فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

خەڵکی غەزە لەبەردەم سزای بەکۆمەڵ و کارەساتێکی گەورەی مرۆییدا
یەکشەممە ۲۳-۰۷-۱۴۰۲   |  15-10-2023
خەڵکی غەزە لەبەردەم سزای بەکۆمەڵ و کارەساتێکی گەورەی مرۆییدا

لە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ کە هێزە چەکدارەکانی حەماس لە هێرشێکی غافڵگیرانە و بێوێنەدا لەژێرناوی “تۆفانی ئەقسا” دیوارە ئەمنیەتییەکانیان شکاند و نفووزیان کردە ناو هێندێک لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئیسرائیل، شەش ڕۆژ تێدەپەڕێ. بەپێی ڕاپۆرتەکان هێزەکانی حەماس لە جەرەیانی ئەم هێرشە غافڵگیرانەیەدا کە هاوکات بوو لەگەڵ مووشەکبارانی شارەکانی ئیسرائیل دەیان سەربازی ئیسرائیلییان کوشتووە و بریندار کردووە و زیاتر لە سەد هەزار کەسی نیزامی و مەدەنییان بەدیل گرتووە. لەم هێرشەدا هێزە تاوانکارەکانی گرووپی حەماس زیاتر لە ١٠٠٠ کەس لە خەڵکی ئیسرائیل، ژن و پیاو و منداڵ و پیر و لاویان بەشێوەیەکی کارەساتبار کوشتووە و هەزاران کەسیشیان بریندار و نیوەگیان کردووە.

ئەرتەشی ئیسرائیلیش کاتژمێرێک دوای ئەم هێرشانە، هێرشی ئاسمانیی بەرینی لەژێرناوی “شمیرە ئاسنینەکان” بۆسەر کەرتی غەزە دەستپێکردووە و دانیشتووانی غەزەی خستووەتە ژێر ئاگری بۆمبارانێکی قورسەوە. بەوتەی فەرماندەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل لەماوەی ئەم شەش ڕۆژەدا ٦٠٠٠ بۆمب بە وەزنی ٤٠٠٠ تۆن مادەی تەقەمەنییان بەسەر دانیشتووانی غەزەدا باراندووە. کاربەدەستانی کەرتی غەزە ژمارەی کوژراوەکانی هێرشی ئیسرائیلیان لانیکەم هەزار و ٥٧٣ کەس و ژمارەی بریندارەکانیان ٦ هەزار و ٦١٢ کەس ڕاگەیاندووە و زیاتر لە ٣٢٠ هەزار کەسیش ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن. بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان، زیاتر لە ٥٠٠ منداڵ بەهۆی ئەم بۆمبارانەی ئیسرائیلەوە کوژراون. سیاسەتی کوشتنی بەکۆمەڵی فەلەستنییەکان لە حاڵێکدا لەئارادایە کە کەرتی غەزە بەتەواوی گەمارۆ دراوە، جەریانی بەرق پچڕاوە و دانیشتووانی بۆ دابینکردنی ئاو و خۆراک یەکجار لە مەزیقەدان. بەجۆرێک کە سندووقی جەمعیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە ٥٠ هەزار ژنی دووگیان لە غەزە دەستیان بە خزمەتگوزاریی سەرەتایی دەرمان و ئاوی خاوێن ڕاناگات. دەوڵەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە تا کاتێک دیلەکان ئازاد نەکرێن گەمارۆ و بۆمبارانی غەزە درێژەی دەبێت. نەتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل کە هۆشدارەکانی دەوڵەتی میسر سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی وەها هێرشێکی لە لایەن حەماسەوە نادیدە گرتبوو، بە ڕاگەیاندی دۆخی جەنگی هەڕەشەی کردووە کە غەزە لەگەڵ خاک یەکسان دەکات. دەوڵەتی ئیسرائیل بەنیازە بە قیمەتی کۆمەڵکوژی و داسەپاندنی کارەساتێکی گەورەی مرۆیی بەسەر خەڵکی فەلەستین لە غەزە، ڕێکخراوی نیزامیی حەماس ئیفلیج و زەمینگیر بکات.

