گیانلەدەستدانی کرێکارێک بە هۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی ئامێری بەردشکێنەوە
چوارشەممە ۱۲-۰۷-۱۴۰۲   |  04-10-2023
ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لە گیانلەدەستدانی کرێکارێک بەهۆی نەبوونی ئەمنیەتی شوێنی کار دەکەن کە لە کانگای شن و ماسەی “خرسدەر” کاری دەکرد.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە: ڕووداوەکە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ڕەزبەر ڕوویدا کاتێک کرێکارێک بە ناوی فەتحۆلا حەسەن وەند ٣٥ ساڵ تەمەن کە لە کانێکی شن و ماسە کە دەکەوێتە گوندی “خرسدەر” سەر بە پۆل دۆختەر کاری دەکرد بەهۆی ڕەچاونەکرانی ئەمنیەتی شوێنی کارەوە گیانی لەدەستداوە.
لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم کرێکارە سەرقاڵی پاککردنەوەی تەسمەی گواستنەوەی ئامێری بەردشکێنەکە بووە کە لەناکاو بەهۆی دەرچوونی تەسمەکە، ئامێری بەردشکێنەکە لە بەرزایییەکەوە دەکەوێتە خوارەوە و لە ئەنجامدا بەهۆی برینداربوونی ملی دەستبەجێ گیانی لەدەست دەدات.