فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

دەستبەسەرکردنی ٧ هاووڵاتیی ناڕەزایی خەڵکی تیکاب لەسەر دەرئەنجامەکانی کانگایەکی نزیک گوندەکەیان
دوشەممە ۱۷-۰۷-۱۴۰۲   |  09-10-2023

حەوت هاووڵاتیی خەڵکی شاری تیکاب بە ناوەکانی “عەلی بەرادەران، عەلی سەروی، عارف زەمانی، ئەمین قارەمانی، مەعرووف سالمی، زاهید مەجنوونی و مەهدی مەجنوونی” کە ناڕەزایەتییان لەسەر بەردەوامیی چالاکی و کارکردنی نایاسایی  کانگایەکی نزیک لەو شارە دەربڕیوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو حەوت هاووڵاتییە کە خەڵکی گوندی “ئەحمەدئاوا”ی سەر بە شاری تیکاب بوون، دوای ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەر بەردەوامیی چالاکییە نایاسیاییەکانی  کانگایەکی نزیک لەو گوندە و لێکەوتە ژینگەیییەکانی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراون.
بە وتەی هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو گوندە، بەهۆی ئەو کانگا نوێیەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا لە نزیک گوندەکەیان کەوتووەتە کار، ئاوی خواردنەوەی ئەو گوندە و چەند گوندێکی دەوروبەری “ئەحمەدئاوا” بڕاوە و بەهۆی ئەگەری بەردەوامیی چالاکی و کارکردنی نایاساییی ئەو کانگایە لە داهاتوویەکی نزیکدا سەرچاوەی ئاوی گوندەکانی ئەو ناوچەیە بەتەواوەتی وشک دەبێت. شایانی باسە، ئەو ٧ هاووڵاتییە دوای ئەوەی کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بۆ زیندانی ناوەندی میاندواو گواستراونەتەوە و هەروەها بارودۆخی یەکێک لەو دەستبەسەرکراوانە بەهۆی ئەوەی کە نەخۆشی دڵی هەبووە، نالەبار و ناجێگیرە.