دوای تێپەڕینی زیاتر لە یەک ساڵ بەسەر دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی خەڵکی ئێران کە قەتڵی حکوومەتیی ژینا چەخماخەی لێدا، درێژەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خانەنشینان بەشێوەی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتی سوننەتێکی نوێی لە هەوڵ و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی داخوازییە ئابوورییەکان و بەڕێوەبردنی خەباتی سیاسی جێخستووە. لە بارودۆخێکدا کە دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕژیم نیگەران لە گەڕانەوەی ناڕازییان بۆسەر شەقام، دەست دەدەنە گەلێک کردەوەی ئەمنیەتی و پێشگرانە بۆ ڕێگری لە بەڕێوەچوونی هەرجۆرە ناڕەزایەتییەک، خانەنشیان بە دروشمی سەرەکیی “تەنها لەسەر شەقامەکان، بەدەست دێنین مافمان” و بە ناڕەزایەتییە شکۆمەندەکانیان گشت فەزای سیاسییان خستووەتە ژێر کاریگەرییەوە و ئیمکانی گەڕانەوە بۆسەر شەقامیان زیندوو ڕاگرتووە. لە حاڵێکدا کە قەیرانی ئابووری و چوونەسەری بەرینی ڕێژەی تەوەرۆم و گرانی و هەژاری ژیان و گوزەرانی کرێکاران و توێژە بێبەشەکانی تری کۆمەڵگای یەکجار خستووەتە ژێر گوشارەوە، خانەنشینان ئاڵای خەبات دژ بەم هەژاری و فەلاکەتە ئابوورییەیان بەرز کردووەتەوە و بەم خەباتە مافخوازانەیە هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتییان بەخشیوە. خانەنشینان سەرەڕای هەڕەشە و بەربەست نانەوەی دەزگا سەرکوتگەرە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی ڕژیم، بەهۆی هەبوونی ڕێکخراوی سەربەخۆ و سەرانسەری تا ئێستا توانیویانە ئاکسیۆنی ناڕەزایەتی هاوکات لە پارێزگا جۆراوجۆرەکان بۆ وەدیهاتنی داخوازییەکانیان بەڕێوەبەرن. خانەنشینان لە هەموو ئەم کۆبوونەوانەدا لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی کرێکارانی لەسەرکار و خانەنشینکراو پێداگرییان کردووە.
ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢، خانەنشینانی تەئمینی ئیجتماعی لە چەندین شار لەوانە لە شارەکانی ئەراک، کرماشان، ئەهواز، دێزفوول، شووش، تاران، ئیسفەهان، ئەلبۆرزی غەربی و … بە هەڵگرتنی پلاکارد و بە وتنەوەی دروشم لە ناڕەزایەتی بە بارودۆخی نالەباری ژیان و گوزەران و بایەخنەدان و پێڕانەگەیشتنی مەقاماتی حکوومەتی ئیسلامی بە خواستەکانیان، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و ڕێپێوانیان بەڕێوەبرد. هەروەها لەم ڕۆژەدا خانەنشینانی ناوەندی سەنعەتیی فوولاد لە چەندین شاری ئێران بەشێوەی هاوکات، لە درێژەی ڕێپێوان و کۆبوونەوە لە یەکشەممەکانی ناڕەزایەتیدا، بۆ جارێکی تر دەستیان دایە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی. چەند داخوازیی سەرەکیی خانەنشینانی فوولاد بریتین لە: پێدانی حەقدەستی دواخراوی ساڵی ١٤٠٠، پاراستنی ماهییەتی فوولادی وێڕای گۆڕینی ناوەرۆکی پێشنووسی ئەساسنامەی سندووقی خانەنشینیی فوولاد، تەکمیلکردنی ئیجرای گەڵاڵەی هاوسانسازیی بەپێ تایبەتمەندییەکانی پیشە، چارەسەرکردنی ناتەبایی یاسایی لە سندوقی خانەنشینی فوولاد بەر لە دیاریکردنی هەر ئاسۆیەک بۆ ئەم سندووقە. خانەنشینان لەم کۆبوونەوەیەدا ئەم دروشمانەیان وتەوە: “دەوڵەتی وەرشکستە، دوژمنی بازنشستە!”، “سفرەی بێ نانمان، چیتان دەوێ لە گیانمان”، “لە خووزستان تا گیلان شەرمەزاری بۆ مودیران”، “تەوەرۆمی ئەسەفبار زاڵ بووە بەسەر بازاڕ”، “بێدەنگ بی بێمافی”، “مەجلیسی بێدەسەڵات هۆکاری گرانی”، “وڵاتی پڕ داهات، چی بەسەر هات”، “تەنها لەسەر شەقامەکان، بەدەست دێنین مافمان”، “لەشگری، کیشوەری، فوولادی، تەئمینی ئیجتماعی، یەکگرن یەکگرن”. خانەنشینان بەم دروشمانەیان سیاسەتی دژەکرێکاریی حکوومەتی ئیسلامیی سەرمایەدارانیان بردە ژێر پرسیارەوە.
