فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

٢٠ کاتژمێر کوشتن و وێرانکاری لە غەززە، ٤ کاتژمێر وەستانی مرۆڤدۆسانە
یەکشەممە ۲۱-۰۸-۱۴۰۲   |  12-11-2023

٣٤ شەو و ڕۆژە کە دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و داگیرکەری ئیسرائیل بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مەترسیی تیرۆریزمی ڕێکخراوی حەماس لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە خەڵکی فەلەستین لە کەرتی غەززەی داوەتە بەر بۆردومان و هێرشی مووشەکیی بەردەوام. ٣٤ شەو و ڕۆژە کە یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی شەڕ و جینۆسایدی مێژوو وێڕای دڵتەزێنترین دیمەنەکانی کوشتاری منداڵان و خەڵکی بێدیفاع لەبەرچاوی هەموو خەڵکی جیهاندا لەئارادایە. لە دوایین گۆڕانکاریی دیپلۆماتیکدا ڕۆژی ٩ی نوامبری ٢٠٢٣ لەسەر پێشنیاری بایدێن سەرۆککۆماری ئەمریکا، دەوڵەتی ئیسرائیل ڕەزایەتی داوە کە لە شەو و ڕۆژدا ٢٠ کاتژمێر لە غەززە کوشتار و وێرانکاری بکات و ٤ کاتژمێریش وەستانی مرۆڤدۆسانە بەرقەرار بکات. بەڵام هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم وتارە واتە دوای نیوەڕۆی ١٠ نوامبر، لەم وەستانە مرۆڤدۆسانەیە هیچ خەبەرێک نییە. ئەم پێشنیارە فریوکارانەیەی بایدن، لەحاڵێکدا کە حکوومەتی ئەمریکا چەندین جار ڤیتۆی پێشنیاری ئاگربەستی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کردووە، جگە لە هەوڵدان بۆ پێدانی ڕواڵەتێکی یاسایی بە کوشتنی خەڵکی فەلەستین و بەکەم سەیرکردنی هۆشیاری مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و یەکسانیخواز لە ئاستی جیهان و بێجگەلە ڕسوایی ئەخلاقی دیموکراسییە بۆرژواییەکانی داکۆکیکاری ماف، هیچی تر نییە.

بەهۆی ئەم جینوسایدەوە هەتا ئێسا زیاتر لە ١١ هەزار کەس و لەناویاندا چوار هەزار و ٥٠٦ منداڵ گیانیان لەدەستداوە ودەیان هەزار کەسیش بریندار بوون. زیاتر لە ٥٠ لەسەدی ماڵەکانی خەڵک زیانی بەرکەوتووە و یان وێران بوون و پتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون. لەم ماوەیەدا ئەگەرچی ئەرتەشی ئیسرائیل بەردەوام هۆشداری بە دانیشتووانی باکووری غەززە داوە کە ناوچەکە چۆڵ بکەن، بەڵام بەردەوام ناوچەکانی باشووری شاری غەززەی بۆردومان کردووە. ئەم کۆمەڵکوژییەی خەڵکی فەلەستین لە حاڵێکدا لەئارادایە کە کەرتی غەززە بەتەواوی گەمارۆ دراوە. جەریانی بەرق قەتع بووە و دانیشتووانی بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنە و خۆراک و دەرمان یەکجار لە مەزیقەدان. بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی بیست نەخۆشخانە بەیەکجاری داخراون و نەخۆشخانەکانی دیکەش مەترسیی داخرانیان لەسەرە. ١٠ی نوامبر ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی پشتڕاستی کردەوە کە نەخۆشخانەی ئەلشەفا لە شاری غەززە بۆمباران کراوە. لەم بارودۆخەدا ناردنی کاروانەکانی فریاگوزاریی سنووردار بە هیچ شێوەیەک وڵامدەرەوەی ئەم بارودۆخە کارەساتبارە نییە. بەڵام لە ڕوانگەی بەرژەوەندی دەسەڵاتی ئەمریکا و بریتانیا و هاوپەیمانانیانەوە مەعلووم نییە کە چەند هەزار منداڵ و خەڵکی فەلەستین لە غەززە دەبێ ببنە قوربانی. چەند هەزار ماڵی دیکە دەبێ وێران بێت تا ئەم داکۆکیکارە درۆینانەی مافی مرۆڤ لەگەڵ ئاگربەست و کۆتایی ئەم جەنایاتە موافقەت بکەن.

دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی نەتانیاهۆ لە حاڵێکدا لەسەر درێژەی ئەم جەنایاتە جەنگییە پێداگری دەکات و ئازادیی بەبارمتەگیراوانی ئیسرائیلی و تەسلیمبوونی حەماسی کردووەتە پێشمەرجی ڕاگرتنی بۆمبارانەکان، کە خۆی پتر لە ٦ هەزار فەلەستینیی لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا بەدیل گرتووە و زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی لە غەززە بەبارمتەگرتووە و لە هەر شەو و ڕۆژێکدا سەدان کەسیان دەکاتە قوربانی. دەوڵەتانی ئەمریکا، بریتانیا، کانەدا، فەڕانسە، ئاڵمان و ئیتالیا و … بە پشتیوانیی بێ شەرت و مەرج لە دەوڵەتی ئیسرائیل و دژایەتی لەگەڵ پێشنیاری ئاگربەست، لەم جەنایەتە جەنگییە و لە وەڕێخستنی حەمامی خوێن لە غەززەدا شەریکن. ئەم دەوڵەتانەی سەرمایەداری و میدیاکانی سەربەوان بە سڕینەوە و نادیدەگرتنی بەستێنە مێژووییەکانی ململانێی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل لەگەڵ نەتەوەی فەلەستین، هێرشی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبر بەهۆکاری ئەم شەڕە و قەیران پێناسە دەکەن و بەبیانووی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ حەماس دەستی دەوڵەتی ئیسرائیلیان بۆ ئەم جینۆسایدە ئاشکرایە ئاواڵە هێشتووەتەوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل لەماوەی ئەم ساڵانەدا هەموو یاساکانی “شەڕی پێشکەوتووانەی جیهانی ئازادی سەرمایەداری” و سەرجەم بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە پێکهاتنی دەوڵەتی فەلەستین و گەڕانەوەی ئاوارەکانی فەلەستینی پێشێل کردووە.

بێگومان ئەم شەپۆلە نوێیە لە تاوانی جەنگیی دەوڵەتی ئسیرائیل بەرامبەربە خەڵکی غەززە دوای هێرشی گرووپی کۆنەپەرستی حەماس دژی ئەرتەشی ئیسرائیل و کوشتاری دڵتەزێنی خەڵکی ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبر دەستیپێکرد، بەڵام شەڕ و داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیل دژبە خەڵکی فەلەستین پێشینەیەکی دوورودرێژ و خوێناویی هەیە. ئەرتەشی پڕچەککراوی ئیسرائیل تەنها لەم ساڵی زایینییەدا زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە خەڵکی فەلەستینی لە لێواری ڕۆژئاوا کوشتووە و سەدان کەسی بریندار کردووە. دەوڵەتی ئیسرائیل ١٦ ساڵە کە زیاتر لە دوو ملیۆن کەسی لە دانیشتووانی غەززە گەمارۆ داوە. بە داسەپاندنی سیاسەتی مشتی ئاسنین ژیانێکی کارەساتباری بەسەریاندا سەپاندووە و لەم ماوەیەدا چەندین جار بەبیانووی مووشەک هاویشتی حەماس و ڕێکخراوی جەهادی ئیسلامی خەڵکی ئەم کەرتەی بۆمباران کردووە و هەموو جارێ ژمارەیەکی زۆری لە خەڵک خەڵتانی خوێن کردووە. دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئسیرائیل زیاتر لە ٧٠ ساڵە کە بە پشتیوانیی ماڵی و تەسلیحاتیی دەوڵەتی ئەمریکا و باقیی هاوپەیمانانی لە ئورووپا، بە شەڕنانەوە و میلیتاریسم و بە شارۆچکە دروستکردن لە وڵاتی فەلەستین، بەردەوام سیاسەتی داگیرکەرانەی خۆی بەڕێوەبردووە. دەوڵەتی ئیسرائیل هەموو ئەم جەنایەت و داگیرکارییانە بە ئامانجی درۆیینی دابینکردنی ئەمنیەت بۆ خەڵکی ئیسرائیل پاساو دەکات. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە ئەمنیەتی خەڵکی ئیسرائیل بە بێ “ئاشتیی پایەدار” و بە بێ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و بە بێ بەڕەسمی ناسینی مافی گەڕانەوەی ئاوارەکانی فەلەستین بۆ وڵاتەکەیان و بە بێ بەڕەسمی ناسینی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی فەلەستین و مافی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ دابین نابێت. یەکگرتن و هاوپشتیی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین لەگەڵ کرێکاران و هێزە پێشکەوتنخوازەکان لە ئیسرائیل کە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی ئیسرائیلن، گەشەی بزووتنەوەی پشتیوانی لە ئازادیی فەلەستین لەئاستی جیهان و هۆگرایەتیی جیهانیی مافی دیاریکردنی چارەنووسی خەڵکی فەلەستین ئەو هێزەیە کە دەتوانێ کۆتایی بە ڕەگەزپەرستی و داگیرکاری بێنێت و مافی بنەڕەتیی نەتەوەی فەلەستین بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆ وەدی بێنێت.

