لە سەروبەندی یەکێکی دیکە لە هەینییە ناڕەزایەتییەکانی سیستان و بەلووچستان، فەرماندەی ئینتیزامی ڕژیم ڕۆژی پێنجشەمە ۲٥ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند ئۆتۆمێبلی”تاکتیکی دژە فیشەکی توفان” بۆ “دابین کردنی ئەمنییەت و ئاسایش و ڕووبەڕوو بوونەوەی جدی لەگەڵ تێکدەرانی ئەمنییەت” لەم شارە جێگیر کراوە. جێگیر کردنی ئۆتۆمبێلە دژە شۆڕشەکان لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە بارودۆخێک دایە کە شارەکانی ئەم پارێزگایە و بەتایبەت زاهیدان لە مانگەکانی ڕابردوودا و لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ساڵی ۱٤۰۱دا گۆڕەپانی ئامادەیی بەرینی هێزە نیزامی و ئەمنییەتییەکان بووە.
هەندێک لە شارەکانی ئەم پارێزگایە، لەوانە زاهیدان و خاش، لە کاتێکەوە هێزە حکوومەتییەکان ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە زاهیدان ناڕازیانیان کردە ئامانج، هەموو هەینییەک شایەتی ناڕەزایەتی بووە لە شەقامەکاندا. لە ڕۆژانی هەینیدا هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دانانی وێستگەی پشکنین و داخستنی شەقامەکان، هەوڵی پشکنینی خەڵک لەوانە ژنان دەدەن. ناڕازیان دەستگیر دەکەن و هێڵی پێوەندی و ئینترنێت تووشی کێشە دەکەن.
سێ ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆکی داواکاریی گشتی سیستان و بەلووچستان لەسێدارەدانی سێ زیندانی ئەمنییەتی بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی “لە ناوچە جیاوازەکان”ی زاهیدان ڕاگەیاندبوو. کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دەرکردن و جێبەجێ کردنی سزای قورس بۆ ناڕازیانی بەلووچ، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ترساندن و تۆقاندنەوە ناڕازیانی سیستان و بەلووچستان سەرکوت بکات.