فارسی

Komala

Kurdistan Organization of Communist Party of Iran

مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و یەکسانیخواز دژی جینۆساید و تاوانەکانی شەڕی دەوڵەتی ئیسرائیل لە غەززە
دوشەممە ۲۲-۰۸-۱۴۰۲   |  13-11-2023

پێنج هەفتەیە کە دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و داگیرکەری ئیسرائیل خەڵکی فەلەستینی لە کەرتی غەززە بە پاساوی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ مەترسیی تیرۆریزمی ڕێکخراوی حەماس خستووەتە ژێر بۆردومانێکی قورس و بەردەوامەوە. بێگومان هێرشی ڕەوتی ئیسلامیی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبر بۆسەر خەڵکی سیڤیلی ئیسرائیل جەوهەری تەوەحوشێکە کە هەموو ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی لە خۆیان نیشانی دەدەن. هیچ جیاوازییەکی نییە کە ئەم وەحشیگەرییە لە قامەتی حکوومەتی ئیسلامی لە ئێراندا بێت کە مێژووی بە کوشتار و خوێن نووسراوە و یان جەنایاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئەدۆغان دژی خەڵکی کوردستان و یان تەوەحوشی “داعش” لە سووریە و عێراق و قەتڵوعامی “ئیزەدییەکان” و یان تەوەحوشی “بوکوحەرام” و یان “ئەلشەباب” لە سوومالی و سوودان.

بەڵام وڵامی دەوڵەتی ڕەگەزپەرستی ئیسرائیل بەم هێرشەی حەماس، هەموو سنوورەکانی وەحشیگەری و بەربەریەتی تێپەڕاندووە. نەتانیاهۆ لە هەمان ڕۆژی یەکەمەوە ڕایگەیاند کە “ئێمە لە شەڕ داین … وڵامی ئێمە سیمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت و دەرسێک دەبێت بۆ نەسلی داهاتوو”. بەئاشکرا دەیگوت کە کارەساتێکی ترسناکی ئینسانی بەڕێوەیە. لەئێستادا پێنج هەفتەیە شەڕ و کوشتار و وێرانکاری بەردەوامە. هەموو هەوڵەکان بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی شەڕی ئیسرائیل بێ ئاکام ماوەتەوە. دەوڵەتی ئیسرائیل داوای لە خەڵکی باکووری غەززە کرد کە باکوور چۆڵ بکەن و بەرەو باشوور بڕۆن. بەڵام هەم مەسیری ئەوان و هەم ناوچەکانی باشوور بەردەوام بۆمباران دەکات. هیچ گۆشەیەک لە غەززە تەنانەت نەخۆشخانەکانیش لە بۆمباران لەئەماندا نین. ماڵ، خوێندگا، نەخۆشخانە و هەر شوێنێک کە خەڵک پەنای بۆ دەبات هێرشی دەکرێتە سەر. هێزە زەمینییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل مەسیری تێپەڕینی خۆیان پاکسازی دەکەن. تەنها زەویی سووتاو لە دوایان دەمێنێتەوە. „ڕێکخراوی نێونەتەوەیی داکۆکی لە منداڵان” ڕایگەیاند کە بەشێوەی مامناوەند ڕۆژانە سەد و هەشتا منداڵ دەکوژرێن و هەتا ١٠ی مانگی نوامبر چوار هەزار و ٥٠٠ منداڵ گیانیان لەدەست داوە. ئەم ژمارەیە لە ژمارەی هەموو ئەو منداڵانەی کە لە ساڵی ١٩٦٧ەوە هەتا ئێستا لە لێواری ڕۆژئاوا و کەرتی غەززە کوژراون زیاترە. بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە “غەززە بووەتە گۆڕستانی منداڵان”. لەم ماوەیەدا زیاتر لە ١١ هەزار کەس لە غەززە بوونەتە قوربانیی ئەم شەڕە ترسناکە. هاوکات ڕێکخراوی غەیری دەوڵەتی “ناوەندی زانیاری مافی مرۆڤی ئیسرائیل” لە ڕاپۆرتێکدا نووسیی “ناوچەکانی لێواری ڕۆژئاوا ئیتر بوونیان نییە و دانیشتووانی لەلایەن گوندنشینە توندڕەوەکانەوە دەرکراون”. ئەم ڕێکخراوە تەنها لە ماوەی ٧ تا ١٩ی ئۆکتۆبردا ٩٨ بنەماڵەی بە ٥٥٢ ئەندامەوە بژاردووە کە ١٧٣یان منداڵ بوون. ئەم ڕێکخراوە لە ڕاگەیاندنەکەیدا داوا لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکات کە هەموو هەوڵیان دەستبەجێ بخەنە کار و بەر بەم هێرشە بگرن کە بە پشتیوانیی دەوڵەتی ئیسرائیل ئەنجام دەدرێت و بووەتە هۆی کۆچی زۆرەملێی فەلەستینییەکان.

