سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە هەندێک بەڵگە، ڕایگەیاندووە کە فەرماندەیەکی حەماس لە نامەیەکدا، داوای لە کۆماری ئیسلامی کردووە کە لە بوارەکانی مۆهەندسی، حقوق، بەرنامەنووسی، مودیریەت، فیزیک و تێکۆنۆلۆژی لە زانکۆکانی ئێران، بوورسییەی خوێندنیان پێ بدرێت.
لەم نامەیەدا، حەماس داوای بوورسییەی بۆ ٧ کەس لە ئەندامانی خۆی کردووە.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی، ڕایگەیاندووە ئەمە بەڵگەیەکی ئاشکرایە کە نیشان دەدات، ڕژیمی ئیسلامی هەوڵی ڕاهێنانی ئاکادێمیک بۆ گرووپی حەماس دەدات.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئیسرائیل، ئەندامانی حەماس لە ڕێگەی زانکۆکانەوە بۆ بەرهەمهێنانی کەرەستەی تەقینەوە ڕاهێنانیان پێکراوە و ئەگەری زۆرە کە سپای پاسداران ئەم کارەی لە ئەستۆ گرتبێت.
ئامانج لەم ڕاهێنانە ئاکادێمیکە، بەرزکردنەوەی توانایی نیزامی حەماسە بۆ ئەوەیکە بە ڕێژەیەکی کەمتر لە ڕابردوو لەم بوارەدا پشت بە کۆماری ئیسلامی ببەستێ.
لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، ئێنسیە خەزعەلی، جێگری ڕەئیسی بۆ کاروباری ژنان ڕایگەیاند کە ئامادەی پێدانی بووریسییەی خوێندن بە ژنان و کچانی خوێندکاری غەززەن.
دۆزرانەوەی ئەم بەڵگەیە لەحاڵێکدایە کە ڕژیم، لە دەسپێكی شەڕەکەوە، ئیدعاکانی ئیسرائیل بۆ ڕۆڵگێڕان لەم شەڕەی ڕەت کردووەتەوە.