ئەم شەڕە کۆنەپەرستانە و ماڵوێرانکەرە ئیدامەی مەنتقیی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و داگیرکەرانەی دەوڵەتی ئیسرائیل لەلایەکەوە و سیاسەتی کۆنەپەرستانە و توندوتیژی نانەوەی مەزهەبیی گرووپی حەماس و سازمانی جەهادی ئیسلامیی فەلەستین، سەربە ڕژیمی کۆماری ئسیلامی، لەلایەکی دیکەوەیە. دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بە پشتیوانیی دەوڵەتی ئەمریکا و باقیی هاوپەیمانانی لە ئورووپا بەردەوام بە شارەکسازی لە ناوچەکانی فەلەستین سیاسەتی داگیرکەرانەی خۆی بەڕێوەبردووە و زیاتر لە ١٥ ساڵە بە گەمارۆدانی پتر لە دوو ملیۆن کەس لە دانیشتووانی کەرتی غەزە و بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی مشتی ئاسنین، ژیانێکی کارەساتباری بەسەریاندا سەپاندووە. غەزە کە بە گەورەترین زیندانی سەر ئاواڵەی جیهان دەناسرێت، ساڵەهایە لەژێر ئاگری هێرشی ئاسمانیی دەوڵەتی ئیسرائیل و لەبەردەم سزای بەکۆمەڵدایە. لە کەناری ڕۆژئاوا، دانیشتووانی شاری “جنین” هێستاش بەخاتری وێرانەکانی هێرشی بێ ئەمانی ئەم دوایانەی ئیسرائیل کە ئەم شارەی کردووەتە چۆڵکە، لە ڕەنج و ئازاردا بەسەر دەبەن. فەلەستینییەکانی شاری چکۆلەی “حووارا” لە باکووری کەناری ڕۆژئاوا هێستاش لەو خۆفە مەرگبارەی کە توندڕەوە چەکدارەکانی سەربە ئەرتەشی ئیسرائیل پێکیان هێنا، ڕەها نەبوون. لەماوەی ئەمساڵدا هەتا ئێستا، هێزە نیزامییەکانی ئیسرائیل زیاتر لە دووسەد فەلەستینییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا کوشتووە. لە ئورشەلیم، سەربازانی ئیسرائیلی و هێزە ئەمنیەتییەکان ڕێگەیان بە گرووپە شارۆچکەنشینەکان داوە تا بە زۆر بنەماڵە فەلەستینییەکان دەربکەن و ماڵەکانیان داگیر بکەن. یەهوودییە توندڕەوە شارۆچکەنشینەکانیان هانداوە تا هێرش بکەنەوە مزگەوتی ئەقسا و نوێژخوێنانی فەلەستینی بدەنە بەر ئەزیەت و ئازار و توندوتیژی.

دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل ئەمجارەیان بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ جەنایاتی کارەساتبار و دژەئینسانیی گرووپی حەماس لە ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبر و بە پشتوانیی دەوڵەتی ئەمریکا و باقیی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکانی ئەندامی ناتۆ ئەم شەپۆلەی کوشتن و تاوانی شەڕ و سزای بەکۆمەڵی خەڵکی فەلەستینی لە غەزە خستووەتە ڕێ. بەڵام ئەزموونی مێژووی خەباتی خەڵکی فەلەستین نیشانی داوە تەنانەت کاتێک کە ئەم نەتەوە ستەملێکراوە لەڕێگەی مانگرتن و خۆپیشاندان و بەرەنگاربوونەوەی بەدوور لە توندوتیژی خەباتیان دژبە داگیرکاری بەڕێوەبردووە، دەوڵەتی ئیسرائیل بە سەرکەوتی خوێناوی بەرەنگاریان بووەتەوە. ئینتفازەی ئەوەڵ و ڕاپەڕینی جەماوەری فەلەستین کە لە ساڵی ١٩٨٧ لە کەمپی ئاوارەکانی “جەبالیا” لە غەزە دەستیپێکرد، بەشێوەیەکی دڕندانە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە سەرکوت کرا. گرووپی حەماس و گرووپە میلیشیا ئیسلامییەکانی تر هەر لەو سەردەمەدا و بە پشتیوانیی ناڕاستەوخۆی دەوڵەتی ئیسرائیل و بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی بزووتنەوەی فەلەستین پێکهاتن. لە سێپتامبری ٢٠٠٠دا غەزە بوو بە مەیدانی نمادینی ئینتیفازەی دووهەم. لەو کاتدا “محەممەد ئەلدۆرێ” دوازدە ساڵان کە لە چوارڕێیانی نزیک بە کەمپی ئاوارەکانی “بوریج” لە غەزە بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە باوەشی باوکیدا گیانی بەختکرد، بوو بە وێنەی سەمبۆلیکی ڕاپەڕین. لە جەریانی ئینتیفازەی ئەوەڵ و دووەمدا زیاتر لە پێنج هەزار فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە کورژان. لە ساڵی ٢٠١٨ کاتێک کە ئاوارەکانی غەزە “ڕێپێوانی گەورەی گەڕانەوە”یان بەڕێوەبرد، هێزەکانی ئیسرائیل بە خەڵتانی خوێن کردنی زیاتر لە ١٥٠ خۆپیشاندەر و بریندارکردنی هەزاران کەس وڵامیان دانەوە.

