لەحاڵێکدا کە هەموو میدیا فەرمییەکانی دەوڵەتانی ئیمپریالیستیی ڕۆژئاوا هاودەنگ لەگەڵ یەکتر بێشەرمانە لە شەڕی ترسناکی دەوڵەتی ئیسرائیل دژبە خەڵکی فەلەستین لە غەززە پشتیوانی دەکەن و بۆ بەناو مافی بەرگریکردنی دەوڵەتی داگیرکەر تەبلیغاتێکی بەرینیان خستووەتە ڕێ، کارەساتی کوشتاری خەڵکی بێدیفاع و منداڵان و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن ئینسان هەموو ویژدانێکی وەخەبەر ئازار دەدات.
شەڕی دژەئینسانیی دەوڵەتی ڕگەزپەرستی ئیسرائیل دژبە خەڵکی فەلەستین لە غەززە زیاتر لە یەک ملیۆن ئینسانی تری بە سەدان ملیۆن ئاوارەی وڵاتانی دیکە زیاد کرد کە ئەوانیش وڵاتیان بووەتە مەیدانی شەڕی نیابەتی و ئێتنیکی و مەزهەبی. ئاستی دڕندەیی و وەحشیگەری شەڕ لە غەززە بوو بەهۆی ئەوەیکە کارەساتی ئاوارەکانی ئەفغانستان لە ئێران و پاکستان لەماوەی ڕۆژان و هەفتەکانی ڕابردوودا، ڕەنگدانەوەیەکی زۆری نەبێت. شۆڤنیسمی ئاریایی و کۆنەپەرستیی کۆماری ئیسلامی لەلایەکەوە و دەوڵەتی سەرکوتگەری پاکستان لەلایەکی دیکەوە هێرشێکی هەمەلایەنەیان کردە سەر کۆچبەرانی ئەفغانستانی. لەماوەی مانگەکانی ڕابردوودا دەرکردنی کۆچبەرانی ئەفغانستانی بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و تەنها لەماوەی ئەو ٩ ڕۆژەدا کە سەرانی کۆماری ئیسلامی بە ڕواڵەت بۆ دیفاع لە هێرشی حەماس هات و هاواریان دەکرد، زیاتر لە ٢١ هەزار کۆچبەری ئەفغانستانی ڕەوانەی ئەفغانستان کراون. “ئیرنا”، ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو ئەفغانیانەی لە سنوورەکانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی گەڕاونەتەوە، نزیکەی ٣٢٨ هەزار کەس بوون. سەرانی کۆماری ئیسلامی بە زیادەڕەوی سەبارەت بە ژمارەی ئاوارەکانی ئەفغانستان بە ئەنقەست شەپۆلێکی هەستی دژە کۆچبەرییان پەرەپێدا. هەرچەندە وردەکاری وتووێژەکانی نێوان دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و تاڵەبان سەبارەت بە چارەنووسی ئاوارەکان ئاشکرا نەکرا، بەڵام ئێستا دەکرێ تێبگەین کە چ بڕیارێکی نامرۆڤانەیان داوە. سەدان هەزار کەس لەو کۆچبەرانە لانیکەم بەقەد کۆماری ئیسلامی لە ئێران ژیاون و بەشێکی زۆریان لە ئێران لەدایک بوون.
هاوکات لە پاکستان دوامۆڵەت بۆ چوونەدەری کۆچبەرانێک کە زۆربەیان چوار دەیەیە لەو وڵاتە دەژین ڕاگەیەندرا. ئەوەش بە مانای دەکردنی ١ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کۆچبەری ئەفغانستانییە. دەیان هەزار کەس لەوان لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕەوانەی ئەفغانستان کراون و دەوڵەتی پاکستان ئیجازەی پێداون کە تەنیا هەزار و ٥٠٠ ڕووپیە کە دەبێتە ١٦٠ یۆرۆ لەگەڵ خۆیان بەرنە دەرێ و باقیی ئەمواڵیان لەلایەن دەوڵەتی پاکستانەوە زەوت کراوە. ئەمەش لەحاڵێکدایە کە زۆرێک لە کۆچبەرانی ئەفغانستانی، ئێران و پاکستان وەک ڕێڕەو بۆ گەیشتن بە وڵاتێکی ئەمن بەکاردەهێنن. سەختتر بوونی کۆنتڕۆڵی سنوورەکان و دەرکردنیان لەم دوو وڵاتە دراوسێیە، بووەتە هۆی ئەوەیکە گەڕانەوە بۆ ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵەبان، تەنها بژاردەیان بێت.