ڕۆژی دووشەممە یەکی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٢ خانەنشینانی موخابراتیش لە درێژەی دووشەممەکانی ناڕەزایەتیدا لە پارێزگاکانی ئیسفەهان، مازەندەران، خووزستان، کوردستان، لوڕستان، تاران، سیستان و بەلووچستان، گیلان، ئیلام و ئەردەبیل، تەورێز، ئەراک، قەزوین و ورمی لە بەرامبەر ئیداراتی موخابرات ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. ئەم کۆبوونەوانە لە ناڕەزایەتی بە وەزعیەتی خراپی مەعیشەتی و لە ناڕەزایەتی بە جێبەجێنەکرانی داخوازییەکانیان لەوانە بەڕێوەبردنی کامڵی ئاییننامەی پێرسۆنێلی و دامەزراندنی ساڵی ٨٩ و هەروەها چارەسەرنەکردنی کێشەکانی بیمەی دەرمانی هەروا بەردەوامە. خانەنشینانی موخابرات لەم کۆبوونەوە ناڕەزایەتییانەدا بە دروشەکانی “تەنها لەسەر شەقامەکان، بەدەست دێنین مافمان”، “خانەنشین دەنگ هەڵبڕە، مافت هاوار بکە”، “شیرکەتی پڕداهات! چیت بەسەر هات”، نە مەجلیس، نە دەوڵەت نین بە فکری میللەت”، “شاغڵ و خانەنشین، یەکگرن، یەکگرن!”، “تا بە مافمان نەگەین، بۆ ساتێک پشوو نادەین” لەسەر خەباتیان تا وەدیهاتنی خواستەکانیان پێداگرییان کرد.
ڕۆژی سێشەممە ٢ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٢، خانەنشیانی کیشوەری لە پارێزگاکانی کوردستان، خووزستان، کرماشان و چەندین پارێزگای دیکە لە ناڕەزایەتی بە ئەوزاعی فەلاکەتباری مەعیشەت و وەدینەهاتنی خواستەکانیان لە درێژەی سێشەممەکانی ناڕەزایەتیدا، بۆ جارێکی تر لە بەرامبەر بینای سندووقی خانەنشینیی کیشوەریی سنە، زاهدان و کرماشان و … کۆبوونەوەی شکۆداری ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد. خانەنشینان لە کۆبوونەوەکانی ئەم ڕۆژەدا بە وتاری پڕگوڕوتین و بە وتنەوەی دروشمی “خانەنشین دەنگ هەڵبڕە، مافت هاوار بکە”، “خانەنشین دەمرێ، زیللەت قەبووڵ ناکا” و بە هەڵگرتنی پلاکارد کە لەسەریان نووسرابوو: “هێڵی هەژاریی سەرووی ٢٨ ملیۆن تمەن”، “شاغڵ، خانەنشین یەکگرن یەکگرن”، “حەقدەست بەپێی تەوەرۆم” لەئاست سیاسەتەکانی دەوڵەتی سەرمایەدارانی ڕەئیسی ناڕەزایەتییان دەربڕی و بڕیاری خۆیان بۆ درێژەدانی خەبات ڕاگەیاند.
