ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، “سوهراب ڕەحمەتی”، چالاکی سیاسی و پارێزەری خەڵکی شاری بۆکان کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستان و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستانە، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە گوندی “هانا سیتی”ی شاری هەولێر، لە لایەن کەس یان کەسانێکی چەکدارەوە بە مەبەستی تیرۆرکردن تەقەی لێ کراوە. ناوبراو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەی تیرۆرکردنی لێ کراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشبەرەکان دەمانچەی “کوڵت”یان پێ بووە و دەنگبڕیان لەسەر داناوە و تەقەیان لە سوهراب ڕەحمەتی کردووە کە دوو گوللە بەر زگی کەوتووە و بەسەختی بریندار بووە. ناوبراو لە ئێستادا لە ناوەندێکی دەرمانیی شاری هەولێر لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە. شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە یەکێک لەو پارێزەرانەیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا پارێزەریی کۆمەڵێک لەو بنەماڵانەی کردووە کە ئەندامێکیان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون و لە دۆسیەیەکیشدا کۆماری ئیسلامی مەحکووم کردووە.