“ئێمە لە مێژوو فێربووین و هاوکات مێژوو دەخوڵقێنین”
ئەمە ڕستەی بەڕێوەبەری گشتیی یەکیەتیی کرێکارانی سەنعەتی ئۆتۆمبێلسازیی ئەمریکا لە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ بوو. لەم ڕۆژەدا مانگرتنی کرێکارانی سەنعەتی ئۆتۆمبێلسازی لە ئەمریکا بە واژۆی گرێبەستێکی جەمعی لە نێوان ” یەکیەتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازی” و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای “جەنەراڵ مۆتۆرز” سەرکەوتووانە کۆتایی هات. لە ڕۆژانی پێشوودا ڕێکەوتنێکی دەستەجەمعی لە نێوان یەکیەتییەکە و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکانی “فۆرد” و “ستیلانتیس” واژۆ کرابوو. بەپێی ڕێکەوتنی دەستەجەمعی لەگەڵ کۆمپانیای “جەنەراڵ مۆتۆرز” کە ماوەی چوار ساڵ و نیو بەردەوام دەبێت، حەقدەستی کرێکاران بە ڕێژەی ٢٥% زیاد دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە بیست و یەک ساڵی ڕابردوودا کۆی حەقدەستی کرێکاران بە ڕێژەی ٢٣% زیادی کردبوو. جگە لەوەش حەقدەستی کرێکارانی تازەکار بە ڕێژەی ٧٠٪ لە ١٨ دۆلارەوە بۆ ٣٠ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک زیادی کردووە و حەقدەستی کرێکارانی لێهاتوو بە ڕێژەی ٣٣٪ لە ٣٢.٣٢ دۆلارەوە بۆ ٤٢.٩٥ دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک زیادی کردووە. کرێکارانی گرێبەست دوای تەواوبوونی نەوەد ڕۆژ، لە نێوان ٥١ بۆ ١١٥ لەسەد حەقدستیان زیاد دەبێت. کۆمپانیای “فۆرد” ڕێککەوتنی خۆی بە زیادکردنی ٣٣% ڕاگەیاند و کۆمپانیای “ستیلانتیس”یش زیادکردنی حەقدەستی ٢٥%ی قبوڵکرد. لە ڕاستیدا ئێستا هەموو کرێکارانی کەرتە جیاوازەکان لە ڕێکەوتنێکی دەستەجەمعیدا جێگیرکراون و ئەمەش بەو مانایەیە کە خاڵی کۆتایی دەخرێتە سەر ئەو ڕێککەوتنە جیاوازانەی کە چەکی خاوەنکار بوون بۆ ئەوەی تەفرەقە لە نێوان کرێکارەکاندا دروست بکەن. بێ هۆ نەبوو کە بەڕێوەبەری گشتی سەندیکاکە دوای واژۆکردنی گرێبەستەکە لە پەیامێکی تویتەردا نووسیی: ” لەدوای مانگرتنەکانی دەیەی سی سەدەی ڕابردوو ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە و بەرین بوو”. یەکیەتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازی، ١٤٦ هەزار کەس لە کرێکاران کە لە سەنعەتی ئۆتۆمبێلسازیدا کار دەکەن نوێنەرایەتی دەکات. ئەمە یەکەمجار بوو کە کرێکارانی سێ کۆمپانیا لە یەک کاتدا مانیان گرتبوو.ئەو مانگرتنانەی کە لە شەش هەفتە لەمەوبەرەوە لە سێ غوولی ئۆتۆمبێلسازیی ئەمریکادا دەستی پێکردبوو، بە سەرکەتنی شکۆدار و درەوشاوەی کرێکاران کۆتایی هات.