جەنایاتی بێسنووری دەوڵەتە ڕەگەزپەرستەکانی ئیسرائیل لە غەزە نەسلێک لە فەلەستینییەکانی بەجۆرێک بارهێناوە کە باوەڕیان بە خەباتی جەماوەری و ڕێکخراو لەدەستداوە. لەڕاستیدا ڕەوتی کۆنەپەرستی حەماس و گرووپی جەهادی ئیسلامی کە کوشتار و پەرەپێدانی ترس و تۆقاندنیان کردووەتە تاکتیک و ستراتێژی خۆیان، هەر لەو هێزانەوە تەغزیە دەکەن کە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و داگیرکەرانەی ئیسرائیل بۆیانی پەروەردە کردوون. دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی نەتانیاهۆ خۆی تۆوی ئەم تۆفانەی چاندووە. لەڕاستیدا ئەم دوو بەرە کۆنەپەرستە لە یەکتر تەغزیە دەکەن.

بێگومان خەڵکی فەلەستین و ئیسرائیل هیچ بەرژەوەند و قازانجێکیان لەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدا نییە. ئەم شەڕە لەپێناو بەرژەوەندی گرووپە ڕەگەزپەرست و فاشیستەکانی ئیسرائل و لەلایەکی دیکەوە لە خزمەت قازانجی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، حیزبوڵڵای لۆبنان، و باقیی ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکانی ناوچەکەدایە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لە قەیرانە هەمەلایەنە ناوخۆییەکان و بۆ تێکدانی ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ ڕژیمی پاشایەتیی عەرەبستانی سعوودی و هێندێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە و بۆ سەرپۆش دانان لەسەر لاوازبوونی پێگەی خۆی لەئاستی ناوچەیی، یەکجار پێویستی بەم شەڕەیە. دەوڵەتی ئیسرائیل بە ڕاگەیاندنی دۆخی جەنگی، پاشەکشە بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە ناوەوەی ئیسرائیل دەکات و سەرانی گرووپە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکانی وەک حەماس و جەهادی ئسیلامی کە لە ڕووی بێهیوایی و داماوییەوە دەستیان دایە ئەم هێرشە جەنایەتکارانەیە، بۆ درێژەی دەسەڵات و دابینکردنی پەرژەوەندی خۆیان لەم شەڕە کەڵک وەردەگرن.

بێگومان سەرەڕای هەوڵەکانی دەوڵەتی ئەمریکا و باقیی دەوڵەتانی ئەندامی پەیمانی ناتۆ و میدیا ئیمپریالیستییەکانی سەربەم دەسەڵاتانە بۆ پاساوکردنی تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل و بۆ ئەندازیاریکردنی بیروڕای گشتی لەم پێناوەدا، مرۆڤی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە سەرانسەری جیهان ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە مەحکووم دەکەن و خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرەن. بەرینایی بۆمبارانەکان، کوشتاری ئینسانەکان و کاولکاریی ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەزە هیچ هاوسەنگیەکی لەگەڵ هێرشی جەنایەتکارانەی گرووپی حەماس نییە. خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین بۆ تێپەڕین لەم بارودۆخە کارەساتبارە ڕێگایەکیان لەبەر نییە بێجگەلە هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخواز و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکان لە ئیسرائیل و ڕاکێشانی پشتیوانیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەئاستی جیهان لەپێناو تەقویەتی هاوسەنگی هێز لە خەبات بەرامبەربە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان. تەنها ئاخێزی یەکپارچەی جەماوەری دەتوانێ بەرەنگاری هێژمۆنیی نیزامیی ئیسرائیل بێتەوە و بە حمایەت و تەقویەتی هێزی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین دەکرێ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە بگۆڕدرێت. بە هێزی خەباتی جەماوەری و بە هێزی یەکگرتن و هاوپشتییە کە دەکرێ ئاوات و هیواکانی نەتەوەی فەلەستین بۆ وەدیهاتنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و ڕزگاری لە چنگ دەسەڵاتێکی ڕەگەزپەرست و داگیرکەر زیندوو ڕابگیرێت.