زیاتر لە دوو هەفتە بەسەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی حەماس بۆسەر ناوچە داگیرکراوەکان و مووشەکبارانی شارەکانی ئیسرائیل تێدەپەڕێ. لەم هێرشەدا دەیان سەربازی سوپای ئیسرائیل کوژران یان بە دیل گیران و زیاتر لە هەزار خەڵکی سڤیلی ئیسرائیلی بەشێوەیەکی دڕندانە کوژران و هەندێکیشیان بە بارمتە گیران. سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی حەماسەوە بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ و شەوە کە کەرتی غەززەی خستووەتە ژێر بۆردومانێکی قورس و بەردەوامەوە. تەنانەت کاتێک سوپای ئیسرائیل وادەی بۆ چۆڵکردنی باکووری غەززە دیاریکرد، بە مووشەکبارانی کاروانی ئاوارەکان دەیان کەسی لە خەڵک خەڵتانی خوێن کرد. تەنها شەوی یەکشەممە ٢٢ی ئۆکتۆبر ٣٢٠ خاڵ لە غەززە لە لایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج. کاربەدەستانی پزیشکی لە کەرتی غەززە ڕایانگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون زیاتر لە پێنج هەزار کەسە و ژمارەی بریندارەکانیش زیاتر لە ١٥ هەزار کەسە و زیاتر لە یەک ملیۆن کەسیش ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیل زیاتر لە ٢٠٠٠ منداڵ گیانیان لەدەستداوە. ئەم سیاسەتەی کوشتنی بەکۆمەڵی فەلەستینییەکان لە کاتێکدا بەردەوامە کە کەرتی غەززە بە تەواوی گەمارۆ دراوە و کارەبای غەززە پچڕاوە و دانیشتووانی بۆ دابینکردنی ئاو و خۆراک لە مەزیقە دان. بە گوتەی “تۆماس وایت” لە دەزگای تایبەتی پەنابەرانی فەلەستینی، “٨ هەزار کەس پەنایان بردووەتە ئەنباری بینای ئەم ڕێکخراوە لە غەززە. ئەوان بە لیترێک ئاو و بە تیکە نانێکی بچووک ڕۆژ بەسەر دەبەن”. لەم دۆخەدا ئەو سێ کاروانە هاوکارییەی کە نێردراونەتە غەززە، بە هیچ شێوەیەک وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی ئەم دۆخە کارەساتبارە مرۆییە نییە. بەسەرەنجدان بەوەیکە دەوڵەتی ئیسرائیل بەردەوام بانگەشەی شەڕ دەکات و ڕایگەیاندووە کە تا کاتێک دیلەکان ئازاد نەکرێن و حەماس خۆی تەسلیم نەکات گەمارۆ و بۆمبارانی غەززە درێژە دەدات، کارەساتی ترسناکتر بەڕێوەن. لە کاتێکدا تاوانە جەنگییەکانی دەوڵەتی ئاپارتایدی ئیسرائیل لە غەززە بەردەوامە، سەرکردەکانی حکوومەتەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیتالیا لە بانگەوازێکی هاوبەشدا بۆ پشتیوانیکردن لە “مافی ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆی دژبە تیرۆر” جەختیانکردەوە و بەم بانگەوازە تاوانە جەنگییەکانی نەتانیاهۆیان پەسەند کردووە.
خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە یەکەم ڕۆژی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەوە، کوشتنی ژن و منداڵ و بەساڵاچووانی ئیسرائیلی لە لایەن هێزەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامییەوە ” کردەوەی خۆڕسکی نەتەوەی فەلەستین لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا”وە ناولێنا و پاساویان بۆ هێنایەوە. ڕەئیسی ڕووبە ئیسرائیل و ئەمریکا ڕایگەیاند: “ئۆمەتی ئیسلامی تۆڵەیەکی سەختتان لێ دەکاتەوە”. پشتیوانیی دەوڵەتی ئەمریکا و دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لە جەنایاتی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل، دژایەتیی ئەوان لەگەڵ ئاگربەست لەلایەکەوە و هەڕەشە و جموجۆڵی کۆماری ئیسلامی و گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکانی وەک حەماس، جەهادی ئیسلامی، حیزبوڵڵا و حەشدی شەعبی و هیتر لەلایەکی دیکەوە، مەترسیی پەرەسەندنی شەڕیان لە ناوچەکە کردووەتە بابەتێکی موحتەمل.