ئەمڕۆ لە حاڵێکدا کە دەوڵەتانی ئەمریکا، ئاڵمان، بریتانیا، فەڕانسە و … بە پشتیوانیی بێ شەرت و مەرج لە سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەی نەیتانیاهۆ دەستی ئەویان بۆ جەنایەتی جەنگی دژبە خەڵکی غەززە ئاواڵە هێشتووەتەوە، لە بەرامبەردا بزووتنەوەیەکی مەزنی جەماوەری بۆ پشتیوانی و دیفاع لە ئازادیی فەلەستین بە خواستی کۆتایی دەستبەجێی شەڕ، ڕاگرتنی دەستبەجێ بۆمباران و ناردنی خێرای یارمەتی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە هاتووەتە مەیدان. جەماوەری ناڕازی بێسەبرانە خوازیاری کۆتاییهێنان بە تاوانی جەنگیی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیلن. ئەم بزووتنەوە هاوپشتییە جیهانییە، گۆڕینی هاوسەنگیی هێز بە قازانجی خەباتی مافخوازانە و ئازادیبەخشی کرێکاران و نەتەوەی ستەمدیدەی فەلەستین و لاوازکردنی هێژمۆنیی نیزامیی دەوڵەتی ئیسرائیلی خستووەتە ئاسۆوە. پێویستە ئەم بزووتنەوە هاوپشتییە بەهێز بکرێت. کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەری ئێران پێویستە بەم بزووتنەوە جیهانی و ئازادیخوازانەیە پەیوەست بن. حمایەتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە حەماس و ئەو مەراسیماتە حەقیرانەیەی کە بۆ دیفاع لەم ڕەوتە دەیخاتە ڕێ، نابێ کرێکاران و جەماوەری ناڕازی لە ئێران بۆ پشتیوانی لە کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی فەلەستین و ڕەوتی پێشکەوتنخواز و دژەشەڕ و دژەداگیرکاری لە ئیسرائیل تووشی گومان و سەرلێشێواوی بکات. جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە هەر شوێنێک بن، لە فەلەستین، ئیسرائیل و ئێران و شوێنەکانی تر، قوربانیی نیزامی سەرمایەدارین. بێگومان کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بە ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەتوانن یەکێک لە گرینگترین پێگەکانی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریسم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان ڕیشەکێش بکەن و زەمینە بۆ گەشە و بەهێزبوونی بزووتنەوەی ڕادیکاڵ و ڕزگاریبەخش لە فەلەستین و گشت ناوچەکە ئامادە بکەن. خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی فەلەستین بۆ تێپەڕین لەم بارودۆخە کارەساتبارە بێجگەلە ڕێکخستنی خەباتی جەماوەری و هاوپشتی لەگەڵ کرێکاران و هێزە ئازادیخواز و ڕەوتە شۆڕشگێڕەکان لە ئیسرائیل و ڕاکێشانی پشتیوانیی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لەئاستی جیهان لەپێناو خەبات بەرامبەربە ڕژیمی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل و ڕەوتە کۆنەپەرستە ئیسلامییەکان، ڕێگایەکی تریان لەپێش نییە.