ڕێکخراوی چاوەدێری مافی مرۆڤ، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک، داوای کردووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە وەکوو جینایەتی جەنگی، بەدواداچوونیان بۆ بکرێت.
چاوەدێری مافی مرۆڤ داوای لە ئیسرائیل کردووە کە کۆتایی بە هێرشەکانی بۆ سەر نەخۆشخانەکان بێنێت و جەختی کردەوە کە کۆمیسیۆنێکی سەربەخۆی نێونەتەوەیی و دادگای لاهە دەبێ لەمبارەوە لێکۆڵینەوە بکەن.
ئەم ڕێکخراوە باسی لەوە کردووە کە ئیسرائیل هێرشەکانی خۆی بۆ سەر نەخۆشخانەکانی زۆرتر کردووە و تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لە بوونی هێزی نیزامی لەو شوێنانە نەدۆزراوەتەوە.
ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئەرتەشی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆ ڕایگەیاند کە گرووپی حەماس، بۆ ڕاگرتنی بارمتەکان، ئەنباری چەکوچۆڵ و مەقەڕی سەربازی، کەڵکی لە نەخۆشخانەی ڕینتیسی وەرگرتووە.
ئەرتەشی ئیسرائیل بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ لە کەرەستەی شەڕکەر وەکوو جلیقەی خۆتەقاندنەوە، نارنجۆک، چەک و مووشەکی ئارپیجی، باسی لە مووشەکهاوێژییەکانی حەماس لەم نەخۆشخانە کردووە و ڕایگەیاندووە کە خۆتەقێنەکانی حەماسیش هەر لێرەوە بەرێ دەکرێن.