فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

بەیاننامەی هاوبەشی چەند ڕێکخراوی کرێکاری: شەڕی ماڵوێرانکەر و کۆنەپەرستانە دژی خەڵکی ستەمدیدەی غەززە مەحکووم دەکەین
چوارشەممە ۱۷-۰۸-۱۴۰۲   |  08-11-2023

ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبر (١٥ی ڕەزبەر) بۆ جارێکی دیکە ئەو ئەکتەرانەی کە ژیان و مانەوەیان لە داگیرساندنی ئاگری شەڕدا دەبینن، دەستیان دایە جەنایاتێک کە لە دیدەی هیچ ئینسانێک ناشاردرێتەوە. بەهۆی ئەم تێکهەڵچوونانە لەماوەی سێ هەفتەدا هەزاران کەس کوژران و دەیان هەزار کەس بریندار و سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون و ماڵ و نەخۆشخانە و ناوەندی پەروەردە و کەمپی پەنابەران وێران بوون. دەسەڵاتی ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە بە چەکی مەرگبار بەردەوام هێرش دەکات سەر غەززە و بۆ دەرکردنی خەڵک لەم ناوچەیە و بۆ داگیرکردنی غەززە و بە بیانووی ڕیشەکێش کردنی حەماس لە هیچ تاوانێک تەنانەت لە بەکارهێنانی بۆمبی فۆسفۆری دەریغی نەکردووە.

ئەم شەڕە درێژەی سیاسەتێکە کە لە زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوبەرەوە لەلایەن ئیمپریالیزمەوە و لە ٧٥ ساڵ لەمەوبەرەوە لەلایەن دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و داگیرکەر و کۆلۆنیالیستی ئیسرائیلەوە بۆ پەیوەست کردنی خاکی فەلەستین بە ئیسرائیلەوە بەڕێوەچووە. نادیدەگرتنی مافی هەبوونی سەرپەنا و سەرەتاییترین ئاسایش و ئارامی و مافی ژیانی ئاسایی بە بێ هەڕەشە و نیگەرانیی لەدەستدانی ژیان و خانەوادە و ماڵ لەلایەن ئیسرائیلەوە، ڕەوایەتی بە خەباتی خەڵکی ژێر ستەمی فەلەستین دەدات. خەباتێک کە بە درێژایی تەمەنی ئیسرائیل سەرەڕای هەوراز و نشێو و خاڵە لاواز و بەهێزەکانی بەردەوام درێژەی بووە. مافی ژیان و هەبوونی ئاسایش و ئیمکانی کارکردن و ژیان، کە تەنانەت لە جیهانی سەرمایەداریشدا بەڕەسمی ناسراوە، لەلایەن حکوومەتی ئیسرائیل و لایەنگرانی ئیمپریالیستییەوە بۆ خەڵکی فەلەستین قەبووڵکراو نییە و خەڵکی فەلەستین تەنانەت لە ناو کەمپەکانیشدا پارێزراو نین.

بەڵام سەرکوت، کوشتار، زیندان و ئەشکەنجە و دەرکردن لە ماڵ و وڵاتی خۆ و تەباهی و وێرانی، تەنها دیاریی ئیسرائیل و پشتیوانانی ئیمپریالیستی بۆ خەڵکی فەلەستین نییە. ئەو خەڵکەی کە ساڵەهایە  بەرەوڕووی سەرکوتی نیزامی و دەستگیری و ئەشکەنجە و دەرکردن دەبنەوە و  بۆ پاراستنی هاوسەر و منداڵ و سەرپەنایان لە ترس و هەراسدا بەسەر دەبەن چۆن دەتوانن ئاستی وشیاری سیاسی خۆیان بەرنە سەر و ڕێبەری لایەق و دڵسۆزیان هەبێت؟ ئیمپریالیزم و ڕژیمی سەهیۆنیستی لە هەموو دەورانی سوڵتەیان بەسەر وڵاتی فەلەستین، هەرجۆرە ئەندێشەیەکی پێشکەوتوو و بزووتنەوەیەکی سیاسیی نەیاری سوڵتە و خوازیاری ئازادی و سەربەخۆییان سەرکوت کردووە و دەیکەن. ئەوان هەروا بۆ لاوازکردن، پەراوێزخستن و لەئاکامدا ڕیشەکێشکردنی موقاومەتی ئازادیبەخش و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە فەلەستین، ئاگاهانە زەمینەیان بۆ بەهێزبوونی هێزە کۆنەپەرستەکان لەم وڵاتە فەراهەم کرد. لە کەس شاراوە نییە کە حەماس، کە لەئێستادا ئیسرائیل بەبیانووی بەرنگاربوونەوە لەگەڵی پیلانی زێدەخوازانەی ئەرزی و نیزامی و سیاسی و ئابووریی خۆی بەڕێوە دەبات، بە پشتوانیی دەوڵەتی ئیسرائیل و بۆ مونزەوی کردن و لەناوبردنی بزووتنەوەی ئازادیبەخشی فەلەستین و ڕێکخراوە پێشکەوتنخوازەکانی فەلەستین پەرەی ستاند و ئیدارەی غەززەی گرتە دەست. ڕەوتەکانی وەک حەماس و جەهادی ئیسلامی کە بەدرۆ خۆیان بە داکۆکیکاری ئاواتەکانی خەڵکی فەلەستین دەزانن و لەڕاستیشدا بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرژوەندی هێندێک لە دەسەڵاتەکانی ناوچەکە دابین دەکەن، بەهۆی سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە لە مەیدانی سیاسیی فەلەستیندا سەریان هەڵداوە و ئاڵای درۆیینی “موقاومەت”یان گرتووەتە دەست. لەم ڕووەوە خەڵکی زەحمەتکێشی فەلەستین لە شەڕ و ململانێی نێوان دوو بەرەی کۆنەپەرستدا بەردەوام دەبنە قوربانی و ئازادی و سەربەخۆییان لێ زەوتکراوە. لەلایەکەوە دیلی ئەو هێزە کۆنەپەرستەن کە وێڕای سوێند خواردنی بە ” فەلەستین و قۆدس” ئاواتی بەهێزکردنی ئایدیۆلۆژی و پان ئیسلامیسمی لەسەر دایە. و لەلایەکی دیکەشەوە گرفتاری سیاسەتی فاشیستی – سەهۆنیستیی دەوڵەتێکی ڕەگەزپەرستن. ئێمە هەر دووی ئەم هێزە کۆنەپەرست و دژەخەڵکییانە مەحکووم دەکەین. 