هەموو ئەو ڕاپۆرتانە کە لە ئۆرگانەکانی سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و میدیا سەربەخۆکانەوە سەبارەت بە زیندانی گەورەی غەززە بڵاو دەبێتەوە، وەبیرهێنەرەوە و هاوشێوەی کردەوەی نازییەکانە دژبە ڕاپەڕینی دانیشتووانی “گێتۆی وارشۆ”. “گێتۆی وارشۆ” گەورەترین گێتۆی ژێر کۆنتڕۆڵی نازییەکان لە شەڕی جیهانی دووهەمدا بوو کە نزیک بە سێسەد هەزار کەس واتە کەمتر لە یەک لەسەر حەوتی دانیشتووانی غەززە تێیدا دەژیان. لە هاوینی ١٩٤١دا دەرکردنی بەرینی ئەم گێتۆیە دەستی پێکرد و لەماوەی دوو مانگی هاوینی ١٩٤٣دا لانیکەم ٢٥٤ هەزار کەس لە دانیشتووانی بۆ کەمپی “ترێبلیکا” ڕاگوێزران و هەر لەوێش کوژران. کاتێک هەواڵی کۆمەڵکوژیی “گێتۆی وارشۆ” بڵاو بووەوە کۆمەڵێک لە بەجێماوانی ئەم کوشتارە کە زۆربەیان لاوان بوون، ڕێکخراوێکیان لەژێرناوی “ڕێکخراوی خەباتکارانی یەهوودی” پێکهێنا. ئەم ڕێکخراوە لە ڕاگەیاندنێکدا داوای لە یەهوودییەکان کرد تا لە بەرابەر واگۆنەکانی قەتار کە یەهوودییەکانیان بۆ کەمپەکانی مەرگ دەبرد، موقاومەت بکەن. نۆزدەی ئاوریلی ١٩٤٣ دوای ئەوەیکە سەربازان و پۆلیسی دەوڵەتی فاشیستی ئاڵمان بۆ دوورخستنەوەی باقیی دانیشتووان چوونەوە ناو گێتۆ، ڕاپەڕینی گێتۆی وارشۆ دەستیپێکرد. ئەم ڕاپەڕینە لە ١٦ی مەی ١٩٤٣دا کۆتایی هات. ئاڵمانییەکان بەرەبەرە ئەم موقاومەتەیان تێکشکاند. لە پەنجا و شەش هەزار یەهوودیی بەدیلگیراو نزیکەی حەوت هەزاریان کوژران و باقیەکەشیان ڕەوانەی ئوردووگاکانی مەرگ کران.