ئەم یەکیەتییە مانگرتنەکەی بە “مانگرتنی شۆڕشگێڕانە” ناوبرد. ئەمەش بەمانای گەڕانەوە بۆ سوننەتی مانگرتنی شۆڕشگێڕانەی کرێکارانی ئۆتۆمبێلسازی لە دەیەی سی سەدەی ڕابردوو بوو کە لەژێرناوی “مانگرتن بە دانیشتن”دا بەڕێوەدەچوون و هاوکات پەیامێکی ئاشکرا بوو بۆ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیاکان. لە دوایین ڕۆژی ساڵی ١٩٣٦ەوە ١٣٦ هەزار کرێکاری کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز کارەکانیان وەستاند و بۆ ماوەی ٤٦ ڕۆژ کارخانەکەیان ڕاگرت. بۆ ماوەی ٤٦ ڕۆژی تەواو لەبری ئەوەی دەنگی کانزا و دەنگی سووڕانی چەرخەکان بێت، ئەمجارە دەنگی قسەی کرێکاران لەگەڵ یەکتر و دەنگی یاریی پینگ پۆنگ و دەنگی ئاوازە جەمعییەکانیان دەبیسترا. کرێکاران لە ڕاستیدا بەم مانگرتنە یارییان بە ژیانی خۆیان دەکرد.ئەوان هەم مەترسی دەرکردنیان لەسەر بوو، و هەم خاوەنکاریش دوای شۆکی سەرەتایی هێزی پۆلیسی بۆ سەرکوتکردنی کرێکارەکان نارد.
بیستەکانی سەدەی ڕابردوو ساڵانی بێکاری و چەوساندنەوەی توندی کرێکاران بوون. لەگەڵ قەیرانی جیهانی ساڵی ١٩٢٩، ئەم بێ مافی و چەوساندنەوەیە گەیشتە ئەوپەڕی خۆی. خاوەنکارەکان ئەو قەیرانەیان کردبووە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر کرێکاران بە شێوەیەکی دڕندانە. لە ڕاستیدا قەیرانی ئابووری جیهانی ساڵی ١٩٢٩ کە یەکێک بوو لە دەرئەنجامەکانی سەرهەڵدانی فاشیزم و جەنگی جیهانی دووەم، بازاڕی کڕینی ئۆتۆمبێلی تۆشی ڕکوودی کامڵ کرد. بەمەبەستی ڕوبەڕوبونەوەی ئەو قەیرانە، لە یەکەم کردەوەدا بەڕێوەبەران دەستیان بە دەرکردنی بەرینی کرێکاران کرد و تەنانەت کرێکارە قەدیمیش بوونە قوربانی ئەو دەرکردنانە. ترسی دەرکردن و برسێتی بووە هۆی ئەوەی کرێکاران بەبێ بەرەنگاربوونەوە تەسلیمی ئەو بارودۆخە فەلاکەتبارە بن. لەگەڵ کۆتایی ساڵانی نەبوونی و برسێتی، خاوەنکارەکان هەمان سیاسەتی ڕابردووی خۆیان درێژە پێدا.
