فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەکارهێنانی بۆمی فۆسفۆری لە لایەن سپای ئیسڕائیل لە غەززە
هەینی ۲۱-۰۷-۱۴۰۲   |  13-10-2023

لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە بارودۆخی مرۆیی کەرتی غەززە و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس، رێکخراوی “هیومان رایتس وۆچ” باسی لەوەکردووە، دوای لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک ڤیدیۆی تۆمارکراوی ئەو مووشەکانی ئاراستەی بەندەری غەززە کراون، بۆیان دەرکەوتووە ئەو ماددەیەی لە مووشەکەکاندا هەیە، لە جۆری فۆسفۆڕی سپی قەبارە ١٥٥ میلی گرامییە، ئەوەش بەهۆی ئەو دووکەڵە سپیەی لەدوای بۆردومانەکان بەرزبووەتەوە.
لە بەرامبەر ئەو راگەیەندراوەیەدا، سپای ئیسرائیل تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە بەکارهێنانی بۆمبی فۆسفۆڕی سپی لە غەززە نییە. هاوکات رۆژنامه‌ى تایمزى بریتانیا رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢٠ی ڕەزبەر بڵاویكرده‌وه، بریتانیا دوو كه‌شتى جه‌نگى هێزه‌كانى ده‌ریایى وه‌ك پشتیوانى بۆ ئیسرائیل رەوانەی ناوچەکە دەکات له‌گه‌ڵ فڕۆكه‌ى چاودێرى بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام چاودێرى ئاسمانى ئیسرائیل بكات.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ پشتیوانى له‌ ئیسرائیل، ئه‌نتونى بلینكن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مەریكا له‌ كۆنفرانسێکی رۆژنامه‌وانیدا له‌ تیلاویو رایگه‌یاند، سه‌ردانى سعوودیه،  میسر، ئیمارات، ئوردون و قه‌ته‌ر ده‌كات. جێگای وەبیرهێنانەوەیە، رۆژی شەممە ١٥ی ڕەزبەر باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی. بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان تا کاتژمێر ٧ی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، نزیکەی هەزار و ٣٠٠ ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و ٧٠٠ کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و ٤١٧ هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە. هاوکات بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش، ٤٢٣ هەزار کەس لە کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون و لە پەناگەکاندا بۆ خۆپاراستن لە بۆردومانەکانی سپای ئیسرائیل خۆیان حەشارداوە.