فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

ژنانی ئازادیخواز پاشەکشە ناکەن
سێشەممە ۲۵-۰۷-۱۴۰۲   |  17-10-2023

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە سەرەتای مانگی ڕەزبەرەوە لانیکەم هەشت ژن لە شارەکانی ئێران بە دەستی پیاوانی کەسوکاری خۆیانەوە کوژراون. سەرەتای مانگی ڕەزبەر، کچێکی شازدە ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری ڕەبەت لە سەردەشت لەلایەن باوکییەوە بەشێوەیەکی دڵتەزێن کوژرا. تەرمی ئەم کچە تازەلاوە لە حاڵێکدا لە بەندئاوی سەردەشتدا دۆزرایەوە کە چاو و زاری چەسب کرابوون و بلۆکی سیمانی بە پایەوە بەسترابوو. هاووڵاتییان لە کاتی خاڵی کردنی ئاوی بەندئاوەکەدا جەستەی ئەم کچە تازەلاوە دەبینن و پۆلیس ئاگادار دەکەنەوە. باوکی دانی بە کوشتنی کچەکەی داناوە و وتوویەتی کە بەخاتری درەنگ هاتنەوە بۆ ماڵێ کوشتوویەتی. هەروەها سەرەتای مانگی ڕەزبەر لە شیراز کوڕێکی لاو، کچێک کە لای وابووە دەستگیرانیەتی، بە هەڵە لە سەر شەقام بە چەقۆ دەکوژێ. ڕۆژی ٦ی مانگی ڕەزبەر پیاوێکی دانیشتووی مەشهەد هاوسەرەکەی دەخنکێنێ. ئەو دوای کوشتنی هاوسەرەکەی تەرمەکەی پارچەپارچە دەکات و دەیخاتە چەمەدانەوە و چەمەدانەکە لەگەڵ خۆی دەباتە تاران و پاشان خۆی بە پۆلیس دەناسێنێ. ئەو سەبارەت بە هۆکاری ئەم قەتڵە وتوویەتی کە هاوسەرەکەی لەگەڵ پیاوێکی تر لە پەیوەندیدا بووە. ١٧ی مانگی ڕەزبەر کچێکی حەفدە ساڵ تەمەن لە گوندی مارەغانی سەربە شاری سەردەشت، لەلایەن هاوسەر و دوو زڕبڕاکەیەوە بە چەک دەکوژرێت. ئەم کچە تازەلاوە لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا لەسەر داوای بنەماڵەکەی لەگەڵ ئامۆزاکەی هاوسەرگیری دەکات. بەڵام بەهۆی کێشە و گرفتی بنەماڵەییەوە ناچار دەبێت بۆ ماڵی باوکی بگەڕێتەوە. دواجاریش لەلایەن هاوسەر و دوو زڕبراکەی خۆیەوە دەکوژرێ. لە یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری خۆی پیاوێک بە چەکی گەرم، هاوسەرەکە و کچ و خوشکەزاکەی دەکوژێت و ڕادەکات. بەڵام دوای چەند ڕۆژ لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر دەکرێت. ئەویش هۆکاری ئەم جەنایەتەی مەسەلەی نامووسی ڕاگەیاندووە. ٩ی مانگی ڕەزبەر دوو پیاو لە ئەهواز ژنێکی خزمی خۆیان بەخاتری کێشەی بنەماڵەییەوە دەکوژن. ١١ی مانگی ڕەزبەر ژنێکی بیست و پێنج ساڵ لە باقرئابادی سەربە پارێزگای مەرکەزی لەلایەن خاڵی خۆیەوە بە چەکی ڕاو دەکوژرێ. لە ڕێکەوتی ١٣ی مانگی ڕەزبەردا ژنێکی ٢١ ساڵ تەمەن و خەڵکی گوندی گولانی سەردەشت کە لە هاوسەرەکەی خۆی جیا ببووەوە و گەڕابووەوە ماڵی باوکی، لەلایەن مام و باوکیەوە دەکوژرێ. ئەم جەنایاتە کە لەژێرناوی قەتڵی نامووسیدا ئەنجام دەدرێن تەنها چەند نموونەی کەمن کە کۆمەڵگا لە لێیان ئاگادار بووەتەوە. ئەمانە تراژێدیایەکی دەگمەن و تایبەت نین. هەر هەموویان تازە بەشێکی زۆر کەمن لەو جەنایاتەی کە بە پشت بەستن بە مەزهەب و سوننەتی دواکەوتووانە و کۆنەپەرستانەی باوک – پیاوسارییەوە ڕوو دەدەن.