ئەم هەلومەرجە فەلاکەتبارە ناڕەزایی گشتیی کرێکارانی لێکەوتەوە و کرێکاران چاوەڕێی دەرفەتێک بوون بۆ دەستپێکردنی ناڕەزایەتی و ڕاپەڕین. ئەم دەرفەتە بە پەسەندکردنی یاسای نوێی کار لە ساڵی ١٩٢٥دا پێکهات. به پێی ئەم یاسایه کرێکاران ڕێگەیان پێدرابوو که یەکێتی پێکبهێنن و ڕێککەوتنی جەمعی واژۆ بکەن و تەنانەت بۆ لێکۆڵینەوه له ناکۆکی نێوان خاوەنکار و کرێکار سەردانی دادگا بکەن. ئەمجارەیان بەهۆی بارودۆخی گۆڕدراوەوە ئەوە کرێکاران بوون کە خۆیان بۆ پچڕاندنی زنجیری کۆیلەتی ساڵانی قاتی و برسێتی و بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سەرمایەدارانی زەرووسفەت ئامادە دەکرد. لەو نێوەدا زیاتر لە هەمووان کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێلسازی بەرامبەر هەر هەوڵێکی کرێکاران لەپێناو ڕێکخستندا موقاومەتیان دەکرد. سیخوڕەکانی خاوەنکار لە نێو کرێکاراندا خاوەنکاریان لە هەموو هەوڵێک بۆ دروستکردنی ڕێکخراو ئاگادار دەکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە ماوەی ساڵانی ١٩٣٣ تا ١٩٣٦، کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز بە تەنیا یەک ملیۆن دۆلاری بۆ ئامێرە ئەمنییەکان و کۆنترۆڵی کرێکاران خەرج کردبوو. سەرەڕای هەموو ئەم هەوڵانە کرێکاران بە نهێنی دەستیان کرد بە ڕێکخستن و دواجار “یەکیەتیی کرێکارانی ئۆتۆمبێل”یان دروست کرد. یەکیەتیی تازەلاو بە دەرکی نەبزی شۆڕشگێڕانە لەناو کرێکاران، ئەوانی بانگەشەی بەڕێوەبردنی “مانگرتن بە دانیشتن” کرد. لەڕاستیدا ئەم تاکتیکە لە ئەگەری گواستنەوەی ئامێرەکانی ناو کارخانە لەلایەن بەڕێوەبەرانەوە ڕێگریی دەکرد. بەڕێوەبەرانی “جەنەراڵ مۆتۆرز” سکاڵایان لە دادگا تۆمارکرد و فەرمانی کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکەیان وەرگرت. بەڵام کرێکاران ملکەچی حوکمی دادگا نەبوون. دەستبەجێ هێزی سەرکوتکەر ڕەوانەی کارخانە کران. ئەمجارە کرێکاران بە هەموو ئامرازێکی بەردەست خۆڕاگرییان کرد. عەزم و ئیرادەیان پاشەکشەی بە هێزەکانی پۆلیس کرد و بەم شێوەیە کرێکاران یاسای خۆیان کردە واقیع. خۆڕاگری کرێکاران و کشانەوەی پۆلیس خاوەنکاری ناچار کرد بێتە سەر مێزی دانوستان و حەقدەستەکان زیاد بکات. لە ١١ی فێوریەی ١٩٣٧ سەد و سی و شەش هەزار کرێکاری بەشداری مانگرتن و سەرکردەکانی مانگرتن کە زۆرینەیان کرێکاری کۆمۆنیست بوون، بە ئاوازی بەکۆمەڵی “هاوپشتی بۆ هەتا هەتایە” ڕێپێوانی سەرکەوتنیان لە شارەکەدا دەستپێکرد. توانیان لە ماوەی چل و چوار ڕۆژدا بەرهەمهێنانی دوو سەد و هەشتا هەزار ئۆتۆمبێل ڕابگرن. ئەمە یەکەم سەرکەوتنی گەورەی بزووتنەوەی سەندیکایی بوو لە ئەمریکا.
دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی دەستەجەمعی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ لەگەڵ کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز، بەڕێوەبەری گشتی یەکیەتییەکە ڕایگەیاند کە “مانگرتنی شۆڕشگێڕانە لاپەڕەیەکی نوێیە لە مێژووی ئێمەدا”. ئێمە توانیمان بە کۆنسێرنەکان و بە ڕای گشتی ئەمریکا و بە هەموو جیهانی نیشان بدەین کە چینی کرێکار لەناو نەچووە. ئێمە تازە دەستمان پێکردووە. ئێمە لە مێژوو فێر دەبین و لە هەمان کاتدا مێژوو دەخوڵقێنین. بێگومان ئەو حەقیەتی کە باس لە دروستکردنی مێژوو دەکات. چونکە خەبات بۆ بردنەسەری حەقدەست خەباتێکی مێژوویی و هەمیشەیی چینی کرێکارە کە ئاکامەکەی هێز و خۆڕاگری و ئاستی ڕێکخستن و ڕێبەریی وشیاری ئەم چینە دیاریی دەکات.