سیاسەتی حەماس و جەهادی ئیسلامی و کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانی لە لۆبنان و عێراق و یەمەن و سووریە و شوێنەکانی تر، لەسەر بنەمای پان ئیسلامیسم بەئامانجی پێکهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی لەجۆری کۆماری ئیسلامی یان هاوشێوەی لە وڵاتی فەلەستیندا بەڕێوە دەچێت. سیاسەت و ئایدیۆلۆژیی ئیسرائیل و سیاسەتی پشتیوانانی ئیسرائیل بەتایبەت دەوڵەتی ئەمریکا و ئینگلیس کۆچی زۆرەملی، داگیرکردن، ڕەگەزپەرستی و پاراستن و بەهێزکردنی دەسەڵاتی ئیسرائیل لە ناوچەکەیە. هیچ کام لەم سیاسەتانە قازانجێکیان بۆ خەڵکی ستەمدیدە و زەحمەتکێشی فەلەستین نییە و هەر هەموویان لەلایەن جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشەوە مەحکوومن.

هەموو وێژدانێکی بەخەبەر پێویستە لە خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین بەرانبەر وەحشیگەریی هێزە فاشیستەکانی ئیسرائیل دیفاع بکات. جەماوەری زەحمەتکێشی وڵاتانی جۆراوجۆر پێویستە دژی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرە و دژی کوشتاری خەڵکی بێتاوان لە غەززە هەڵوێست بگرن و لە شەقامەکانی وڵاتی خۆیان ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ هاوار بکەن.

 سیاسەتی زێدەخوازانە و قازانجپەرستانەی دەسەڵاتەکانی داکۆکیکاری شەڕ و لایەنەکانی ئەم شەڕە کە لەپێناو بەرژەوەندی ئیمپریالیستی، تاڵانکردن و داگیرکارییە، و لەسەر ئەساسی پێشێلکردنی مافەکانی خەڵکی فەلەستین و کوشتن و تاوانی ئاشکرایە، پێویستە شەرمەزار بکرێت. بە لەقاودانی سیاسەتی ئیسرائیل و پشتیوانانی ئیمپریالیستیی لەلایەکەوە و بە ئیفشا و لەقاودانی سیاسەت و ئامانجی کۆنەپەرستانەی حەماس، جەهادی ئیسلامی و ڕوەتە لیبڕاڵ رێفۆرمیستەکانی مودەعیی ڕێبەریی فەلەستین لەلایەکی دیکەوە، پێویستە لە پەرەسەندنی شەڕ ڕێگری بکرێت. ڕژیمەکانی ئیسرائیل، ئێران، تورکییە، میسر، عەرەبستان، ئەمریکا، فەڕانسە، ئاڵمان، ئینگلیس و هاوپەیمانانیان، هەر هەموویان بەشوێن بەرژەوەندی سیاسی، نیزامی و ئابووریی خۆیانەوەن و هیچ کامیان خوازیاری فەلەستینێکی ئازاد، سەربەخۆ و پێشکەوتوو، فەلەستینێک کە تێیدا بەرژوەندی خەڵکی ئەو وڵاتە بەتایبەت بەرژوەند و داخوازیی کرێکارن و زەحمەتمەتکێشان وەدی بێت، نین.

پێویستە بە بەرزکردنەوەی ئاڵای خەبات بەرانبەر داگیرکاری، کوشتار و شەڕ، بە تێکۆشان لەپێناو ئاشتیی دادپەروەرانە و ئازادیی خەڵکی فەلەستین، واتە ئاڵایەک کە پێویستە لە لایەن جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و هەموو خەڵکی ئازادیخواز و پێشکەوتنخوازی سەرانسەری جیهان لەوانە لە ئیسرائیل بەرز بکرێتەوە، کۆتایی بەم بارودۆخە مەرگبارە بێت.

بە دروشمی دژایەتی لەگەڵ شەڕ و کوشتن، پێویستە لە خەڵکی مەزلوومی فەلەستین و لە کرێکاران و زەحمەتکێشان کە ژیانیان لەبەردەم موسیبەتەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیەدایە، دیفاع بکەین. جەماوەری زەحمەتکێش و ستەمدیدەی فەلەستین مافی خۆیانە لەپێناو گۆڕینی چارەنووسیان کە لە لایەن سازشکاران و چەواشەکاران و ناڕەهبەرانەوە کایەی پێدەکرێ، بەخۆیاندا بێنەوە و لە خەباتێکی وشیارانەدا ببنە حاکمی چارەنووسی خۆیان. 

١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٢ی هەتاوی

سەندیکای کرێکارانی نەیشەکەری حەوت تەپە

گرووپی یەکیەتیی خانەنشینان

کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ یارمەتیدان بە پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان

کرێکارانی خانەنشینی خووزستان