فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی کۆنەپەرستانەی ئیسرائیل و حەماس پێویستە مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بێتە مەیدان
دوشەممە ۰۱-۰۸-۱۴۰۲   |  23-10-2023

زیاتر لە دوو حەفتە بەسەر هێرشی حەماس و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە بۆمبارانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل دژبە دانیشتووانی غەزە تێدەپەڕێ. لە جەریانی هێرشی ڕێکخراوی کۆنەپەرستی حەماس زیاتر لە ١٤٠٠ کەس لە ئیسرائیل کوژران کە زۆربەیان کەسانی مەدەنی بوون. دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل لە کاردانەوە بە هێرشی حەماس، ژێرخانەکان، ماڵی خەڵک و تەنانەت نەخۆشخانەکانی بۆمباران کرد و لە درێژەدا بە بڕینی ئاو، بەرق، سووتەمەنی، دەرمان و هەموو پێداویستییەکانی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە دانیشتۆانی غەزە، ئەم ناوچەیەی خستووەتە بەردەم کارەساتێکی ئینسانییەوە. بەپێی ڕاگەیاندنی کاربەدەستانی فەلەستینی لە کاتی دەستپێکی شەڕ لە غەزەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٤٢٠٠ کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە ١٢٠٠٠ هەزار کەس بریندار و نزیک بە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون. دەوڵەتی ئیسرائیل تەنانەت سنووری باشووری غەزەی بەرەو میسر داخستووە و لە هاتنی دەرمان و خۆراک بۆ دانیشتووانی غەزە ڕێگریی کردووە. هەموو ئەم بەربەریەتە لەژێرناوی دیفاع لە مەوجوودیەتی دەوڵەتی داگیرکەر و ڕەگەزپەرستی ئیسرائیلەوە ئەنجام دەدرێت. هەموو ئەم جەنایەتانە لەبەرچاوی بیروڕای گشتیی جیهاندا ڕوو دەدات. دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئورووپایی ئەندامی ناتۆ کە شەو و ڕۆژ سەبارەت بە دیموکراسی و مافی مرۆڤ هاوار دەکەن، بە هەموو هێزەوە لەپێناو پاکتاوکردنی خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەزە پشتیوانی لە دەوڵەتی ئیسرائیل دەکەن و لەوەش واوەتر یارمەتیی نیزامییان ڕەوانەی ئیسرائیل کردووە.

ئایا بۆمان نییە بپرسین: چونە کە هەموو بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین و گەڕانەوەی زیاتر لە چوار ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیلەوە لە ناوچەکە پێشێل کرا بەڵام دەنگێک لەم بەناو “جیهانە ئازادە”وە نەبیسترا؟ لە ڕۆژی پێنجەمی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدا پێشنیاری ئاگربەستی کاتی دەوڵەتی بڕێزیل کە سەرۆکی دەورەیی شۆرای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەرەوڕووی دەنگی نای ئەمریکا دەبێتەوە. لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی ئەمریکا پەنجا و سێ بڕیارنامەی دژبە ئیسرائیلی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤێتۆ کردووە. ئایا بۆمان نییە بپرسین چۆنە کە کەمینەیەکی دانیشتووی ئەم ناوچەیە بەدەر لە چۆنیەتیی حزووریان لەم ناوچەیە مافی پێکهێنانی دەوڵەتی خۆیان هەیە، بەڵام زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەکە هەروا لە کەمپەکانی پەنابەری و یان لە زیندانی گەورەی غەزەدا دەبێ بەسەر بەرن؟

ئەوە ڕازێکی نهێنی نییە کە خۆفناکترین تاوانەکانی سەدەی ڕابردوو لەلایەن نازییەکانەوە لەژێرناوی “چارەسەرکردنی مەسەلەی یەهوود” دژبە یەهوودییەکان ئەنجام درا. بایەخنەدان و کەمتەرخەمیی دەسەڵاتە گەورەکانی ڕۆژئاوا بۆ ڕێگری لەم جەنایەتە ترسناکانە، هێستاش لەسەر ویژدانی کۆمەڵگای ڕۆژئاوا قورسایی دەکات. ئایا ئەوە نەتەوەی فەلەستینە کە دەبێ تاوانی ئەم جەنایاتە خۆفناکەی سەدەی ڕابردوو دژبە یەهوودییەکان بداتەوە. واتە نەتەوەیەک کە هیچ ڕۆڵێکی لەم ستەمە مێژووییە و لەم جەنایەتانەدا نەبووە. ئەوانەی وا هۆکاری ئەم ستەمە درێژخایەنە بوون و هەست بە شەرمەزاری دەکەن، بەرامبەر بە هەموو ئاکامە خوێناوییەکانی داگیرکاریی دەوڵەتی دەستی ڕاستیی ئیسرائیل کە بە ناهەق خۆی بە میراتگری مێژوویی و بیرەوەریی بەکۆمەڵی یەهوودییەکان دەزانێ، بێدەنگیان گرووتەتە بەر.

لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بۆ جارێکی تر دەرکەوت کە “یەکەمین قوربانی لە شەڕدا، حەقیقەتە”. بڵینگۆکانی زلهێزە ئیمپریالیستەکان، هەر ئەوانەی وا دەوڵەتی ئیسرائیلیان وەک پێگەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئەم ناوچەیەدا ڕێکخست، بە بێ هیچ نیگەرانییەک جێگای داگیرکەر و داگیرکراو دەگۆڕن. بە بێ هیچ شەرمێک بەرامبەر تیرۆریزمی زیاتر لە حەفتا ساڵی دەوڵەتی ئاپارتایدی ئیسرائیل، تیرۆریزمی ڕەوتێکی ئیسلامییان بەرجەستە کرد. تا بتوانن حەماس نوێنەری خەڵکی فەلەستین پێناسە بکەن بۆ ئەوەی هەرجۆرە دیفاعێک لە مافی ژیانی نەتەوەی فەلەستین دژایەتی لەگەڵ یەهوودییەکان ناو بنێن و لەسەر بینا دەوڵەتییەکان ئاڵای ئیسرائیلیان هەڵکرد. ئەم دەسەڵاتدارانەی دنیای بەناو ئازاد فەرامۆشیان کرد کە بڵێن کاتێک بۆ چەندین دەیە خەڵکێک گەمارۆ دەدەن، وڵاتیان داگیر دەکەن و لە هەر دەرفەتێکدا بە بیانوویەکەوە ماڵی هەژارانەیان بۆمباران دەکەن و زیاتر لە دوو ملیۆن کەسیان دەخەنە زیندانێکی سەرئاواڵەوە، زەمینە بۆ سەرهەڵدانی ڕەوتە تیرۆریستەکان ئامادە دەبێت. ئەوەیکە حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبردا ئەنجامی دا نەفرەتێکی کوێر بوو کە لە ساڵها سەرکوت، ئەشکەنجە و کوشتاری لانیکەم سێ نەسل لە خەڵکی فەلەستینەوە سەرچاوەی دەگرت و ئێستاش لە لایەن ڕەوتێکی تیرۆریستەوە هاتبووە مەیدان. نە حەماس ئیدامەی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی فەلەستینە و نه تیرۆریسمی حەماس لە خزمەت ئاواتی ڕزگاریبەخشی خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین دایە. هێرشی تیرۆریستیی حەماس بە هیچ شێوەیەک هاوشێوەی ئینتیفازەی ئەوەڵ لە ساڵی ١٩٩١ و ئینتیفازەی دووهەم لە ساڵی ٢٠٠٠ نییە.

خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین، بۆ ئازادی و بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و بۆ مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان خەبات دەکەن. ڕەوتی کۆنەپەرستی حەماس و ڕێکخراوی جەهادی ئیسلامی هیچ پەیوەندییەکیان بە ئاواتی ئازادیبەخشی خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستینەوە نییە. پێویستە خەڵکی فەلەستین لەم ڕەوتە کۆنەپەرستانە جیا بکرێتەوە.

خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین بۆ تێپەڕین لەم بارودۆخە کارەساتبارە ڕێگایەکیان لەبەر نییە بێجگەلە ڕێکخستنی خەباتی جەماوەری و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخواز و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکان لە ئیسرائیل و ڕاکێشانی پشتیوانیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەئاستی جیهان لەپێناو تەقویەتی هاوسەنگی هێز لە خەبات بەرامبەربە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان. تەنها ئاخێزی یەکپارچەی جەماوەری دەتوانێ بەرەنگاری هێژمۆنیی نیزامیی ئیسرائیل بێتەوە و بە حمایەت و تەقویەتی هێزی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین دەکرێ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە بگۆڕدرێت. بە هێزی خەباتی جەماوەری و بە هێزی یەکگرتن و هاوپشتییە کە دەکرێ ئاوات و هیواکانی نەتەوەی فەلەستین بۆ وەدیهاتنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و ڕزگاری لە چنگ دەسەڵاتێکی ڕەگەزپەرست و داگیرکەر زیندوو ڕابگیرێت.