دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “فایەق عەلی محەممەدی”، خەڵکی شاری سەقز و “مەولوود بەشیر”، خەڵکی شاری پیرانشار بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی ١٣ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناوی “مەولوود بەشیر”، لە بەرزایییەکانی سنووری “دڵاوان”ی ئەو شارە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ڕژیم بریندار بوو. شایانی باسە، ناوبراو بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ گواستراوەتەوە. لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژێک پێشتریش واتە چوارشەممە ١٢ی ڕەزبەر، فایەق عەلیمحەمەدی، کۆڵبەرێکی دیکە خەڵکی شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنووری “بەستام”ی شاری سەقز پشتی بریندار بووە و دواتر لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەمشارە چارەسەری پزیشکی بۆ کراوە.