لەو نێوەدا و لە جەرگەی کارەساتێک کە بەسەر کۆچبەرانی ئەفغانیدا سەپاوە، هاواری “سائمە سوڵتانی” فێمێنیستی ئەفغانستانی دەبیسترێت کە دەنووسێت: „من لەو ژنە ئەنترناسیۆنالیست و سۆسیالیست فێمێنیستانەی ئەفغانم کە لە قووڵایی نابەرابەریی ڕەگەزیی کۆمەڵگایەکی دژەژن و پیاوسالارەوە هەستاوم و ساڵەهایە بەرامبەر بە دێوەزمەی بەهێزی پیاوسالاری و پارێزەرە سەرەکییەکەی واتە ئیمپریالیسم وەستاوم”. سائمە ڕوو بە خەڵکی ئێران دەڵێ: „دراوسێ، دەمهەوێ سڵاوت لێ بکەم. بەم سڵاوە دەمهەوێ سەری قسە لەگەڵ تۆ، لەگەڵ دڵت، وێژدان و زەمیرەت بکەمەوە! نامەی ناڕەزایەتیم لە کاردانەوە بەرامبەر بە ڕەوتی بەرینی دژەئەفغانی و ڕەخنە لە ڕفتاری فاشیستی، شوڤنیسیتی و ناسیۆنالیستی لە کۆمەڵگای ئێرانە دژبە ئینسانی ئەفغانستانی کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەموو ساڵێ بە شکڵی سیستماتیک بەڕێوەدەچێت. ئەم نامەیە ئەو پێوەرانەی جیهانی پیاوسالاری لەوانە ناسیۆنالیسم دەداتە بەر ڕەخنە کە ئینسانەکانی لە بەرابەر هاونەوعەکانیدا کوێر و بێ تەفاوت کردووە. ئەوە دەداتە بەر ڕەخنە کە چلۆن ئاراستەیەکی نگریسی وەک ناسیۆنالیسم و ناسنامەی جۆگرافیایی، ئینسان دەکاتە گورگی ئینسان. وامان لێدەکات کە ژان و خەمی هاونەوعەکانمان نەتەنها دڵگران و ناڕەحەتمان ناکات، بەڵکوو بەپێی تەقسیمبەندییەکی ترسناک، “ئێمە” و “ئێوە” لە ئەشکەنجە و ڕنج و ژانی یەکتر چێژ وەردەگرێن”.
ئەم هاوارە ڕەسایەی مرۆڤایەتی لەلایەن ڕەزا شەهابی ڕێبەری کرێکاری و بەندکراوی سیاسیی ناو زیندانی ئێڤین وڵامی شایستەی پێدراوە. ڕەزا شەهابی دەنووسێ: „سائمە گیان، دراوسێ و هاوچارەنووسی ئازیز، پەیامی سەمیمانەی تۆم بیست. هەروەک دەڵێن، قسەیەک لە دڵەوە بێت لە دڵیش دەنیشێ. دەڵێن شەرم هەستێکی شۆڕشگێڕانەیە، بەڵام نامەکەی تۆ تووڕەیی و شەرم هاوکات هەڵدەخڕێنێ. تووڕەبوون بەخاتری توندوتیژی، دەرکردن و سووکایەتی پێکردنی ڕۆژانە کە بەبیانووی ئەفغانستانی بوونەوە بەڕێوەدەچێت. وە شەرم لەوەیکە لەم کۆمەڵگایەدا منیش ئێرانیم. وە دەزانم لە هەموو ئەم ساڵانەدا بەیەقین زۆر کار بوون کە لەدەستم هاتووە و نەمکردوون. بەڵام دڵم دێتە ژان کاتێک دەبینم بەداخەوە لەناو خەڵکی ستەملێکراوی وڵاتی ئێمە و تەنانەت لەم زیندانەدا، لەناو هێندێک لە چالاکانی سیاسی و سینفی کە دەبێ ئاڵاهەڵگرانی خەبات دژی هەموو جۆرە هەڵاواردنێک بن، بانگەشەی نەفرەت و تەفرەقە و “من” و “تۆ”یی دەکەن. بێگومان نامەی “سائمە سوڵتانی” و وڵامی “ڕەزا شەهابی” ئەوپەڕی مرۆڤایەتین کە هەموو سنوورەکانی جوگرافیا و نەتەوە تێکدەشکێنن.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە