میدیاکانی ئیسڕائیل بڵاویانکردووەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە لایەن گرووپە فەلەستینییەکانەوە کوژراون، ٧٠٠ کەسی تێپەڕاندووە و نزیکەی دوو هەزار و ٢٠٠ کەسیش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش لە نوێترین ئاماری کوژراوان بەهۆی بۆردومانەکانی سپای ئیسرائیلەوە بۆسەر غەززە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا ٤٧٠ کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار و ١٠٠ کەسیش بریندارن. تەندروستی فەڵەستین ئاماژەی بەوەش کردووە، لەترسی بۆردومانەکانی ئیسرائیل ٧٠ هەزار کەس لە غەززە پەنایان بۆ قوتابخانەکان بردووە.
هاوکات، پێکدادان لەنێوان سپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لەناوچەکانی سیدۆرت و عەسقەلان و پێنج ناوچەی دیکەی کەناری غەززە بەردەوامە. لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕوویتێرز لە ڕاپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە، ژمارەی ئەو ئیسرائیلیانەی کە لەلایەن گرووپە فەڵەستینییەکانەوە بەدیل گیراون ١٥٠ کەسی تێپڕاندووە و تا ئێستاش ٧٠٠ ئیسرائیلیش بێسەروشوێنن. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، رۆژی شەممە ١٥ی ڕەزبەر، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و ژمارەیەک چەکداری فەڵەستینیش تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل شەڕی کۆڵان بە کۆڵانیان دەستپێکرد.