
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئاگاداربووینەوە کە هاوڕێ ئەفشین نازمی لە کادرە لەمێژینەکانی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کاتژمێر یەکی نیوەشەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ بەرابەر لەگەڵ ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ لە شاری ئەلمیرەی هۆلەند لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
هاوڕێ ئەفشین کە لە مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٥٦ لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێش لە شاری سنە لەدایک ببوو هەر لە سەردەمی منداڵییەوە لەگەڵ کار و ڕەنج و زەحمەت دەست و پەنجەی نەرم کرد و هەر ئەم بارودۆخە بابەتییەی ژیان، فکر و بیری سیاسی ئەوی لە سەردەمی تازەلاویدا پێکهێنا. ئەفشین بەو پێشینەوە لەژێر کاریگەریی فەزای سیاسی زاڵ بەسەر کۆمەڵگا، لەگەڵ پرسە سیاسییەکان ئاشنا بوو و دیفاع لە بەرژەوەند و قازانجی کرێکاران و زەحمەتکێشان و ژنانی ستەمدیدەی کردە قوتبنەمای چالاکیی سیاسی خۆی. هاوڕێ ئەفشین لە ساڵی ١٣٧٢دا لە حاڵێکدا کە هێستا ١٦ ساڵی بوو بە شور و شەوقەوە بۆ پەیوەست بوون بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە سەردانی فێرگەی کۆمەڵەی لە کوردستانی عێراق کرد. بەڵام لەو کاتەدا بەهۆی کەمبوونی تەمەنی وەرنەگیرا. هاوڕێ ئەفشین ئەمجارەیان لە نزیکترەوە لەگەڵ کۆمەڵە ئاشنا بوو و بە هەمان گوڕوتینی خەباتکارانە و بە لەبەرەچاوگرتنی مەسەلەی ئەمنیەت گەڕایەوە شاری سنە و لە پەیوەند لەگەڵ تەشیکلاتدا درێژەی بە چالاکیی سیاسی دا. ئەفشین لە ساڵی ١٣٧٧دا بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە شاری سنە شناسایی، دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا. بەڵام دوای ماوەیەک لە زیندان ئازاد بوو. هاوڕێ ئەفشین لە ساڵی ١٣٧٨ بۆ جاری دووهەم سەردانی تەشکیلاتی عەلەنیی کۆمەڵەی کرد و بە تێپەڕاندنی دەورەی ئامووزشی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیوەست بوو.
هاوڕێ ئەفشین لە ڕیزەکانی تەشکیلاتی عەلەنیی کۆمەڵەدا بە شەوق و بە عەلاقەوە چالاکییەکانی ئیدامە دەدا. لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکاندا سازماندرا و ئەرکە تەشکیلاتییەکانی بە هەستی بەرپرسایەتییەوە بەڕێوەدەبرد. هاوڕێ ئەفشین کە لە ناو تەشکیلاتدا بە ناسناوی ڕەشادەوە دەناسرا لەو سەردەمەدا کە وەک بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتیی کۆمەڵە لە شاری کەرکووکی کوردستانی عێراق کاری دەکرد بەرپرسانە ئەرکەکانی خۆی بەڕێوەدەبرد. پەیوەندی سەمیمانەی لەگەڵ خەڵکی دەورووبەری بەرقەرار کرد و هەر لەو شارەش ژیانی هاوبەشی پێکهێنا. هاوڕێ ئەفشین لە هەمان حاڵدا کە تێکۆشەرێکی پڕگوڕوتین بوو وێنەکێش و هونەرمەندێکی لێهاتووش بوو و دەیان بەرهەمی بەنرخی لەدوای خۆی جێ هێشتووە. هەر بەم دەلیلەش بۆ ماوەیەک لە ئۆرگانی ئینتشاراتی کۆمەڵە کاری کرد و لەناو هاوڕێیانی هاوکاریدا بە ئینسانێکی پڕکار و ماندوویینەناس و زەحمەتکێش دەناسرا. هاوڕێ ئەفشین بەو کارنامەیە لە چالاکی لە تەشکیلاتی عەلەنیی کۆمەڵەوە لە ساڵی ١٣٨٩دا بۆ وڵاتی هۆلەند کۆچی کرد و ئەمجارەیان وەک ئەندامی تەشکیلاتی هۆلەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەڵسووڕانی سیاسی و ڕێکخراوەیی خۆی درێژەپێدا. بە هۆی هەر ئەم چالاکی و تەوازوع و سەداقەت و سەمیمیەتەی لە هاوڕێیەتیدا، لەناو هاوڕێیان و دۆستان و ئاشنایانیدا ببووە کەسایەتییەکی جێگەی متمانە و خۆشەویست. بێگومان مەرگی نابەوەختی هاوڕێ ئەفشین بۆ حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە زیان و خەسارێکی گەورەیە.
بەبۆنەی گیان بەختکردنی نابەوەختی هاوڕێ ئەفشین پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی دایک و باوکی بەڕێزی کاک عەبدوڵڵا و دایە شەهین، هاوسەری چیمەن و منداڵەکانی ڕۆزا و ئەشکان و خوشک و براکانی شاهۆ و ڕووناک و هەروەها هەموو هاوڕێیانی ڕیزەکانی تەشکیلاتی کۆمەڵە و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران دەکەین. یادی بەرز و بەڕێز بێت.
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢
٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