دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی “ئیحسان محەممەدی”، تەمەن ١٦ ساڵ و “شاهۆ بەرهەم”، تەمەن ٢٠ ساڵ کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا دەستبەسەر کرابوون، دوای نزیکەی ساڵێک و مانگێک دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتە ئازاد بوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی خەزەڵوەر، ئیحسان محەممەدی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی، لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەکردنی ورمێ ئازاد بووە. ناوبراو لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لە لایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە تۆمەتی “تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان” و هەروەها “سووتاندن و لەناوبردنی موڵک و ماڵی گشتی” تاوانبار کرابوو و بەهۆی ئەوەی کە تەمەنی نەگەیشتبووە ١٨ ساڵ، دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی ١ی تایبەت بە تاوانەکانی مێرمنداڵان کراوە. هەر لەو ڕۆژەدا، واتە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ خەزەڵوەر، شاهۆ بەرهەم، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتەی یەک ملیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە زیندانی ورمێ ئازاد بوو.
ئەو هاووڵاتییە لاوەش لە ١٩ی ڕەزبەری پارەکە و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەو هێزانە لە ورمێ و پاشانیش بۆ زیندانی ناوەندی ئەمشارە گواسترابوویەوە.