فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی ڕێکخراوەکان و چالاکانی داکۆکی لە مافی منداڵان: توندوتیژی دژی منداڵان ڕابگرن!
پێنجشەممە ۱۱-۰۸-۱۴۰۲   |  02-11-2023

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە تا کاتی نووسینی ئەم بەیاننامەیە نزیکەی سێ هەزار و ٢٠٠ منداڵ لە غەززە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٨٠٠ منداڵیش لە ژێر داروپەردووی غەززە بێسەروشوێن بوون. نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر “دامەزراوەی ڕزگارکردنی منداڵان” کە ئامارەکانی سەرەوە لە ڕاپرسییەکانی ئەو ڕێکخراوە وەرگیراون، ڕایگەیاند کە لە هەر شەش منداڵ لە جیهاندا یەک منداڵ لە بارودۆخی شەڕدا دەژی. ئامارەکان داستانێکی دڵتەزێن و کارەساتبار لە بارودۆخی مندااڵان باس دەکەن. هەوڵە نێونەتەوەییەکان بۆ پشتیوانی لەو منداڵانەی کە بە بۆمبی دروستکراو لە وڵاتانی گەورەی سەنعەتیی، لەژێر چەکمەی داگیرکەران، لەئاکامی سیاسەتی زێدەخوازانەی دەوڵەتەکان و لە سایەی پڕوپاگەندای میدیایی دەسەڵاتە نیزامی و ئابوورییەکانی جیهان، گرووپ و دەوڵەتە شەڕخوازەکان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا گیانیان لەدەست دەدەن، هیچ ئاکامێکی نەبووە و ئەوەیکە لەو نێوەدا بۆ هیچ لایەنێکی شەڕ بایەخی نییە گیانی منداڵانە.

ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی، ڕێکخراوەکانی پشتیوانی منداڵان و نووسەرانی بواری منداڵان، کە بەرپرسایەتیی جەمعیمان دیفاع لە مافی منداڵانە، لە هەر شوێنێکی جیهان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕگەز و قەوم و مەزهەب و جنسیەتیان، وێڕای مەحکووم کردنی داگیرکاری و شەڕ و نیزامیگەری لە سەرانسەری جیهان، خوازیاری ڕاگرتنی دەستبەجێی توندوتیژی بەرانبەر منداڵانین و سەرەنجی هەموو دەوڵەتەکان بەرەو پەیمانە نێونەتەوەییەکانی خۆیان لەوانە پابەندبوون بە ناوەرۆکی پەیماننامەی جیهانیی مافەکانی منداڵان ڕادەکێشین. بەپێی ئەم پەیمانە نێونەتەوەییە، هەموو منداڵان پێویستە بە خۆراک و تەندروستیی گونجاو دەستیان ڕابگات. لەم ڕووەوە پێویستە ڕێگاچارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەیکە منداڵان لە ئاکامی وێرانکەری شەڕەکان دوور بن.

هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل بەبیانووی هێرشی حەماس، لەڕاستیدا بووەتە تۆڵەسەندەوە لە خەڵکی سیڤیل. دەسەڵاتی ئیسرائیل زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لەو خەڵکەی کە ژمارەیەکی زۆریان منداڵن بەرەوڕووی کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی و توندوتیژی کردووە. کاربەدەستانی دەوڵەتی ئیسرائیل بەجۆرێک بێبەزەیانە و دڕندانە باس لە بێبەریکردن لە خۆراک و سووتەمەنی و ئاو دەکەن کە دەڵێی نازانن سەرەتاییترین پێداویستیی ژیانی منداڵان، بەردەستبوونی ئاو و خۆراکی پێویستە. ئەرتەشی ئیسرائیل لەژێر فەرمانی توندئاژۆترین باڵی دەسەڵاتدار، بە پشتیوانیی نێونەتەوەیی لەوانە دەوڵەتی ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر کەسانێک کە ساڵەها دیلی دەوڵەتی ئیسرائیل بوون. دەوڵەتی ئیسرائیل ساڵەهایە بەسەریاندا بۆمب دەبارێنێ و بە وەحشیانەترین زمان لەگەڵ غەززە دواوە. قوربانییانی ئەم شەڕە خوێناوییە خەڵکی بێتاوان بەتایبەت منداڵانێکن کە هیچ ڕۆڵێکیان لەم ململانەیەدا نییە. ئێمە باوەڕمان بەوەیە کە کوشتنی ئینسانەکان بەتایبەت منداڵان لەژێر هەر ناوێک و لە هەر لایەنێک و لە چوارچێوەی هەر سنوورێکی جوگرافیاییدا بێت مەحکوومە.

ئێمە لەو باوەڕەداین کە بۆ داکۆکی لە مافی منداڵان بەرامبەر بە دەسەڵاتەکانی پێشێلکەری مافی ئینسان، ناوەندە مەدەنی و جەماوەرییەکان پێویستە ستانداردی دوولایەنەی دەوڵەتەکان بەتایبەت لەئێستادا دەوڵەتی تورکییە بۆ کوشتاری دڕندانەی کوردەکان و درێژەی هێرشی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ جینوساید لە غەززە مەحکووم بکەن. ئێمە خوازیاری ئەوەین کە لەڕێگەی گوشاری ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە ئەم کارەساتە ئینسانییە ڕابگیرێت و ئاگربەستی دەستبەجێ ڕاگەیەندرێت.

بە باوەڕی ئێمە ناوەندە نێونەتەوەییەکان بۆ پشتیوانی لە مافی منداڵان لە غەززە، پێویستە بە خێرایی و بەشێوەیەکی کاریگەر و بێ لایەن دەخاڵەتیان بێت و لە درێژەی ئەم ڕەوتە کارەساتبارە ڕێگری بکەن.

ئێمە لە هەموو بزووتنەوە مەدەنییەکان و لە خەڵکی جیهان داواکارین کە بە فشار خستە سەر دەوڵەتەکانیان، داوایان لێ بکەن کە کۆتایی بە پشتیوانی لەم هەڵاواردنە ڕەگەزییە و لەم کوشتار و منداڵکوژییە سیستماتیکە بهێنن.

١ – ئەنجومەنی توێژینەوەی پەروەردەیی منداڵان

٢ – ئەنجومەنی داکۆکی لە مافەکانی منداڵان

٣ – ئەنجومەنی داکۆکی لە منداڵانی کار

٤ – ئەنجومەنی یارمەتیدانی منداڵانی بەردەم مەترسی

٥ – جەمعیەتی داکۆکی لە مافی منداڵانی کار و شەقام

٦ – فرۆمی دایکانی ئاشتیی ئێران

٧ – ناوەندیی سینفیی مامۆستایانی ئێران

٨ – گرووپی چالاکانی یاریی هەمدڵ

٩ – گرووپی کلتووری کۆمەڵایەتیی کیانا

١٠ – دامەزراوەی مرۆڤ دژواری ئەرک
١١ – دامەزراوەی ڕوویێشی نەهالی جەوان

١٢ – دامەزراوەی پشکووتنی تواناکانی منداڵانی میهر

١٣ – دامەرزاوەی میهر و مانگ

١٤ – دامەزراوەی دەنگی ماندگاری دەروازەی غار

١٥ – دامەزراوەی یارمەتیدەرانی منداڵانی کاری پوویا

١٦ – ئەنجومەنی خۆشەویستانی منداڵ

بێجگەلە ئەم ١٦ ڕێکخراوە، سەدان کەس لە چالاکانی بزووتنەوەی داکۆکی لە مافەکانی منداڵان ئەم بەیاننامەیان واژۆ کردووە.