خانەنشینان کە ژیان و بژێویان بەردەوام لەلایەن ڕژیمی گەندەڵی کۆماری ئیسلامییەوە هێرشی کراوەتە سەر گەلێک جار بە لیستێک لە داخوازییەکانیانەوە هاتوونەتە سەر شەقام و بە خەباتی لێبڕاوانەی خۆیان بزووتنەوەی ناڕەزایەتی داخوازییان لە ئێران بەرەوپێشەوە بردووە. ئەو داخوازییانەی کە لانیکەمی پێویستییەکانیان دابین دەکات. خانەنشینان کە بەشێکی زۆر لە ژیانیان لە شوێنی کاردا تێپەڕیوە و گەلێک سەختی و دژوارییان تەحەمول کردووە و بە فرۆشتنی هێزی کاریان لانیکەمی پێداویستییەکانی ژیانیان دابین کردووە، ئێستا بەحەق چاوەڕوانی ئەوەن کە لەم قۆناغەی تەمەنیاندا ناچار نەبن دووبارە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان کار بکەن و لە بەشە غەیرە ڕەسمیەکاندا ئەم قۆناغەی تەمەنیان تێپەڕێنن. لەو کۆمەڵگایانەی کە خەباتی کرێکاری و ئازادیخوازانە گەلێک پاشەکشەی بەسەر دەوڵەتانی بورژوازیدا سەپاندووە، دەورانی خانەنشینی کاتی پشوودان و بیرکردنەوە و کەڵک وەرگرتن لە دەستکەوتەکانی ژیانە. لە هەمان حاڵیشدا دەورەیەکە کە خانەنشیان دەتوانن درێژە بە فێربوون و گەشەی زانستیان بدەن. سەردەمی خانەنشینی ئەو ساڵانەیە کە خەڵک لە قەیدی والد بوون و بازاڕی کار ئازاد دەبن و ئیمکانی ئەوە پەیدا دەکەن کە بەشوێن موسافرەت و فێربوون و مەهارەتی تازەوە بن. بەڵام حکوومەتی ئیسلامی، ئەم دەسەڵاتە کەمینە و زەرووسفەتەی سەرمایەداران، هەروەک چۆن لەگەڵ لاویەتی و شادی و بەختەوەریی زۆربەی کۆمەڵگە دوژمنە لەگەڵ خانەنشینانیش ڕەفتارێکی دژەئینسانی و تێکەڵ بە سووکایەتیی گرتووەتە بەر. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تەنها هەڵاواردنی ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی داناسەپێنێت، بەڵکوو بەپێی تەمەنیش هەڵاواردن دادەسەپێنێ و خانەنشینانی لە لانیکەمەکانی ژیان بێبەری کردووە.
کەوابوو ئەوەیکە خانەنشینکراوانی لە پانتایی سەرتاسەریدا بەرەو ناڕەزایەتی و مانگرتن بردووە و لەئاستێکی بەریندا هێناونێ سەر شەقامەکان ڕیشەی لە بۆشایی چینایەتی، هەژاری و فەلاکەت، نابەرابەری و دیکتاتۆری لەئاستی ئێران دایە. هەر ئەم حەقیقەتە سادەیە زەروورەتی خەباتی یەکگرتووانەی خانەشینانی هێناوەتە بەرەوە. درێژەی سیاسەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەپێناو پشتیوانیی لە چینی سەرمایەدار، پەلاماری ئاشکرا و بەرین بۆسەر هەستیی کۆمەڵایەتی و مەعیشەت و مەنزەلەتی ئینسانەکان، خانەشینانیشی هەروەک مامۆستایان و باقیی بەشەکانی تری چینی کرێکار بەرەو موقاومەت و ناڕەزایەتی بردووە. خانەنشینان لە بەرامبەر پەلاماری دەزگای گەندەڵی دەسەڵاتدار بۆسەر ژیان و بژێویان دەستیان لەسەر دەست دانەناوە و بە ناڕەزایەتیی سەرانسەری و سازماندراوی خۆیان بوونەتە گرووپێکی فشاری سیاسیی جیددی بۆسەر ڕژیمی ئیسلامی.
بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەری و شکۆمەندی خانەنشینان و سوننەتی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتی نیشانەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ڕاپەڕیوی ئێران ئەگەرچی لە ناڕەزایەتیی هەموو ڕۆژێ و شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی دوو سێ مانگی ئەوەڵ دوور کەوتووەتەوە، بەڵام بەشێوەی جۆراوجۆری دیکە هەروا درێژەی هەیە. ئەم ڕەوتە ئاشکرایە نیشانەی ئەوەیە کە شەپۆلی ئیعدامەکان و دەستبەسەرکردنی چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان نەیتوانیوە خەڵک چاوترسێن بکات. درێژەی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەرانسەریی خانەنشینان کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گەلێک جار بە دروشمە سەرەکییەکانی “تەنها لەسەر شەقامەکان، بەدەست دێنین مافمان”، “تا بە مافمان نەگەین، بۆ ساتێک پشوو نادەین”، شەقامەکانیان گرتووەتەوە، لە بارودۆخی ئێستادا لە بواری سیاسییەوە گرینگییەکی تایبەتی هەیە. ناڕەزایەتی و خەباتی لێبڕاوانەی خانەنشینان پێویستە لە درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەریدا هەڵسەنگێندرێت و لە داخوازییە ڕەواکانیان پشتیوانی بکەین. یەکشەممە و دووشەممە و سێشەممەکانی ناڕەزایەتی، ئەم بزووتنەوە شکۆدارەی خانەنشینان، پێویستە ڕێزی لێ بگرێن.