بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ١٣ی ڕەزبەر، “ڕەزا نەزەریی کاکوەندی”، هونەرمەندی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری “هەرسین”ی سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن وەزارەتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامییەوە چالاکیی هونەریی لێ قەدەغە کرا.
شایانی باسە، ناوەندی هونەرە نمایشییەکان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بەفەرمی ئاگاداریان کردووەتەوە کە چالاکییە هونەرییەکانی لێ قەدەغە کراوە. هەروەها ئەم هاووڵاتییە کە نەخۆشیی دڵی هەیە، دوای ئەوەی کە پێیان ڕاگەیاندووە چالاکییە هونەرییەکانی لێ قەدەغە کراوە و نابێت کاری هونەری بکات، هەنووکە لە بارودۆخێکی زۆر خراپی جەستەیی و دەروونی دایە. جێگای ئاماژەیە، ڕەزا نەزەریی کاکوەندی ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی خەرمانان، لە شاری کەرەج لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ٨ی ڕەزبەر بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تۆمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی تارانی گەورە ئازاد کرا.