لەئێستاشدا، لە بەرابەر ئەم جەنگە ترسناکەدا هەموو دەوڵەتە ئیمپریالیستەکانی ڕۆژاوا لە ئیسرائیل پشتیوانی دەکەن و بوونەتە بڵینگۆی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست. ئەم دەوڵەتە ڕەگەزپەرستە ڕێگەی پێدرا تا بەناوی دیفاع لە خۆی دەست بۆ هەموو جۆرە تاوانێک بەریت و هەموو دەوڵەتە ئیمپریالیسەکان ئاگاهانە فەرامۆشیان کرد کە باس لە زەمینەی واقعیی ئەم شەڕە ترسناکە بکەن کە ڕیشەی لە مێژووی خوێناویی زیاتر لە حەفتا ساڵ داگیرکاریدایە. گۆیا شەڕی نێوان خەڵکی فەلەستین و دەوڵەتی داگیرکەری ئیسرائیل بە هێرشی تیرۆریستیی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبر دەستیپێکردووە. ئاگاهانە فەرامۆش کرا کە هەموو بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەڕاندنەوەی دەوەڵەتی ئیسرائیل بۆ سنوورەکانی بەر لە ١٩٦٧ و گەڕانەوەی زیاتر لە چوار و نیو ملیۆن فەلەستینی و پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستین لە هەموو ئەم ساڵانەدا پێشێلکراوە. بەڵام هەموو ئەم تەبلیغاتە بەرینە و قوربانی کردنی حەقیقەتە مێژووییەکان زۆر زوو بەهۆی جەنایاتی خۆفناکی ڕژیمی داگیرکەری ئیسرائیل لە حەوتی ئۆکتۆبرەوە بەرەو ئەملا و بە هاتنە مەیدانی بەشێگی کەورە لە مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و بەرابەریتەڵەب، پووچەڵ بوونەوە. ڕێپێوانی ملیۆنی تەنانەت لە وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا، ڕاگەیاندنی ئاشکرای هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی ئیسرائیل و ڕاگەیاندنی ڕق و بێزاری لە دەوڵەتی ڕەگەزپەرست بوو. بانگەوازی ١٦ی ئۆکتۆبری یەکیەتیی کرێکارانی فەلەستین لەلایەن یەکیەتییە کرێکارییەکانەوە پێشوازیی لێکرا. هێندێک لە ناوەند و ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ئەمریکا هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ کرێکارانی فەلەستین ڕاگەیاند. چوار یەکیەتیی کرێکاری لە بێلژیک لە بانگەوازێکدا داوایان لە ئەندامانی خۆیان کرد کە لە گواستنەوەی کەرەستەی جەنگیی ئیسرائیل خۆ ببوێرن. ئەوان لەم بانگەوازەکەیاندا نووسییان: „ئێمە وەک یەکیەتیی کرێکاری لەگەڵ کەسانێکین کە بۆ ئاشتی خەبات دەکەن”. „ یەکیەتییە پایەییەکان” لە ئیتالیاش بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک ڕوو بە یەکیەتیی کرێکارانی فەلەستینی نووسییان: „وەک گەورەترین یەکیەتی لە بەشی خزمەتگوزاریدا لە بەرامبەر هەمووجۆرە ناردنێکی چەک بۆ ئیسرائیل ڕادەوەستین. ڕێگاچارەیەکی دادپەرپەرانە بۆ خەڵکی فەلەستین نەک لەلایەن زلهێزەکان و ڕژیمە سەرمایەدارییەکانی ناوچەکە بەڵکوو تەنها لەڕێگەی خەباتی هاوبەشی کرێکاران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەر لە جیاوازیی ئایینی و نەتەوەیی دێتە دی”. ئەم پەیامە بە شێوازی دیکە لە بەیاننامەی هاوبەشی ڕێکخراوە کرێکارییەکان لە ئێران ڕەنگی دایەوە.

ڕنگبێ ڕژیمی داگیرکەری ئیسرائیل بە پشتیوانیی بێ شەرت و مەرجی دەوڵەتانی ئەمریکا و بریتانیا و … بتوانێ لە ناو وێرانەکانی غەززەدا ڕووباری خوێن بخاتە ڕێ، بەڵام بێگومان ناتوانێ موقاومەتی نەتەوەیەک بۆ ڕزگاری تێکبشکێنێت. بەتایبەت ئەگەر چینی کرێکاری جیهانی و مرۆڤایەتیی ئازادیخواز و یەکسانیخواز پشتیوانی نەتەوەی فەلەستین بن.