لوتکەی گرووپی بیست لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە هەشتەم و نۆهەمی مانگی گەلاڕێزان بەرابەر لەگەڵ سی و یەکەمی ئۆکتۆبەر لە رۆمی پایتەختی ئیتالیا بەڕێوەچوو. سەرانی ئەم دەسەڵاتانەی سەرمایەداری بۆ یەکەم جار پاش گشتگیربوونی پەتای کۆرۆنا بەشێوەی حزووری لەم دانیشتنانەدا بەشداریان کرد. هەڵبەت پووتین و شی جین پینگ سەرۆک کۆمارانی رووسیە و چین و فومیۆ کیشیدا سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن لە رێگەی کۆنفڕانسی ڤیدیۆییەوە بەشدارییان کرد. دەوڵەتانی گرووپی بیست کە نزیکەی ٨٠ لەسەدی ئابووریی جیهان نوێنەرایەتی دەکەن، بەرپرسی بڵاوکردنەوەی بەشێکی بەرین لە گازە گوڵخانەییەکانن. دەستووری کاری دانیشتەکانی ئەمساڵیش مۆری باروودۆخی ئێستای جیهانی پێوە دیار بوو. گەشەی ئابووری، قەیرانی کۆرۆنا و قەیرانی کەشوهەوا سەرەکیترین باسەکانی ئەم کۆبوونەوانە بوون. رێبەرانی زلهێزە ئابوورییەکانی جیهان، لە جەرەیانی ئەم دانیشتنە دوو رۆژەیەدا سەبارەت بە قەیرانی ئەفغانستان و بەدەسەڵات گەیشتنی گرووپی تاڵەبان و هەروەها بەرنامەی ناوەکیی کۆماری ئیسلامی و قەیرانی پەنابەری، گفتوگویان ئەنجام دا. ئەگەرچی بەشداربووان دەیانهەوێ ملیاردها مرۆڤی دانیشتووی گۆی زەوی باوەڕیان پێبکەن کە ئەوان دڵپەرۆشی خەڵکن، بەڵام لەڕاستیدا بەرژەوەندی قازانجپەرستانە و ناتەبای بەشداربووان و کێبەکێی توندی نێوانیان بووەتە هۆی ئەوەیکە نەتوانن بەناو رێگاچارەیەکی واحید بۆ وڵامدانەوە بە قەیرانەکان بدرۆزنەوە. نە گەشەی ئابووری، نە قەیرانی کۆرۆنا و نە بەڵێنداربوون بە رێکەوتننامەی کەشوهەوای پاریس، سەرەڕای بزووتنەوەیەکی یەکجار بەرین کە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان لە دیفاع لە ژینگە لە ئارا دایە، نەیتوانیوە خاڵێکی هاوبەشی نوێ لە نێوانیاندا پێکبێنێت.
تەنیا بە چاولێکردنێکی خێرا لە دەستووری کارەکەیان دەردەکەوێ کە سەرەڕای پێکەوە وێنە گرتنەکانیان، چ ناتەباییەکی قووڵ لە نێوانیاندا بوونی هەیە. لە حاڵێکدا باس لە گەشەی ئابووری دەکەن کە بۆشایی نێوان وڵاتانی هەژار و دەوڵەمەندی جیهان قووڵتر بووەتەوە و لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەرداریش گەشەی ئابووریی هەر کامیان لەڕێگەی ژێر پێخستنی بەرژەوەندی ئابووری ئەوەیدیکەیان و لە مەسیری توندکردنەوەی چەوساندنەوەی کرێکاران و دەستدرێژی بۆ سەر ژیانی خەڵک دێتە دی. ئایا ئەوە سڕێکی شاراوەیە کە کێشمەکێشێکی بەرین لە نێوان بەرەی رۆژئاوا و بەرەی رووسیە و چیندا بوونی هەیە و ئەم کێشمەکێشە تا رادەیەکە کە لە دوایین دانیشتتی سەرانی جی حەوت و کۆبوونەوەی پەیمانی نیزامیی ناتۆ، بەئاشکرا دژبە چین و رووسیە شەڕی ساردی نوێ رادەگەیەندرێ. هێستا چەند حەوتوو لە گرێبەستی نیزامیی نێوان ئەمریکا، ئینگلیس و ئۆسترالیا بۆ تەیارکردنی ئۆسترالیا بە پێشکەوتووترین ژێردەریاییەکان لە چوارچێوەی پاسیفیکدا بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ چین تێپەڕ نەبووە. بە پێی ئەم گرێبەستە نوێیە، ئۆسترالیا گرێبەستی کڕینی ژێردەریایی لەگەڵ فەڕانسە کە پێنج ساڵ لەمەوبەر واژۆی کردبوو هەڵوەشاندەوە و ئەم بابەتەش تووڕەیی دەوڵەتی فەڕانسەی لێکەوتەوە. لە لایەکی دیکەوە گرێبەستی پڕۆژەی لوولەکەشی گازی نێوان رووسیە و ئاڵمان، هەروا وەک یەکێک لە تەوەرە مشتومڕهەڵگرەکانی نێوان ئەمریکا و ئاڵمان و ناوخۆی یەکیەتیی ئەورووپا ماوەتەوە.