خامنەیی و سەرانی دیکەی کۆماری ئیسلامی بەردەوام لە مەسەلەی فەلەستین لەپێناو بەرژەوەندی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێونەتەوەیی ڕژیم کەڵکیان وەرگرتووە. ئەوان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بە بیانووی بەرگری لە “ئازادی فەلەستین و سڕینەوەی ئیسرائیل” ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکانیان لە ناوچەکە بەهێز کردووە و بزووتنەوە پێشڕەو و سێکۆلارەکانیان خستووەتە ژێر گوشارەوە. لە کۆتاییەکانی دەیەی شەستی سەدەی ڕابردووی زایینی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی، لە ئاکامی سیاسەتی زلهێزە ئیمپریالیستەکان و بەهۆی پشتیوانیی ئەمریکا لە گرووپە ئیسلامییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پەرەسەتاندنی نفووزی یەکیەتیی سۆڤیەت و لەپێناو لاوازکردنی پێگەی ڕەوتە چەپ و سێکۆلارەکان بەهێز کران. لە لایەکی دیکەوە لە ئاکامی پهرهسهندنی قەیرانی ئابووری لە وڵاتانی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشکرا بوونی بێتوانایی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی و پەرەسەندنی ناسیۆنالیستی لە چارەسەر کردنی ئەم قەیرانە و لە نەبوونی بزووتنەوەیەکی بەهێزی کرێکاری و سۆسیالیستی، بوار بۆ گەشەی بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی فەراهەم بوو. گرووپە ئیسلامییەکان بە دامەزراندنی تۆڕێکی بەرین لە ناوەندە خێرخوازییەکان، بەناو” ڕێگاچارەی ئیسلامی”یان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێشکەش کرد و لە ناو چینی مامناوەند و هەژاردا هێزێکی تازەیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا. ڕەوتە ئیسلامییەکان کە لە بزووتنەوەی حەماس، جەهادی ئیسلامی فەلەستین و لە گرووپە چکۆلەترەکاندا خۆیان ڕیکخستبوو، دواتر لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتیوانی ماڵی و تەسلیحاتی کران.
سەرانی ڕژیم، ئەم هێزە کۆنەپەرستانەیان ناو نا “خاکرێژی بەرگری”. لە هەمانحاڵدا لە ساڵی ١٩٨٢ ” حیزبوڵڵا”ی لوبنانیان دامەزراند. ئەوان ساڵانە بە میلیارد دۆلار لە سەروەتی کۆمەڵگا و بەرهەمی چەوساندنەوەی کرێکارانیان دەکردە گیرفانی ئەم هێزە کۆنەپەرستانەوە تا بەناو ئیسرائیل گەمارۆ بدەن. بەڵام ئەوان لە هەمانحاڵدا بە پشت بەستن بەم هێزە و هاوپەیمانی ستراتیژیک لەگەڵ ڕژیمی سوریە، دەستیان کرد بە هەڕەشە کردن لە وڵاتانی ناوچەکە. بەرهەمی ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی، بوونی وڵاتانی حەوزەی کەنداو بە زەڕادخانەی چەکی ئەمریکایی و بە تاڵان چوونی داهاتە نەوتیەکانی ئەم وڵاتانە لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکا و باقی دەوڵەتانی ڕۆژئاواوە بوو. کۆماری ئیسلامی لەم ماوەیەدا بە بەهێز کردنی حەماس لە بەرانبەر فەتح دا بوو بە هۆی دوولەت بوونی هەیئەتی حاکمەی فەلەستین و ڕێکخراوە چەکدارەکانیان. ئەمەش لە کردەوەدا بە قازانجی حاکمان و بۆرژوازی راستی ئیسرایل شکایەوە. ئەوان بە بیانوی بەهێز کردنی ئەمنیەتی ئیسرایلیەکان، پەرەیاندا بە دروست کردنی شارۆچکەکان لەسەر زەویە داگیرکراوەکان. هێزی ئیسلامی حەماس، جیهادی ئیسلامی و باقی هێزە ئیسلامییەکان بە هاویشتنی مووشەکی نێردراو لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەرەو ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی ئیسرائیل بە شێوەی بەردەوام بیانوویان ئەدایە دەست ئەم ڕژیمە ڕەگەزپەرستە، تا بە دەستی کراوەترەوە کوشتاری خەڵکی فەلەستین و داگیرکاری درێژە پێبدات.
