بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، “قاسم ئابستە” خەڵکی شاری مەهاباد، دوای ١٤ ساڵ بەندکران سزای سێدارەکەی لە زیندانی قزڵحساری کەرەج جێبەجێ کرا.
قاسم ئابەستە لە ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٧ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترابووەوە. ناوبراو وەکوو تۆمەتباری ڕیزی ئاخری دۆسیەی کوژرانی “عەبدوڵڕەحیم تینا” لەگەڵ شەش کەسی دیکە بەناوەکانی “داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو نەشارەت، کامڕان شێخە و ئەیووب کەریمی” لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی ” چالاکی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی”، “چالاکی دژ بە حکومەت”، “ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکان” و “فساد فی الارض” سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا بوو. جێگای ئاماژەیە، سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٤ لە لایەن لەقی ٤١ی دیوانی باڵای ڕژیم ڕەد کراوە و بەمەبەستی پێداچوونەوە ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران کرا. لە جۆزەردانی ١٣٩٦ قاسم ئابەستە و ٦ هاودۆسیەکەی دیکەی بە تۆمەتی “فساد فی الارض” جارێکی دیکە لەلایەن لەقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.