قەیرانی کۆرۆنا دووهەمین دەستووری کاری دانیشتنەکان بوو. لەم بەشەشدا بەشداربووان بەناو نیگەرانیی خۆیان لەئاست جیاوازیی ڤاکسیناسیۆن لە نێوان وڵاتانی جیهان دەربڕی و چەند بەڵێنێکیان دا کە بێگومان هیچکات بەکردەوە دەرنایەن. ئەگەرچی دەوڵەتانی سەمایەداری بەردەوام هەوڵ دەدەن ماهییەتی واقعیی ئەم قەیرانە داپۆشن بەڵام پەتای کۆرۆنا بەتەواو مانا ناحەزی و قیزەونبوونی روخساری کۆمەڵگەی سەرمایەداریی بە گشت خەڵکی جیهان نیشان دا. دەرکەوت کە جیهانی سەرمایەداری تەنانەت توانای پاراستنی هێزی کارێک کە زێدەبایی بۆ بەرهەم دێنێت، نییە. دەرکەوت کە پەلاماری نیۆلیبرالیسم و ئەوەیکە دژایەتی لەگەڵ یاسا و دەستی نادیاری بازاڕی پێدەوترا، چۆن دەستی سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیانی بۆ هێرش کردنە سەر حەقدەستی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش ئاواڵە هێشتووەتەوە. مەعلووم بوو کە هێنانەخوارەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی، داخستنی نەخۆشخانەکان و سپاردنی باقیەکەیان بە کەرتی تایبەت، چۆن ملیۆنان کەس لە خەڵکی لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکدا بێ پارێز و بێ دیفاع هێشتووەتەوە. رێک لەو باروودۆخەدا دەرکەوت کە ئەم نیزامە دەسەڵاتدارە ئەوەندە ناکارامەیە و ئەوەندە نوقمی کێبەرکێیە، کە تەنانەت کاتێک بەناو دەکەوێتە بەر هێرشی دوژمنێکی هاوبەشەوە، کێبەرکێ لەسەر ئەو بنەمایە دەستپێدەکات کە کامەیان، ماسکی زیاتر، دەستکێش و ماددەی خاوێنکەرەوەی زیاتر، تاڵانکەرانە بگرنە ئیختیارەوە. لێرەشدا هەر لە سەرەتاوە رێکارەکە ئەوە بوو: چ بکرێت کە کەمترین زیان لە گەڕانی سەرمایە بدرێت. لە جەرەیانی ئەم کۆبوونەوانەدا راگەیەندرا کە زیاتر لە ٦ ملیارد ڤاکسێنی کۆوید لە سەرانسەری جیهان دابەشکراوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە یەک رۆژ بەر لەم کۆبوونەوانە پتر لە سەد و شەست رێبەری پێشوو و کەسایەتیی جیهانی لە نامەیەکدا بۆ ماریۆ دراگی، سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا کە خانەخوێی گرووپی بیستی وەئەستۆ بوو، خوازیاری ئەوە بوون کە وڵاتانی دەوڵەمەند ڤاکسێنی زیادی خۆیان دەستبەجێ بۆ وڵاتانی لە حاڵی گەشە بنێرن. ئەوان هەروەها لەم نامەیەدا رایانگەیاندبوو کە تەنیا لەسەدا دووی خەڵکی وڵاتانی هەژار و کەم داهات ڤاکسینە کراون.