ئەگەر لە یاسای ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ژن کاڵایە و بەنیوەی پیاو حیساب دێت، کەوابوو کۆمەڵگای بورژوازیش ئەو حەقە بە خۆی دەدات کە هەر جۆرێک کە دەیهەوێ لەگەڵ ئەم کاڵایە و ئەم جنسە نیوەی پیاوە ڕەفتار بکات. ئەگەر نیزامی سەرمایەداری، ئاگاداریی تجاریی فرۆشتنی کاڵاکانی بە وێنەی ژنان دەڕازێنێتەو و لە دار و دیواری دەدات و لە بازاڕی پڕسوودی فرۆشیدا هەڕاجی دەکات، لە کۆمکەڵگای ئێرانیش کە پارێزەرانی کۆنەپەرستیی هەزار و چوارسەد ساڵە، دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، بەجۆرێکی تر لەگەڵی هەڵسووکەوت دەکەن. لە چارشێو و مەقنەعەی دەپێچن تا لە چاوی کەسانی تر بیپارێزن. لە چوارچێوەی ماڵ و لەژێر گوشاری کلتووری پرتووکاوی ئایینی و پیاوسالاریدا بە بەندی دەکێشن. ئەگەر لەو نێوەشدا ژنێک موقاومەت و سەرکەشیی کرد دەیکوژن. و هەڵبەت بۆ هەموو ئەمانە دەوڵەتی بورژوایی – ئایینی یاسا دادەنێت و لات و چەقۆکێشەکانی بۆ بەڕێوەبردنی یاساکەی ڕەوانەی شەقامەکان دەکات. لەم کۆمەڵگایەدا کە دەسەڵاتی کۆنەپەرستان بەسەریدا زاڵە، ژنێک ئەگەر نەیهەوێ باری قورس و بێ موزدی کاری ناو ماڵ تەحەمول بکات، توانای بەرهەمهێنانی هێزی کاری نوێ بۆ سەرمایەداری نەبێت و نەتوانێ توندوتیژیی هاوسەر و پیاوانی کەسوکاری تەحەمول بکات، دەبێ نیگای سووکی خزم و کەس و دراوسێی بەڵێندار بە “سوننەت” و “نامووس” قەبووڵ بکات.

هەموو ئەم جەنایاتە لە کۆمەڵگایەکدا ڕوو دەدەن کە تێیدا پڕگوڕوتینترین ئاخێزی شۆڕشگێڕانە لەماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە پێشەنگایەتیی ژنانەوە ئەزموون کراوە. ئاخێزێک کە ئاڵوگۆڕێکی مێژوویی لە وشیاریی کۆمەڵانی خەڵکدا پێکهێناوە و هێرشی کردووەتە سەر گرینگترین بنەماکانی ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتی ئایینی و سەمایەداری لە ئێران. بەڵام سەرەڕای ئەم ڕووداوە گەورە و کاریگەرە، ئێرامی باوک – پیاوسالاری بە دڕندەییەکی بێوێنەوە ژنان دەکاتە قوربانی.

ئێستا ئیتر زۆر سەخت نییە تێگەیشتن لەو بابەتە کە بۆچی لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو قەتڵی دەوڵەتیی ژینا بوو بەهۆی ئەم تەقینەوە مەزنە کۆمەڵایەتییە. هەموو ئەو برینانەی کە لەماوەی ئەم ساڵانەدا لە جەستەی و دەروونی ژنان درابوو. هەموو سووکایەتییەکان، هەموو ئەسیدپاشییەکان بە ڕوخساریان، برینی چەقۆکان، تەعەڕوزی بەردەوامی ئەوباشانی پارێزەری “حیجاب و عیفاف”، هەموو ئەمانە ببوون بە باڕووت و کوشتنی ژیناش بوو بە چەخماخەی ئەم تەقینەوەیە. کۆمەڵگا بە دەنگی ڕەساوە ڕوو بە دەسەڵاتداران هاواری کرد کە پەنا بۆ گۆڕەکانی هەزاران ساڵەتان بەرن. بەهەشت و جەحەنەمەکەتان پێشکەشی خۆتان. ژنان بوێرانە دەنگیان هەڵبری و هاواریان کرد کە لەم ژینە وەگیانهاتووین و ڕێگە نادەین ئێوەی پارێزەرانی دواکەوتووترین سوننەتەکەیان، دەسەڵاتدارمان بن. ژنان بە بوێرییەکی بێوێنەوە هاواریان کرد کە بۆنی گەنیوی حوکم و فەرمانە ئیسلامییەکانتان هەموو کۆمەڵگای داگرتووە و چیتر بۆمان تەحەمول ناکرێ. ئەم ئاخێزە هاوکات ڕاگەیاندنی شەڕ بە هەموو ئەوانە بوو کە هێستاش لایان وایە کە دەتوانن بە زەبری زۆر و گولـلە بەناو نامووسەکەیان بپارێزن. ئەم شەڕە پێویستە بە هەموو هێزەوە لەپێناو لەناوبردنی هەموو نابەرابەرییە جنسیەتییەکان و لەپێناو لەناوبردنی هەموو بیرێک کە بنەماکەی ئەم نابەرابەرییەیە، بەرەوپێشەوە بچێت.