سوهەیلا محەممەدی، ژنە بەندکراوی سیاسی و خەڵکی سەڵماسی سەر بە پارێزگای ورمێ کە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ بەند کراوە، نزیکەی ٣ مانگە بە مەبەستی پێدانی مافی مرەخەسیی ناوبراو بارمتەی قورسی بڕی دوو ملیارد و پێنج سەد ملیۆنی بۆی دابین کراوە، بەڵام هێشتا بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە ڕەزامەندییان لەسەر داواکارییەکەی دەرنەبڕیوە و ڕێگرییان لە هاتنە دەرەوەی کردووە.
ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژ تا سێشەممە، ١٧ی گەلاوێژ، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ مانی لە خواردن گرت و بە بەڵێنی پێدانی ئازادیی کاتی کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و بەرپرسانی بەندیخانە پێی درابوو، بە کردنەوەی لێوی کە پێشتر دووریبووی، کۆتاییی بە مانگرتنەکەی هێنا.
لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە مانی لە خواردن گرتبوو بە مەبەستی شکاندنی مانگرتنەکەی، لەژێر گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ئیدارەی ئیتلاعات و بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدا بووە و ئەویش ڕایگەیاندووە؛ ئەگەر پێڕاگەیشتنی دۆسیەکەی لەوە زیاتر دوا بخرێت، “هەوڵی خۆکوشتن دەدات”. سوهەیلا محەممەدی دایکی منداڵێکە و لە مانگی ڕەشەمەی پارەکە بەهۆی گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان و ڕێگریکردن لە ئازادیی کاتیی ناوبراو، چەند چەقۆیەکی لە سینگی خۆی دا و هەوڵی دا خۆی بکوژێت کە لەلایەن هاوبەندییەکانییەوە ڕزگار کرا. سوهەیلا محەممەدی، بەهۆی ئەوەیکە ماوەی سێ ساڵە لە کوڕە منداڵەکەی دابڕاوە و هەروەها بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم لە ماوەی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەکانی لەلایەن ئەو ناوەندانەوە، لە بارودۆخێکی جەستەیی و دەروونیی خراپدایە کە جێی نیگەرانییە.