٦٣ ساڵ بەسەر کوشتنی خوشکەکانی میرابێل لە دۆمینیکن تێپدەپەڕێت. جەنایەتێک کە خەبات بۆ نەمانی توندوتیژی بەرامبەر ژنانی لەئاستی جیهاندا بردە قۆناغێکی تازەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئاڵوگۆڕێک لەم بوارەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کارنامەیەکی یەکجار ترسناکی لە داسەپاندنی توندوتیژی سیستماتیک بەرامبەر بە ژنان لەئاستی جیهاندا تۆمار کردووە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی “کۆڕبەندی ئابووری جیهانی” سەبارەت بە هەڵاواردنی ڕەگەزی لەئاستی جیهان، ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی خوارترین پلەی بەرابەریی جنسیەتی پێدراوە. لە نێوان ١٤٦ وڵاتدا ئێران لە پلەی ١٤٣ و ئەفغانستان لە پلەی ١٤٦دایە. بێمافی و توندوتیژی بەرامبەر ژنان ڕیشەی لە پەیوندی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کلتووری و سیاسیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادایە. لە ئێران ئاستی بەرینی توندوتیژی دژبە ژنان ئەساسەن لە دەسەڵاتداریەتیی ڕژیمێکی سەرمایەداریی مەزهەبییەوە سەرچاوە دەگرێت کە یاساکانی بەپێی حوکمەکانی دین داڕێژراون. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەڕەسمی دژی ژنە و بە داسەپاندنی یاسای ئیسلامی بەردەوام و بەشێوەی سیستماتیک مافی مەدەنی و ئینسانیی ژنان پێشێل دەکات. بە زەوتکردنی هەموو ئازادییەکی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی لێیان، بە توندوتیژیی هەمەلایەنە بەدژی ژنان لە کۆمەڵگا و بنەماڵەدا لەلایەن حکوومەت و پیاوانەوە، مەشرووعیەتی بەخشیوە. ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەی دەسەڵاتەکەی لە کلتووری پرتووکاوی پیاوسالاری لەئاستی کۆمەڵگا تەغزیە دەکات. لە یاساکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا ژنان بەشێکن لە دارایی و مڵکی پیاوان. بەپێی ماددەی هەزار و ١٠٥ی یاسای مەدەنیی حکوومەتی ئیسلامی لە پەیوەندی ژن و شوودا، پیاو سەرۆکی موتڵەقی بنەماڵەیە. هەروەها بەپێی بڕیاری شۆرای نیگەهبان، ژن بەبێ ئیزنی شووەکەی ناتوانێ لە ماڵێ بچێتە دەر تەنانەت ئەگەر مەراسمی ناشتنی باوکیشی بێت. لە ئەگەری سەرپێچیی ژن لە فەرمانی شووەکەی، کە زۆر جار بەهۆیەوە ژنان بەرەوڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لە ناوەندە قەزاییەکاندا بەپێی ئەم یاسایە ژنان مەحکووم دەکەن.
یاساکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی توندوتیژی دژبە ژنان لە کۆمەڵگادا پەرە پێدەدەن و ڕواڵەتی شەرعییان پێدەدەن. ڕووحانیوونی دەسەڵاتدار لە ئێران پەسندکردنی یاسا لەدژی ژنان بەپێی ئەحکامی ئیلاهی وەسف دەکەن و جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگەی ئیسلامی بە زەرووری دەزانن. چونکە ئیدیعا دەکەن کە بە توندوتیژی دژبە ژنان دەکرێ فەساد و بێ بەندوباری لە کۆمەڵگە بەری پێ بگیرێ. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتە ئامارییەکان بێ بەندوباری و فەساد لە ناو جەمیعەتی پیاواندا کە ئاخوندەکانیش بەشێک لەوانن، لەچاو جەمیعەتی ژنان یەکجار زیاترە.
بەپێی ماددەی ٦٣١ی یاسای سزادانی ئیسلامی، ئەگەر پیاوێک هاوسەرەکەی خۆی لەگەڵ پیاوێکی تر لە جێدا ببینێت و بیکوژێت، قەتڵی نەکردووە و هیچ گوناهێکی نییە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ژن ئەم مافەی نییە. ماددەی ٣٠٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت: دیەی قەتڵی ژنێکی مسوڵمان ، بە مەبەستەوە بووبێت یان بەبێ مەبەست، نیوەی دیەی پیاوی مسوڵمانە. یەکێک لەو پرسە گرنگانەی کە دەبێتە هۆی توندوتیژی دژی ژنان لەئاستی کۆمەڵگا، بە یاساییکردنی حیجابی ئیجباری بۆ ژنانە. بەپێی یاسای سزادانی ئیسلامی ئەو ژنانەی کە لە شوێنە گشتییەکان حیجاب لەسەر ناکەن بە ٧٤ زەربە شەللاق مەحکووم دەبن. یاسای بنەڕەتیی ئێرانیش مافی ژنانی لە چوارچێوەی هەر ئەم یاسا کۆنەپەرست و دژەژنەدا بەڕەسمی دەناسێت. ئەمانە تەنها چەند نموونەن لە یاسای دژی ژنی کۆماری ئیسلامی بەپێی بنەماکانی دین کە لەگەڵ کولتووری پیاوسالاریی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە، ئازارەکانی ژنانیان لەئاستی کۆمەڵگەدا پەرەپێداوە. بەم وەسفەوە دەبینین کە لە وڵاتێکی وەک ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی کە چەند هاوسەری، هاوسەرگیریی کاتی، سیغە، جیاکردنەوەی ڕەگەزی، بێبەری کردنی ژنان لە مافی سەرپەرستیی مناڵ کە سەختترین فشارە دەروونییەکان بەسەر دایکاندا دەسەپێنێت، ئەمانە و زۆر نموونەی تر، ئەو توندوتیژییانەن کە بەپێی ئایات و ڕەوایاتی ئایینی ئیسلام، بەسەر ژناندا دەسەپێن.
