانە. سەرانی دز و گەندەڵی دەسەڵاتی ئیسلامیی سەرمایەداران بەخاتری ڕێکخراونەبوونی کرێکاران توانیویانە هەزاران ملیارد تمەن بۆ بردنەسەری بوودجەی هێزی سەرکوتگەری نیزامی و ئەمنیەتی و ناوەندەکانی جەهل و خورافەی مەزهەبی لە گەڵاڵەی بوودجەدا بگونجێنن. ئەو هێز و ناوەندانەی کە نەتەنها ڕۆڵێکیان لە بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا نییە بەڵکوو زەرووئاسا لە بەرهەمی ڕەنج و کاری کرێکاران دەخۆن. بەڵام هەر کات نۆبەی کرێکاران دێ هاوار دەکەن کە ناتوانن حەقدەستی چوار بەرابەر ژێر هێڵی هەژاری کە بەسەر کرێکارانیاندا سەپاندووە، زیاد بکەن.

وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە

https://alternative-shorai.tv

https://cpiran.org

https://komala.co