رۆژی یەکشەممە نۆهەمی مانگی گەلاڕێزان دانیشتنی گۆڕانکاریی کەشوهەوای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری گلاسکۆی سکاتلەند دەستیپێکرد. نوێنەرانی نزیک ٢٠٠ وڵاتی جیهان لە رۆژی یەکشەممە ٣١ی ئۆکتۆبەرەوە بۆ ماوەی دوو حەوتوو لە دانیشتنێکی گەورەدا لە گلاسکۆی سکاتلەند سەبارەت بە چۆنیەتیی کۆنتڕۆڵکردنی رەوتی خێرای گەرمبوونی زەوی گفتوگۆ دەکەن و بیروڕا دەگۆڕنەوە. ئەم هاوکاتییە لەگەڵ کۆتایی دانیشتنەکانی گرووپی بیست خۆی نیگاکانی بەرەو ئەم دانیشتنانە و بڕیارەکانیان راکێشا. ئانتۆنیۆ گوتێرێش سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ جارێکی دیکە نیسبەت بە “مەترسیی کارەساتی گۆڕانکاریی کەشوهەوا” هۆشداری دا و لەسەر “بەرپرسایەتیی گرینگ”ی وڵاتانی ئەندامی گرووپی بیست جەختی کردەوە. شارل میشێل سەرۆکی شۆرای ئەورووپا، بەرلە دەستپێکی دانیشتنەکانی گرووپی بیست، لەم بوارەدا رایگەیاند کە: “ئێمە پێویستە ئامانجی وردبینانەتر و و بەرزەفڕانەترمان سەبارەت بە گۆڕانکاریی کەشوهەوا هەبێت”. سەرەڕای ئەوەیکە بە پێی بەراوردەکان وڵاتانی ئەندامی گرووپی بیست سەرچاوەی لەسەدا ٨٠ی گازە گوڵخانەییەکانن، ئەم کۆبوونەوەیە لە راگەیەندراوی کۆتایی خۆیدا لەسەر پشتیوانیکردن لە بەڵێنی رێبەرانی ئەم گرووپە بۆ هەوڵ لەپێناو سنووردارکردنی چوونەسەرەوەی گەرما بۆ ژێر یەک و نیو پلەی سانتیگراد تەئکیدی کرد. ئەوەش لە حاڵێکدابوو کە پتر لە بیست و پێنج هەزار کەس لە چالاکانی بواری ژینگە هاوڕێ لەگەڵ یەکیەتییە کرێکارییەکانی ئیتالیا و حیزبە چەپەکانی ئەورووپا رۆژی شەممە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانیشتەکانی گرووپی ٢٠ لە رۆم، پایتەختی ئیتالیا، خۆپیشاندانیان بەڕێوەبرد. دانیشتنەکانی گلاسکۆ دوو حەوتوو دەخایەنێت. بێگومان ئەم دانیشتنانەش هەمان چارەنووسی کۆنفڕانسی کەشوهەوای پاریسی شەش ساڵ لەمەوبەریان بەسەر دێت و ئاکامێکی بەرچاویان نابێت.
ڕاستیەکەی ئەوە کە نەزمی سەرمایەدانە وڵامێکی بۆ قەیرانەکانی نییە و تەنیا دەتوانێ نەزمی خۆی لەسەر بنەمای بە کۆیلە کێشانی ملیاردها مرۆڤ و لەناوبردنی ژینگە لەسەرپێ رابگرێت. بەڵام هیچ دەلیلێک بوونی نییە کە ملیاردها مرۆڤی کار و زەحمەت و پەراوێزخراوان، ملکەچی ئەم بەربەریەتەی سەرمایەداری بن.