خامنەیی و باقیی سەرانی کۆماری ئیسلامی ئەمجارەیان دەیانهەوێ بە بیانووی جەنایەتی جەنگیی دەوڵەتی ئیسرائیل و پشتیوانیی دەوڵەتی ئەمریکا لەم جەنایاتە و بە وەڕێخستنی جار و جەنجاڵ لە دەوری حمایەت لە خەڵکی فەلەستین بێجگەلە بەرەوپێشبردنی ئامانجە ناوچەییەکانیان، بیروڕای گشتیش لە ئاست هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و نەهامەتییە کۆمەڵایەتییەکان و لەئاست جەنایاتێک کە دژبە خەڵکی ئێران ئەنجامیان داوە بەلاڕێدابەرن. بەڵام خەڵکی ئێران گەلێک جار دیفاعی درۆینەی سەرانی ڕژیم لە خەڵکی فەلەستینیان لەقاوداوە و ناکاریگەربوونی ئەم جەنجاڵە تەبلیغاتییەیان نیشان داوە.
ئێستا ئیتر لە کەس شاراوە نییە کە ڕاستترین هێزەکان لە ناوەوەی ئیسرائیل بە گەورەکردنەوەی مەترسیی حەماس و ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و باقیی ڕەوتە ئیسلامییەکانی سەربەوان، هاتوونەتە سەر کار. ئەوان بە بیانووی حەماس، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، حیزبوڵڵای لۆبنان و باقیی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان، کرێکارن و خەڵکی لایەنگری ئاشتییان لە ئسیرائیل و فەلەستین سەرکوت کردووە. سەرانی حەماس و فەتحیش لە درێژەی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە و سەرکوتگەرانەی دەوڵەتی ئیسرائیل دژبە خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین تەغزیە دەکەن. دەوڵەتی ئەمریکاش بە کەڵک وەرگرتن لەم بارودۆخەی ئێستایە کە سیاسەتی ئیمپریالیستیی پشتیوانیی لە دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و داگیرکردنی ناوچەکانی فەلەستین بەڕێوە دەبات.
خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین بۆ تێپەڕین لەم بارودۆخە کارەساتبارە ڕێگایەکیان لەبەر نییە بێجگەلە ڕێکخستنی خەباتی جەماوەری و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخواز و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکان لە ئیسرائیل و ڕاکێشانی پشتیوانیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەئاستی جیهان لەپێناو تەقویەتی هاوسەنگی هێز لە خەبات بەرامبەربە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان. تەنها ئاخێزی یەکپارچەی جەماوەری دەتوانێ بەرەنگاری هێژمۆنیی نیزامیی ئیسرائیل بێتەوە و بە حمایەت و تەقویەتی هێزی هاوپشتیی جیهانی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین دەکرێ هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە بگۆڕدرێت. لە ئێستادا پێویستە مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە سەرانسەری جیهان بە دروشمی “ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ” دژبە جەنایاتی دەسەڵاتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بێتە مەیدان.