لە درێژەی گوشارەکان بۆ سەر هەلسووراوانی پیشەیی مامۆستایان لە ئێران، سێ مامۆستای دیکە بە بێ هیچ هۆکارێک دەستگیر و بۆ جێبەجێ کردنی سزاکانیان ڕەوانەی زیندان کران.
بەپێی ڕاپۆرتی شورای هەماهەنگی ڕێکخراوی پیشەیی مامۆستایانی ئێران، ڕۆژی دووشەمە ٢٩ی خەزەڵوەر، سێ هەڵسووراوی پیشەیی مامۆستایانی ئۆستانی فارس بە ناوەکانی محەمەد عەلی زەحمەتکێش، ئەفشین ڕەزمجوویی و موژگان باقری بۆ جێبەجێ کردنی سزاکانیان لە ماڵەکەی خۆیاندا دەستگیر کران.
لەم سێ کەسە، محەمەدعەلی زەحمەتکێش، ئەفشین ڕەزمجویی بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری و موژگان باقری بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری سزا دراون.
هەروەها سزای ٢ ساڵ “پابەندی” عەبدولڕەزاق ئەمیری و زەهرا ئێسفەندیاریش چۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
هاوکات، ڕەسوڵ بوداقی، هەڵسووراوی پیشەیی مامۆستایان و یەکێک لە ئەندامانی شواری ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران پاش نیوەڕۆی رۆژی دووشەمە دوای کۆتایی هاتنی مۆڵەتی سێ ڕۆژەی خۆی گەڕایەوە بۆ زیندان.
ڕەسوڵ بوداقی، چاودێری ناوەندی پیشەیی مامۆستایان و ئەندامی شورای هەماهەنگی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران کە لە رێکەوتی ١٠ ی گوڵانی ١٤٠١، لە سەروبەندی حەوتوویی مامۆستا لە ئێران دەستگیر کرا.
ناوبراو لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوودا، لە لایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی کۆ بوونەوە بە ٤ ساڵ و ٦ مانگ زیندان و بە تۆمەتی تەبلیغ بە دژی نیزام بە یەک ساڵ زیندان سزا درا و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چالاکی و ئەندامێتیی لە گرووپەکان و چوونە دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغە کرا.