ڕۆژی سێشەممە ١٦ خەزەڵوەر، کاربەدەستانی ڕژیمی ئیسلامی لە هەمەدان، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی چوار هاووڵاتیی دیکەی بەهایی و لە کاتی پشکنینی ماڵەکانیان، دەستیان بەسەر بەڵگەنامە و پاسپۆرت و هەندێک کەلوپەلی شەخسی یاندا گرتووە.
لە هەمان کاتدا سێ هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی شاری ساری، لەلایەن دادگای ڕژیمەوە لەو شارە، بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە لە بەرژەوەندیی گرووپ یان ڕێکخراوە دژبەرەکانی ڕژیم” و “ئەندامەتی لە گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات” دادگایی کراون.
لەم پێوەندییەدا، کۆمەڵگەی جیهانیی بەهایی لەم دواییانەدا بەیاننامەیەکی دەرکرد و دەرکردنی حوکمی زیندان لە دژی هاووڵاتییانی بە شێوازی چڕتر بە پێشێلکردنی مافی بەهاییەکان لە ئێران ناو برد و خوازیاری ئەوە بوو کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، بەرپرسیار بکات.