لە ڕاپۆرتێکدا که بەبۆنەی ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئامادەکراوە، لە دەستپێکی ساڵی ٢٠٢٣ تا ئەمڕۆ ١٠٤ ژن لە ئێران کوژراون، هەر لەم ماوەدا ١٦ ژن لە سێدارە دران و بۆ ١٢٨ ژن سزای شەلاق، بەندکران و سێدارە دەرچووە، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە لانیکەم ٣٠٨ ژنی چالاک لە ئێران دەستبەسەر کراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ١٩٨١ی زایینی، ٢٥ی نۆڤەمبەر وەکوو ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ناودێر کراوە، لەم ڕۆژەدا بە ئیرادەیەکی جیهانییەوە دەبێت هەوڵ بۆ نەهێشتنی توندوتیژیی پشت بەستوو بە ڕەگەز بدرێت. ئەم بۆنەیە بۆ یادکردنەوەی کوشتنی خوشکانی میرابێڵە، کە چالاکی سیاسی لە دۆمینیکان بوون، بزووتنەوە فێمینیستییەکان و چالاکانی یەکسانیخوازی ڕەگەزی هەموو ساڵێک لەم ڕۆژەدا چەندین کەمپینی جیاواز لە جیهاندا بە مەبەستی وشیاری لەسەر بابەتی توندوتیژی ڕێک دەخەن، ژنان لە ئێران چەندین دەیەیە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ نەبوونی هیچ جۆرە ئازادییەک بۆ بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە کەمپینانە ڕووبەرن، زیاتر لە یەک ساڵیشە و دوای کوژرانی ژینا ئەمینی سەرکوتی ژنان و چالاکانی یەکسانی خواز زیاتر بووە.
کوژرانی ١٠٤ ژن لە کەمتر لە ١١ مانگ، بە پاساوی نامووس و شەرەف
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمار کراوەکان، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ زایینیەوە هەتا ئێستا، لانیکەم ١٠٤ ژن لە شارەکانی ئێران لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەی خۆیان یان کەسانی نزیکیان کوژراون. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لانیکەم ٣٤ ژن لەم ماوەدا بە پاساوی نامووس و شەرەف کوژراون. زیاترین ڕێژەی کوشتنی ژنان لە ١١ مانگی ڕابردوودا لە پارێزگای تاران تۆمار کراوە. هەروەها لە پارێزگای ورمێ ١٤ حاڵەت کوشتنی ژنان تۆمار کراوە کە ٩ حاڵەتی بە ناوی نامووس بووە زیاترین ئاماری کوشتنی ژنان بە پاساوی نامووس لەم پارێزگایەدا تۆمارکراوە. لە پارێزگای کرماشان ٨ حاڵەت و لە پارێزگاکانی فارس و کەرەج هەر کام ٧ حاڵەت کوشتنی ژنانی تۆمار کراوە. نیوەی ئەو ژنانەی کە لە ماوەی ڕابردوو کوژراون لە لایەن هاوژینەکانیانەوە کوژران کە دەکاتە ٤٩ حاڵەت، هەروەها ٨ کەس لە لایەن هاوژینی پێشوویان و ٥ کەس لە لایەن دەزگیرانەکانیان کوژراون. دوای هاوژین زیاترین حاڵەتەکان لە لایەن باوک یان برا کوژراون کە دەکاتە ٢٤ حاڵەت. حاڵەتەکانی دیکە لە لایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە کوژراون. کوشتنی ژنان خراپترین شێوازی توندوتیژی دژ بە ژنانە کە لە سەرووی هێرەمە جیاوازەکانی بێزاری ژناندایە. بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی گشتی هەموو حاڵەتەکانی ژن کوژی بەپاساوی نامووس نییە و هەموو حاڵەتەکانی کوشتن لەسەر نامووس تەنیا ژنان ناگرێتەوە، بەڵکوو ژن کوژی ناوی ئەو کوشتنانەیە کە بە هۆی ژن بوونیانەوە دەکوژرێن و کوشتن لەسەر نامووس بەشێک لەم ژن کوشتنانەیە، بەڵام لە زۆربەی قوربانیانی کوشتنی نامووسیدا دەکرێت پیاوانێکیش بکوژرێن. بڵاوبوونەوەی زۆربەی ڕاپۆرتەکانی کوشتنی ژنان لە ساڵانی ڕابردوو بەو مانایە نییە کە لەوانەیە ئاماری ژن کوشتنەکان چووەتە سەرەوە بەڵکوو دەتوانێت بەم هۆکارە بێت کە هەستیارییەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی دروست بووە کە لە دوای کوشتنی ڕۆمینا و ژینا ئەمینی، حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان زیاتر میدیایی دەبێت.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ١٦ ژن لە کەمتر لە ١١ مانگدا
لە سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی، لانیکەم ١٦ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دران کە ٣ کەسیان بە تۆمەتی “پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر” و ١١ کەسیان بە تۆمەتی “کوشتنی بەئەنقەست” لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامییەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. لەم ١٦ ژنە کە لەسێدارە دراون ٤ حاڵەتیان لە بەندیخانەی ئیسفەهان بووە و لە بەندیخانەکانی کرمان، مەشهەد و ڕەجایی شار، هەرکام ٢ حاڵەت تۆمار کراوە. هەروەها لە کەهنووج، زاهیدان یاسوج، هەمەدان و قوم هەرکام یەک حاڵەت تۆمار کراوە.
١٢٨ چالاکی ژن سزای بەندکران، سێدارە و لێدانی شەلاقیان بەسەردا سەپاوە
لە ماوەی ١١ مانگی ڕابردوودا، لانیکەم ١٢٧ ژنی چالاک لە ئێران لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و هەشت کەسیان بە ناوەکانی “فاتمە مێهری” خەڵکی شاری کورد، “لەیلا مەنسوور”، “ناتاشا خزری جەوادی”، “موژگان ئیلانلو” و “فەرناز حەسەنزادە” خەڵکی تاران، “مینا یەعقووبی” خەڵکی ئەراک، “پەریا کەریم عەدنانی” خەڵکی سەقز و “لالە وەهابی” خەڵکی تالش سەرەرای حوکمی بەندکران سزای لێدان بە شەلاقیان بەسەردا سەپێندراوە. سزای لێدان بە شەلاق بۆ لالە وەهابی جێبەجێ کراوە. هەروەها ژنێکی چالاکی بە ناوی “نەسیم نەمازی” لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ورمێیەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە. لە کۆی گشتی ١٢٧ ژنە کە بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە، ٢١ژنی بەهایی و ١٩ ژنی چالاکی کورد بوون، ٢٨ ژن کە سزای بەندکران و قامچیان بەسەردا سەپاوە بە هۆی بەشداری لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری سزایان بەسەردا سەپێندراوە.