ئەو کچە کەم تەمەنەی کە زیاتر فکری لای بووکەڵەکەیەتی و بەشوو دەدرێ، ئەو کچە ئازارچێشتووە کە بەسەختی گیانی کوتراوی لەژێر دەست و پێی براکەی دەرباز کردووە، ئەو ژنە لاوەی کە بە واستەی ئاخوندێک لە دەوروبەری حەرەمە “موقەدەس”ەکانی قۆم و مەشهەد جەستە و غرووری هەڕاج دەکرێ، ئەو کچە لاوەی بۆ دابینکردنی ماددەی هۆشبەر بۆ کەسوکاری دەکەوێتە ناو هەمووجۆرە داوێکەوە، هەر هەموویان قوربانییانی ئەو شێوازە لە توندوتیژین کە چارەنووسیان لەلایەن یاسای ئیسلامی، سوننەت، دەوڵەت، باوک، برا و شوو و کلتووری پیاوسالارییەوە دیاری دەکرێت.
توندوتیژی بەرامبەر بە ژن سنوورێک ناناسێ و وەک دیاردەیەکی نگریسی کۆمەڵایەتی، گشت جیهانی داگرتووە و مێژوویەکی هەزاران ساڵەی هەیە. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی نیزامی سەرمایەداریی تێکەڵ بە دەسەڵاتی سیاسیی ئایین، بەرینایی ستەمی ژنان هەموو بوارێکی کۆمەڵایەتی و خسووسیی ژنانی گرتووەتەوە. توندوتیژیی ژنان بە هەموو ناحەزییەکانییەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و پێویستە وەک هەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی دیکە سەرچاوەکەی بناسرێت و بەپێی تایبەتمەندییەکانی بەشێوەی ڕێکخراو و لەئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ خەبات لەدژی، هێزی ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و مرۆڤایەتیی ئازادیخواز بێنە مەیدان. هیچ کەس نابێ ئیجازە بەخۆی بدات کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژن بە بابەتێکی شەخسی، بنەماڵەیی، قەومی، کلتووری و مەزهەبی بزانێت و لە بەدواداچوون و سزا لە ئەماندا بێت. هەر کەس بە هەر شێوەیەک توندوتیژی بەسەر ژندا بسەپێنێ، بێ هیچ پاساوێک پێویستە سزا بدرێت.
تەنها بەهێزی خەباتی ڕێکخراو و یەکگرتووانە بە بەشداریی بەرینترین جەماوەری ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش و ستەمدیدە و پیاوانێک کە مانەوەی ئەم ستەمە بە گوشارێکی ئازاردەر و سووکایەتیی ئاشکرا بە مرۆڤایەتیی خۆیان دەزانن، دەکرێ هەر لەئێستاوە بەشێوەیەکی بەرچاو فەزایەتی ئەمنتر لە ناو ماڵ و پەیوەندییەکی ئینسانیتر لە کۆمەڵگا و فەزایەکی ئەمنتر لە شوێنی کار دابین بکرێت. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا بە پێشەنگایەتیی ژنان و بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە ڕووسەری نە تووسەری، ئازادی، بەرابەری” و بە کردەوەی سەمبولیکی وەک فڕێدان و سووتاندنی ڕووسەری لەسەر شەقامەکان و بە سەما و هەڵپەڕین بەدەوری ئاگر، جوانترین دیمەنەکانی خوڵقاند و پایەکانی ئیدئۆلۆژیکی دەسەڵاتی ئیسلامیی تێکشکاند. ئەم بزووتنەوەیە بە هێرشکردنە سەر بەهێزترین پێگەی ئیسلامی سیاسی بە یاسای سەختی دینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بزووتنەوەی ڕزگاریی ژنی لە ناوچەکە و کۆتایی هێنان بە هەر جۆرە توندوتیژییەکی بەدژی ژنان بردنە قۆناغێکی تازەوە. بەڵام بێگومان بە ڕزگاری لە چنگی نیزامی سەرمایەداری و بە دامەزراندنی نیزامێکی سۆسیالیستی توندوتیژی بەدژی ژنان بۆ هەمیشە لەناو دەچێت. ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەنگاوێکی گرینگە لە ڕەوتی ڕزگاریی لە چنگ نیزامی سەرمایەداری و ڕەهایی ژنان.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە