دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٣ی خەزەڵوەر، “فەواد فەتحی”، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی شاری تاران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو شارە دەستبەسەر کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە کرێکارییە دوای ئەوەی کە لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر کراوە، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتماوەدا بە بنەماڵەکەی ڕایگەیاندووە کە لە لقی ٧ی خانەی دادی ئێڤین تۆمەت دراوەتە پاڵی. بنەماڵەی فەتحی ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی خەزەڵوەر، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی فواد سەردانی خانەی دادی ئێڤینیان کردووە، بەڵام لەوێ پێیان ڕاگەیەندراوە کە ناوی فواد فەتحی لە سیستەمەکەیاندا تۆمار نەکراوە و ئەوانیش ئامادەی وەڵامدانەوەی ئەو بنەماڵەیە نەبوون.
جێگای ئاماژەیە، ناوبراو پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانییەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە دادگایی کرابوو.